ژووری بازرگانی: بڕیارەكانی حكوومه‌ت كاریگەریی باشیان بۆ سەر ژیانی خەڵك دەبێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ژووری بازرگانی: بڕیارەكانی حكوومه‌ت كاریگەریی باشیان بۆ سەر ژیانی خەڵك دەبێت

 سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە لەو ماوەیەدا دوو بڕیاری گرنگ و باشی دەركردووە. بەرپرسێكیش دەڵێت: “بڕیارەكان كاریگەریی باشیان بۆ سەر خەڵك دەبێت”.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌ و پیشەسازیی سلێمانی، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، کە لەدوای جەنگی ئۆکراینا، بەمەبەستی هاوردە کردنی کاڵا بڕیاری د لەدەروازەکانەوە کارئاسانی بۆ بازرگانان بکرێت، حکوومەت بە دەرکردنی بڕیارێک ئاسانکاریی کردووە، بە مەبەستی دروستکردنی لیژنەیەک لەسەر ئاستی پارێزگاکان، بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشە و گرفتێکی بازرگانی، بەتایبەت لە هاوردەکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان".

زیاتر گوتیشی: "وەك ژووری بازرگانی‌ و پیشەسازیی سلێمانی، بە بەردەوامی لەگەڵ بازرگانان لە پەیوەندیداین، بۆ هەر کێشە و گرفتێکی هەیانبێت هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین و هەر بازرگانێک لە سنوورەکان کێشەی هەبێت، دەتوانێ پەیوەندیمان پێوە بکات و هەوڵ دەدەین بەزووترین کات کێشەکانی چارەسەر بکەین".

بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە 17ی4ی 2022 بۆ ماوەی دوو مانگ باج لەسەر  16 جۆر خۆراكی سەرەکی هەڵگیرا، كە بریتی بوون لە “ئارد، برنج، شەكری ورد، چای رەش، رۆنی بەستووی ئاژەڵی، شیری وشكی منداڵان، نۆكی وشك، لۆبیای وشك و پاقلەی وشك، شەكری قەند، زەیتی رووەكی، رۆنی رووەكیی بەستوو، نیسك، فاسۆلیای وشك و ماشی وشك"..

سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی سەبارەت بەو بڕیارە گوتیشی: "بڕیارەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵگرتنی باج لەسەر هاوردەكردنی ئەو 16 جۆر خۆراك و پێداویستییانە لە هەموو رووێكەوە كاریگەریی خۆی هەیە، كار دەكاتە سەر دابەزاندنی نرخەكان و زیاتركردنی هاوردەش".

لای خۆیەوە، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "بڕیاری هەڵگرتنی رەسمی گومرگی تا دوو مانگی دیكە كاری پێدەكرێت و هەموو خاڵە گومرگییەكانیش جێبەجێی دەكەن".

لەبارەی کاریگەریی ئەو بڕیارە لەسەر کۆنترۆڵکردنی نرخی ئەو پێداویستییانە، ساماڵ عەبدولڕەحمان گوتی: "ئەو بڕیارە کاریگەرییەکی باشی دەبێت، چونکە هەموو ئەو خۆراکە سەرەکییانەی، کە خەڵکی بەکاری دێنن، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، گومرگیان لەسەر هەڵدەگیرێت، ئەوەش هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی نرخی ئەو پێداویستییانە بە جێگیری بمێنێتەوە، یان بەشێوەیەک زیاد نەکات، کە کاریگەری و بارگرانی بخاتە سەر خەڵک".

لەسەرەتای مانگی نیسانی 2022دا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەسازیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە ئابوورییە چاوەڕوانکراوەکانی جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا دەست پێكردووە، بەتایبەتی لە بواری هاوردەکردنی گەنم و بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی ئامادەسازیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت کردووەتەوە، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان، تاکو دیاردەی نەمانی بەرهەمە خۆراکییەکان، یان گرانبوونیان لەسەر هاووڵاتییان دروست نەبێت.