پزیشكێك: بۆ ڕەگەزگۆڕین، دەبێ ڕەچاوی لایەنی دەروونی بكرێت نەك جەستەیی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پزیشكێك: بۆ ڕەگەزگۆڕین، دەبێ ڕەچاوی لایەنی دەروونی بكرێت نەك جەستەیی

دەروونزانی و یاسا: گرفتی هۆرمۆنی، کاریگەریی لەسەر بڕیاری ڕەگەزگۆڕین دەبێت و یاسای عێراقییش ڕێی پێ نەداوە

لە ماوەی ڕابردوودا، چەند گەنجێك بە دەستی خانەوادەكانیان كوژران، دوای ئەوەی ڕەگەزی خۆیان گۆڕیبوو، پسپۆڕێكی جەستەیی بە پێویستی دەزانێت ئەو كەسانەی گرفتی ڕەگەزی و شێواوییان هەیە، گوێیان لێ بگیرێت و بەپێی ئارەزووەكانیان چارەسەریان بۆ بكرێت، پسپۆڕێكی دەروونییش جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەو كەسانە دواتریش دەروونیان ناجێگیر دەبێت، یاساناسێكیش لە ڕووی یاساییەوە باس لە ڕاستكردنەوە و گۆڕینی ڕەگەز دەكات.

لەم بارەیەوە، د. محەمەد سوهەیب، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میز و میزەڕۆ، مامۆستا لە زانكۆی هەولێری پزیشكی،  بۆ (باسنیوز) ئاماژە بەوە دەدات كە دوو هۆكار هەن بۆ ئەوەی هاندەری ڕەگەزگۆڕین بن، یەكەمیان تێكچوونی كرۆمۆسۆماتە، جۆرە كرۆمۆسۆماتێك هەیە تێكەڵە، جەستەیان نە بە ئافرەت و نە بە پیاو دەچێت، تەنانەت ئەندامی زاوزێیشیان تێكەڵە و یەكلا نەبووەتەوە، بۆ نموونە، منداڵدانی نییە، بەڵام ئەندامی زاوزێی وەك ئافرەتانە، لە هەمان كاتدا هێلكەی گونیشی هەیە، ”ئەوانە ڕەگەزی تێكەڵن، ئەوەش یەكەم هۆكارە كە كێشەكەی كرۆمۆسۆماتە، بۆ دووەم هۆكاریش ئەوا هۆكاری دەروونییە كە خۆی لە ڕەگەزێكی دیكە دەبینێتەوە، بۆیە پزیشكیش دەبێت لەگەڵ بیر و دەروونی نەخۆشەكە بڕوات كە ئەو خۆی دەیەوێت چ ڕەگەزێك بێت، نابێت دژی بیركرنەوە و لایەنە دەروونییەكەی بیت''.

ئەو پزیشكە نكۆڵی لەوە ناكات كە ئەو جۆرە تێكەڵە ڕەگەزییە لە كوردستانیش هەیە، بەڵام بەو ڕادەیەی نییە كە ئەوان دەیبینن، لەگەڵ ئەوەش دەڵێت: ”ئەگەری زۆریش هەیە، بەشێكی زۆریان سەردانی پزیشك نەكەن، زۆر جار بۆ حاڵەتی دیكە هاتووە، كەچی دواتر دەركەوتووە، تێكەڵە و تێكچوونی كرۆمۆسۆمی هەیە، لەوانەشە شەرم بكەن بۆ ئەوەی قسە بكەن“، یەك لەو حاڵەتانەش كچێك سەردانی كردووە كە سووڕی مانگانەی نەبووە، بەڵام دەركەوتووە، ڕەگەزێكی تێكەڵە و پێویستی بە چارەسەر هەیە، ”هێلكەی گونی هەبوو، لە هەمان كاتدا ئەندامی زاوزێی هی ژنان بوو، ئەم حاڵەتانە تا ڕادەك ئاسانن، بۆیە دوو هێلكەكەی گونی لادەبەی و بەتایبەت كە ئەندامەكەی مێینەیە، دەستكاری ناكرێت و هۆرمۆنی مێیینەشی پێ دەدەین، بەڵام گرفت لێرە ئەوەیە، بەلای هەر ڕەگەزێك بڕۆیت، ئەوا منداڵی نابێت، چونكە ئەگەر خۆی بكات بە پیاو، سێكس دەكات و تۆوەكەی دەبێت، بەڵام منداڵی نابێت، ئەگەر خۆی بكات بە ئافرەتیش، ڕەحمی نابێت، لەگەڵ ئەوەش دەتوانن ژیانی هاوسەری و سێكسییان هەبێت و هەمان چێژی سێكسییش دەبینن''.

د. سوهەیب ئەوەش ڕوون دەكاتەوە كە ساڵانە یەك بۆ دوو حاڵەت دێنە لایان و ئەگەری ئەوە هەیە بە گشت دكتۆرەكان ساڵی ١٠ بۆ ٢٠ حاڵەت لە كوردستان ببینرێت كە دێنە لایان، سەرەتا پزیشكی دەروونی وەك لێژنە دەیبینێ، تا بزانێت حەزەكەی بە چ لایەنێكدا دەڕوات، دواتر لەبارەی ئەندامەكانی جەستەیەوە دەبێت لێژنە دابنیشێت و بڕیار بدات كە ئەندامەكانی جەستەی بۆ كام لایەن گۆڕینی ئاسانترە، پزیشكی ئافرەتان و پزیشكەی میزەڕۆ سەیری دەكات، لەگەڵ نەخۆشەكە بەتەنیا دادەنیشن و بڕیار دەدەن، كە نەخۆشەكە بە لایەنی چییەوە دەڕوات، ”كاری ئەو لێژنەیەش لەسەر چی وەستاوە، ئەگەر كەسوكاری ئەو نەخۆشە خۆیان كەسەكەیان هێنا و ڕازی بوون بە گۆڕین و وەرگرتنی هۆرمۆنۆتان، بەڵام بەشێكیان كە دێنە نۆرینگە و دواتر بزر دەبن و بە قسەكانمان ڕازی نابن، بەتایبەت ئەوانەی لە گوندەكانن، حاڵەت هەبووە، تووڕە بووە و هاواری كردووە، چۆن ڕەگەزم بگۆڕن، ئەوانە دەبێ لە منداڵی بیانهێنن و سەردانی پزیشك بكەن، چونكە ئەگەر لە منداڵییەوە بیانهێنن، دیاریكردنی ڕەگەز ئاسانترە، بەڵام لە تەمەنی گەورەتر دەیهێنن و خۆی مەیلی بۆ لایەك ڕۆیشتووە''.

لەبارەی گۆڕینی ڕەگەز و نەشتەرگەرییەكەی لە كوردستان، ئەو پزیشكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە كارەكە زۆر زەحمەتە، چونكە نەشتەرگەریی جوانكاریی ئەندامەكانی جەستە و چارەسەری هۆرمۆنیی دەوێت، وەك دەرمان و چارەسەرە هۆرمۆنییەكان لە كوردستان هەیە، لەگەڵ ئەوەش هەندێك نەشتەرگەری هەیە، ئاسانە، وەك هێنانە خوارەوەی هێلكەی گون، ئەگەر خۆی ئەندامی زاوزێی لە ئافرەت نزیك بێت و بیەوێت ببێتە ئافرەت، ئەوا هەندێك جوانكاریی بۆ دەكرێت، بەڵام دەڵێت: ”وەك نەشتەرگەرییەكان لە كوردستان زۆر زەحمەتە، چونكە چینەكی تایبەتمەندی دەوێت كە تەنیا كاریان گۆڕینی ڕەگەزە، بەڵام هەموو بارەكان، پێویستە ئەو كەسەی كە ڕەگەزی دەگۆڕێت، ڕەچاوی لایەنی دەروونییەكەی بكرێت، خۆی چی دەوێت، نەك جەستەی''.

د. میدیا عەبدولخاڵق عوسمان، پسپۆڕی تەندروستیی دەروونی و مامۆستا لە بەشی پەروەردەی دەروونیی زانكۆی سەڵاحەدین - هەولێر، باس لەوە دەكات كە پێشتر ئەم حاڵەتانە بە نەخۆشیی دەروونی دادەنرا، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو فشارەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە بۆ گۆڕینی ڕەگەز، بووەتە كارێكی ئاسایی و لە خانەی نەخۆشییەكان دەرچووە و لادرا، ”ئێستا كردوویانە بە كارێكی ئاسایی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە تەمەنی هەرزەكاریدا كەسەكە مافی ئەوەی هەیە ڕەگەزی خۆی هەڵبژێرێت، بەڵام بەلای كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتییەوە ئەو كارە هەر بە نامۆ دادەنرێت و قبووڵكراو نییە''.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە زۆر تیۆری هەیە، باس لە كێشەی ڕەگەزییەكان دەكات، تێكچوونی هۆرمۆنەكان، یاخود تێسترۆجین، تا حەزی لە لایەنی دیكەیە، بەڵام دەڵێت: ”چارەسەری دەروونی هەیە بە ڕاوێژكردن، بەڵام ئێستا دەبێ چارەسەرەكانی بە لایەنی ئارەزووەكەیدا بچێت، لە ڕووی دەروونییشەوە ئەو كەسە خۆی تێكچوونی هۆرمۆنی هەیە، كەواتە ئەو تێكچوونە كاریگەریی لەسەر بڕیاردانیشی هەیە، بەتایبەت لە تەمەنی هەرزەكاریدا، كەچی ئێستا لە تەمەنی هەرزەكارییشدا لە ئەورووپا دەتوانێت ڕەگەز بگۆڕێت، ئێستا ئەوەش تێكچوونێكە و گرفتێك لە كۆمەڵگە دروست دەكات''.

ئەو پسپۆڕەی دەروونزانی، جەخت لەوە دەكاتەوە، زۆربەی ئەو كەسانەی ڕەگەزیان دەگۆڕن، گرفتیان زۆرە، باری دەروونییان ناجێگرە و چەندین نەخۆشییان تووش دەبێت ”زۆربەیان ئالوودە دەبن، نەخۆشیی خەمۆكی و دەروونیی دیكەیان تووش دەبێت، دەروونیان ناجێگیر دەبێت، ژیانی كۆمەڵایەتییشان ڕێك نابێت''.

بێستوون سلێمان حەمەئەمین موقەدمی مافپەروەر، ئەفسەری کاروباری یاسایی بەڕێوبەرایەتیی ڕەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانی، لەبارەی گۆڕینی ڕەگەز (نێر بۆ مێ، یان مێ بۆ نێر) و ڕاستکردنەوەی ڕەگەز (ئەو کەسانەی کە دووڕەگەزن بۆ ڕەگەزی زاڵ، یاخود شێواویی ڕەگەزییان هەیە بۆ ڕەگەزی دروست)، لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی ئەوەی خستووەتە ڕوو کە ڕەگەزگۆڕین لەو بابەتانەیە کە یاسای عێراقیی بۆ دەرنەچووە و هیچ دەقێکی یاسایی نییە کە چارەسەری ئەم بابەتە بکات، بەڵام بە پشتبەستن بە (ماددەی یەکەم/ بڕگەی دوو) لە یاسای شارستانیی عێراقی ژمارە (٤٠ بۆ ساڵی ١٩٥١) کە باس لەوە دەکات، ئەگەر هات و دەقێکی تەشریعی نەبوو بۆ جێبەجێکردن، پێویستە دادگا پەنا ببات بۆ عورف، ئەگەر بەپێی عورف ئەو بابەتە نەناسراو بوو، پێویستە دادگا پەنا ببات بۆ بنەماکانی شەریعەی ئیسلام، دواتریش قەواعیدی عەدالە، کەواتا تاکەکانی کۆمەڵگای عێراقی ناتوانن ڕەگەزەکەیان بگۆڕن لە نێر بۆ مێ، یان بە پێچەوانەوە، لەبەر ئەوەی کە یاسای عێراقی بێدەنگە بۆ بابەتەکە و هەروەها لە عورفی کۆمەڵگای عێراقیدا گۆڕینی ڕەگەز، کردارێکی نەناسراوە (غیر مألوف)، بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ بنەماکانی شەریعەی ئیسلامی، دەبینین گۆڕینی ڕەگەز لەو کارانەیە کە نەهی لێ کراوە، بە گۆڕان لە دروستکراوەکانی خوای گەورە دەژمێردرێت و پێچەوانەیە لەگەڵ حوکمەکانی شەرع و یاسا و بە ڕەهایی حەرام کراوە. هەروەها ئەوەی کە دەوترێت ڕەگەزگۆڕین تەنیا گۆڕانکارییە لە ڕووکاری دەرەوەی جەستە، چونکە هەریەک لە ڕەگەزەکان (نێر و مێ) پێکەوە لکاوی و تەواوکاری هەیە لەنێوان ئەندامانی دەرەوە و ناوەوەی جەستەیان، هەر بۆیە داواکانی گۆڕینی ڕەگەز لە هەرێمی کوردستان ڕەت دەكرێنەوە.

لەبارەی ڕاستكردنەوەی ڕەگەزییش بۆ ئەو کەسانە، دەکرێت کە دووڕەگەزن (الخنثی) یان شێواوی لە ڕەگەزییان هەیە، ڕاستکردنەوەکە بەپێی حاڵەتی کەسەکە دەکرێت بۆ نێر، یان مێ. بە وەرگرتنی هۆرمۆنات، یان نەشتەرگەری، ئەمەش پاڵپشتە بە ڕێنمایی وەزارەتی تەندروستی، ژمارە (٤ بۆ ساڵی ٢٠٠٢) و دەبێت تەمەنی کەسەکە کەمتر بێت لە (١٨) ساڵ.

ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە، چەند داوایەکی گۆڕینی ڕەگەز لە (نێر بۆ مێ و مێ بۆ نێر) لە بەڕێوبەرایەتیی ڕەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانی تۆمار کراوە و داواکان لە لایەن بەڕێوبەرایەتییەكەیان بەپێی یاسا پووچەڵ کراونەتەوە. دواجاریش بڕیارێکی (سەرۆکایەتیی دادگایی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان/ دەستەی شارستانی) دەرچوو، لەسەر بابەتی ڕەگەز گۆڕین. بە ژمارە (٢٦/ الهیئه‌ العامه‌ المدنیه‌) کە ناوەڕۆکەکەی هەڵوەشاندنەوەی (نقض)ی بڕیارێکی ڕەگەز گۆڕین بوو، هاوكات چەند داوایەکی ڕاستکردنەوەی ڕەگەز تۆمار کراوە پاش بەجێگەیاندنی ڕێکاری یاساییەكان و ڕەوانەکردنی کەسی داواکار بۆ لیژنە پسپۆڕییەکانی پزیشکی، داواکان سەلمێندراوە و یەكلا كراونەتەوە.