ئەو بەکرێگیراوانەی دەیانەوێ کورد لە ئەورووپا ناشرین بکەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
فرسەت سەید شکور 20/04/2022

ئەو بەکرێگیراوانەی دەیانەوێ کورد لە ئەورووپا ناشرین بکەن

نیشاندان و بەهێزكردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە دونیای دەرەوە، لە ڕووی ئارامی و ئاوەدانی و خوێندنەوەی لۆژیکییانە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی و دەستەبەركردنی پشتیوانیی نێودەوڵەتیی زیاتر بۆی، لە سیاسەت و ستراتیژییەت و دونیابینیی مەسرور بارزانیدا، هێندە وردبینانە و ئارام و مەدرووس و دروستە، یەکێتی و نەیارانی كورد و كوردستانی بە رادەیەك شێت و دەهری و تەنگەتاو كردووە كە ملیاران دۆلاری دزراویان بۆ میدیای تەرخان كردووە، تا پێچەوانەی ئەو كارەی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كار بكەن.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمێژە خۆی لە بەرەی نەیاران و داگیركەرانی كوردستاندا یەكلا كردووەتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش، هەموو جۆرە خیانەت و تاوان و كارێكی خراپی كردووە، پەكەكەش هەر لە سەرەتاوە سەركردەكانی بۆ ئەو ئامانجە تەعین كراون كە رێگە نەدەن لە هیچ شوێنێكی دونیادا، كوردستانیان بە ئامانج و خەونی خۆیان بگەن.

وەك زۆربەی بزاڤە دیبلۆماسییەكانی پێشتریشی، دوایین سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەریتانیا و ئەو پێشوازییە گەرمەی لەلایەن بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیران و کاربەدەستانی باڵا و وەزیرانی ئەو وڵاتەشەوە لێی کرا، لەلایەن یەکێتی و ئەو ھێز و لایەنە سیاسییانەی کە ئەرکیان تێکدان و شێواندنی ناو و ناوبانگی ھەرێمی كوردستان ھەرس نەکرا و چاویان بەرایی نەهات بیبینن، چونکە ڕوونە ئەو سەردانانە وەڵامدەرەوە و رووبەڕووبوونەوەی چەندین ئاڵنگاریی ناوەخۆیی و دەرەکییە کە بە پیلان و بەرنامەی داڕێژراو، کاری بۆ کراوە، بە دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە و لەلایەن ھەندێک دەوڵەتی ناوچەکە، بۆ حکوومەتی ھەرێم، بۆیە لە لەندەنیش گێرەشێوێنان بەردەدەنە هەرێمی كوردستان.

پاش ئەوەی بەكرێگیراوان، بە دەیان پیلان و دروستکردنی تەگەرە و کۆسپ نەیانتوانی تۆزقاڵێک لە بەرەپێشچوونەکانی ھەرێمی كوردستان و ڕووبەڕوونەوەی کێشەکان بەرامبەر "پارتی" دروست بکەن، ئێستا لایان ڕوونە کە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارتییش وەك حزب، لەگەڵ دونیای دەرەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا، پەیوەندییەکی پتەو و درێژخایەنیان ھەیە، کە وێڕای خۆڕاگری و گیانفیدایی خەڵكی كوردستان، ئەوەش زامنە بۆ مانەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان.

ڕەنگە ئەوە لای ھەموو کورد بووبێتە واقیع کە تاکە ھێزی سیاسی کە لە ئەورووپا و ئەمریکا و ڕۆژئاوا حسابی بۆ بکرێت پارتییە، لەنێو خەڵكی هەرێمی كوردستانیشدا، لە هەموو هەلبژاردنێكدا پارتی متمانەی زۆرترینی دەنگدەران بەدەست دەهێنێت و هیچ حزبێك ناگاتە داوێنی پارتی لە بەدەستهێنانی متمانەی خەڵكدا، ئەمە لە کاتێکدا ھەموو پەیوەندیی دیپلۆماسیی یەكێتی کۆبوونەوە و پیلانداڕێژییە لەگەڵ خەزعەلی و مالیکی و عەبادی دژی كوردستان، بۆیە ئاشکرایە ھەروەک چۆن شکست بە پیلانگێڕییەکانیان لە ناوەخۆی ھەرێم ھێنرا، لە دەرەوەی کوردستانیش کونسوڵ و نوێنەرایەتیەکان لە ھەولێر، ئەوەیان بۆ حکوومەتی وڵاتەکانیان ڕوون کردووەتەوە کە لەپاڵ بەرەپێشچوونەکانی ھەرێمی کوردستاندا، کۆمەڵێک حزب و لایەنی سیاسیی بەکرێگیراو ھەن دەیانەوێ ئەزموونی دۆڕاو و تیرۆریزمی دەوڵەتانی ئیقیلیمی بگوازنەوە بۆ ناو ھەرێمی كوردستان.

مەسرور بارزانی لە کوێ و ئەوان لە کوێ؟

جووڵە دیپلۆماسی و سیاسییەكانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی دونیا، جیاوازیی دونیابینیی گەورەی مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەو جۆرە لە سیاسییانەی كوردستان دەخاتە ڕوو کە كوردستانیان بۆ دادۆشین و گەندەڵی دەوێت و هیچ دید و ئامانجێكیان بۆ داهاتووی كوردستان نیە، ئەوانەی بەئاشکرا داھاتی شار و زۆنێك دەدزن و پیشەی شەو و ڕۆژیان تەرخانکردنی پارەی دوراوی داھاتی سلێمانییە بۆ مەکتەبی ڕاگەیاندنی حزبەکەیان، بە مەبەستی لێدان لە پێگەی سەرۆکی حکوومەت و حکوومەتی ھەرێم و قەوارەی هەرێم و پارتی، بەڵام ئێستا ھەموان بە ڕوونی ئەو جیاوازییانە و سەرکەوتنەکانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەبینن.

ھەر بۆ زانیاری و وەبیرهێنانەوەش، لە چەند ھەڵبژاردنی ڕابردوو کە لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان سندووقی (ھەڵبژاردن) داندراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرانسەری ئەورووپا، (سوێد، بەریتانیا، نەرویج، فینلەندا، ئەڵمانیا، فەرەنسا..) ئەمریکا و کەنەدا و ئوستراڵیا، بە ھەزاران دەنگ لە پێشەوەی لایەنەکانی دیکە بووە، ئەمە ھۆکاری سەرەکیی پەلەقاژە و پەلاماردانی قاچەکانی پارتییە لە ناوەخۆ و دەرەوەی ھەرێمی کوردستان.