كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەو كەسانەی كێشەی گورچیلەیان هەیە نابێت ئەو خۆراكانە بخۆن

”خۆراكە لە قوتوونراوەكان گورچیلەكان ئازار دەدەن“

شارەزایەكی بواری خۆراك، ئاماژە بەو خۆراكانە دەكات، كە بۆ گورچیلەكان گرفتن و ئەو كەسانەی كێشەی گورچیلەیان هەیە، نابێت ئەو خۆراكانە بخۆن.

یاسین گەڵاڵی، شارەزای بواری خۆراك، قوتابیی دكتۆرا و مامۆستای یاریدەدەر لە بەشی زانستە خۆراكییەكانی كۆلێژی ئەندازیاریی كشتوكاڵی لە زانكۆی سەڵاحەدین - هەولێر، بۆ (باسنیوز)، ئاماژە بەوە خۆراكانە دەكات، كە ئەو كەسانەی گرفتی گورچیلەیان هەیە، نابێت بیان خۆن، بەتایبەت لە مانگی رەمەزاندا و دەڵێ “خواردنەوە گازییە ڕەشەکان ڕێژەیەکی زۆر فۆسفۆڕیان تێدایە، کە خێرا دەمژرێن و زیان بە گورچیلە دەگەیەنن، هەروەها ئەڤۆكادۆ، هەرچەندە یەکێکە لە خواردنە بەسوودەکان بۆ پڕۆتین و چەوریی بەسوود، بەڵام ڕێژەیەکی زۆر لە پۆتاسیۆمی تێدایە، کە دەگاتە نزیکەی 690 ملیگرام و واباشە ئەوانەی کێشەی گورچیلەیان هەیە، کەمتر بیخۆن“.

ئەو شارەزایەی بواری خۆراك، ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە خوراكە لەقوتوونراوەکان، بۆ گورچیلەكان كێشەیان هەیە، ئەگەرچی زۆرجار خواردنی ناو قوتوو ئامادە و ئاسانترە، بەڵام هەندێکیان ڕێژەیەکی زۆر لە خوێیان تێدایە، کە گورچیلە ئازار دەدەن، واباشترە ئەگەر کرا ئەوانە بکڕن کە خوێیان کەمە، یان نووسراوە بێ خوێ، یان پێش خواردن بیانشۆنەوە، هەروەها گۆشتی لەقوتوونراو، یان ئامادەکراو. ئەو گۆشتانەی وەکوو سۆسج و هاوشێوەکانی، کە ئەگەر بە زۆری بخورێن زیانیان هەیە بۆ تەندروستی، بە تایبەت بۆ گورچیلەکان، چونکە رێژەکی زۆر خوێیان تێدەکرێت و زیان بە گورچیلەکان دەگەیەنن ”تەنانەت تورشییەكانیش خوێیان زۆر تێدایە و كێشە بۆ گورچیلە دروست دەكەن“.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ، ئەوەش روون دەكاتەوە، كە شیرەمەنییەکان، سوودی زۆریان بۆ لەش هەیە و ماددە خۆراکییە گرنگەکانی تێدایە، بەڵام بۆ ئەوانەی کێشەی گورچیلەیان هەیە، پێویستە کەمتر بیخۆن، دەڵێت: ”یەگ گڵاس شیر نزیکەی 222 میلیگرام فسفۆڕ و 340 ملیگرام پۆتاسیۆمی تێدایە، هەروەها کێشە بۆ ئێسکەکانیش دروست دەکات، کە لەوانەیە پێتان سەیر بێت، بەڵام کاتێک گورچیلەکان باش ئیش ناکەن، ڕێژەیەکی زۆر لە فسفۆر لە خوێن کۆدەبێتەوە و دەبێتە هۆی ڕاکێشانی کالسیۆم لە ئێسکەکان و لاوازکردنیان، بەهەمانشێوە، شەربەتی پرتەقاڵیش ڕێژەیەکی زۆر لە پۆتاسیۆمی تێدایە، باشترە لەجیاتی ئەمە، سێو، یان ترێ، یان تووەکان، یان شەربەتەکانیان بخورێن و بخورێنەوە”.