د.عەبدولحەكیم خەسرەو: لە هەمواركردنەوەی گرێبەستە گشتییەكاندا ملیۆنان دۆلار بۆ حكوومەت گەڕاوەتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

د.عەبدولحەكیم خەسرەو: لە هەمواركردنەوەی گرێبەستە گشتییەكاندا ملیۆنان دۆلار بۆ حكوومەت گەڕاوەتەوە

 "حكوومەت لەپێناو هاووڵاتییان و بە ڕەچاوكردنی بارودۆخی دارایی بەردەوام بڕیاری مژدەبەخش و باش دەردەكات" 

د.عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، لە گفتوگۆیەكی (باسنیوز)دا، چەند پرسێكی تایبەت بە چاكسازی و پەیكەربەندیی حكوومەت و خزمەتگوزارییەكان دەخاتە ڕوو، دەڵێت: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو هاووڵاتییان و بە ڕەچاوكردنی بارودۆخی دارایی، بەردەوام بڕیاری مژدەبەخش و باش دەردەكات، لەوانە، پێداچوونەوە بە خەمڵاندنی باجەكان و داشكانی ڕسووماتەكانی ئاو و كارەبا و پێشینەكان".

سەرەتا  گوتی: "لەم كابینەیەدا گرنگترین هەنگاوی پراكتیكی، كە دەستی پێ كردووە و بەردەوامە، یاسای چاكسازیی ژمارە دووی ساڵی 2020ە، كە پەیوەستە بە مووچە و دەرماڵە و مینحە و سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی، ئامانجمان لە پڕۆسەی چاكسازی هێنانەدیی دادپەروەرییە، نەك بڕینی مووچە و مینحە و ئیمتیازاتی شایستە. سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئەو بوارانەی دەستنیشانی كردوون، كە بۆ ڕاستكردنەوەی هەڵەكانی پێشوو و باشتركردنی ئەدای كاری كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت و بەهێزكردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان پێویستن، بەردەوام جەختی لەسەر كردوونەتەوە و كاری جدیی لەسەر كردوون".

د.عەبدولحەكیم خەسرەو، زیاتر گوتیشی: "وێڕای قەیرانی دارایی و ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی لەبەردەم چاكسازیدا دانرابوون، دەتوانین بڵێین، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەت و دامەزراوەكانی، توانیویانە پارەیەكی زۆر بۆ گەنجینەی گشتی بگەڕێننەوە و لە سەرجەم بوار و سێكتەرەكاندا چاكسازی دەستی پێ كردووە، هەر خۆی لەخۆیدا كەمكردنەوەی خەرجیی زیادە، نموونەیەكی بەرچاوی ئەم چاكسازییانەیە، ئەمە وێڕای كەمكردنەوەی ڕۆتین و هەڵپەساردنی چەندین ڕێنمایی و ڕاسپاردە، كە ئاستەنگی لەبەردەم هاووڵاتییان و كەرتی تایبەت دانابوو. هەڵبەتە ڕێگری و ئاستەنگیش لەبەردەم جێبەجێكردنی چاكسازیدا هەیە، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و تیمەكەی لە ئەنجومەنی وەزیران، سوورن لەسەر جێبەجێكردنی چاكسازی و زاڵبوون بەسەر هەموو كۆت و بەربەستەكاندا”.

سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، بە داتا باس لە چەند بوارێك دەكات، كە چاكسازییان تێدا كراوە و دەڵێت: "لە هەمواركردنەوەی گرێبەستە گشتییەكاندا، بە ملیۆنان دۆلار بۆ گەنجینەی حكوومەت گەڕاوەتەوە، لە پێداچوونەوە بە دۆسیەی خانەنشینی و هەڵوەشانەوەی ئەو خانەنشینانەى بە پلەی وەزیر و بریكار و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی پێداچوونەوەیان بۆ كراوە، كە هەزار و 797 كەیس بوون، مانگانە تەنیا لەم كەیسەدا یەك ملیار دینار بۆ گەنجینەی حكوومەت دەگەڕێتەوە، چونكە هەموواری مووچەیان بۆ كرایەوە، هەروەها دوو هەزار مووچەی خانەنشینی چاكسازیی تێدا دەكرێت، پێداچوونەوەمان بە دۆسیەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسیدا كردووە و لە كۆی 69 هەزار دۆسیە، وردبینیمان بۆ هەشت هەزار و 546 دۆسیە كردووە، لە وەزارەتی پێشمەرگە دۆسیەی هەزار و 18 شەهیدی شەڕی داعشمان گواستووەتەوە سەر وەزارەتی شەهیدان و لە دۆسیەی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە وردبینی بۆ دوو هەزار و 424 كەس كراوە و لە قۆناغی دووەمدا زیاتر لە دوو هەزار خانەنشینی سەربازی و كۆچكردوو، لیستی مووچەیان گواستراوەتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین، لیستی كەمئەندامانیشمان لەوانەی شایستە نین پاك كردوونەتەوە و لە 86 هەزار و 227 كەس، كە تا سەرەتای ئەمساڵ لەناو لیستی كەمئەنداماندا بوون، 14هەزار و 896 دۆسیە ناشایستە بوون و لە لیستەكە دەركراون.

ئاشكراشی كرد، بۆ قەرزە بازرگانییەكانیش چەند رێكارێك گیراونەتە بەر، گوتیشی: "یەكێك لە كارە جوان و یاساییەكانی ئەم كابینەیە لە بواری چاكسازیدا، گەڕانەوەی ئەو قەرزە بازرگانییانەیە، كە دراون و موڵك و مافی دەوڵەتە بگەڕێنرێنەوە و چیتر بە پاساوی جۆراوجۆر خاویی لە دانەوەیاندا نەكرێت، بۆ ئەم مەبەستە، ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی یاسایی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە بازرگانییەكان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی داد، كار بۆ گەڕانەوەی 497 ملیار دینار قەرزی بازرگانی دەكەن، 387 ئەسلی قەرزەكەیە و 497 سودە، کۆی قەرز دەگاتە  884 ملیار دینارو تاكو ئێستا نزیكەی هەشت ملیار دیناری گەڕاوەتەوە، كە دەگاتە لە 10%ی كۆی قەرزەكە، بۆ ئەم مەبەستە 184 دۆسیەمان هەیە و 124ی لە قۆناغی ئاگاداركردنەوەی قەرزارەكانە و 64 ڕەهنی قەرزارییش فرۆشراون، یان لە حاڵەتی فرۆشتندان، هەنگاو بە هەنگاو هەموو قەرزەكان دەگەڕێنینەوە و ئەوەی نەیگەڕێنێتەوە بە یاسا و دادگا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت".

بەرپرسەكەی ئەنجوومەنی وەزیران روونی كردەوە، لە بواری ڕۆتین و سكاڵای هاووڵاتییاندا كاری باش كراوە، گوتیشی: "لە كاری مامەڵە و سكاڵای هاووڵاتییاندا، تواندراوە چەند هەنگاوێكی گرنگ بنرێت، بۆ نموونە، پۆرتاڵی خزمەت و سكاڵای ئەلیكترۆنی، كە لە هەندێك لە وەزارەتەكاندا جێبەجێ دەكرێت و ڕاستەوخۆ وەڵامی هاووڵاتییان دەدرێتەوە و بەدواداچوون بۆ سكاڵا و داواكارییەكانیان دەكرێت، هاوكات تەرخانكردنی ڕۆژێك بۆ بەدواداچوونی كاری مامەڵەی هاووڵاتییان بە ڕاستەوخۆ، یان گرنگیدان بە پۆستی ئەلیكترۆنی و مامەڵەی ئەلیكترۆنی، ئەمانە هەمووی ڕۆتین و كات و خەرجیی مامەڵە كەم دەكەنەوە و كاتی هاووڵاتی بەفیڕۆ نادرێت، لە لایەكی دیكەوە، هەڵگرتنی زۆربەی هەرە زۆری ئەو ڕۆتین و كارە زیادانەی، كە بە هاووڵاتییان دەكرا، یان لەبەردەم مۆڵەتدان بە كەرتی تایبەتدا هەبوو، زۆربەی هەرە زۆری هەڵگیراوە،”.

گوتیشی: “كردنەوەی فەرمانگەكانی وەكو پاسپۆرت و كارتی نیشتمانی و بگرە گرنگیدان بە ئیدارە سەربەخۆكان و كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان، یان پێدانی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ لە دیوانی وەزارەتەكانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئەو ئیدارە سەربەخۆیانە لەلایەن خودی وەزیرەكانەوە، ئەمانە هەمووی كار و هەنگاوی باشن، لە زەمەنێكی قورس و ماوەیەكی كەمدا نراون".

باسی لەوەش كرد، پێداچوونەوە بە هەیكەلی وەزارەت و دەستە و فەرمانگەكانی حكوومەت دەكرێت، گوتیشی: "هەیكەلی دامەزراوەكانی حكوومەت گەورەن و بە یەك ستاندار دانەندراون، بەپێی بڕیاری ژمارە 33ی ئەنجوومەنی وەزیران، پێداچوونەوە بە هەیكەلی وەزارەت و دامەزراوەكانی حكوومەتدا دەكەین، لێژنەی تایبەتمان داناوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەكان كاریان كردووە و دەركەوتووە، ناهاوسەنگییەكی گەورە لەنێوان وەزارەت و وەزارەتێكی دیكە، یان فەرمانگەكانی نێوان وەزارەتەكاندا هەیە، بۆ ئەم مەبەستە، مۆڵەتی گواستنەوەی ڕاژەمان لەنێوان هەندێك وەزارەتدا كردووەتەوە، بەشێك لە كارەكانمان تەواو كردووە و بەشەكەی دیكەش لەداهاتوویەكی نزیكدا دەست بە جێبەجێكردنی دەكەین و هەوڵی ئەوە دەدەین، كە بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندێتی، وەزارەتەكان بە یەك ستاندارد و میكانیزم كار بكەن".

سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ئاماژەی بەوەش دا، حكوومەت بۆ خزمەتی هاووڵاتییانە، بۆیە چەندین بڕیاریش لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دراون، گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو هاووڵاتییان و بە ڕەچاوكردنی بارودۆخی دارایی، بەردەوام بڕیاری مژدەبەخش و باش دەردەكات، لەوانە پێداچوونەوە بە خەمڵاندنی باجەكان و دانەوەی داشكان بە رێژەی لە 15%ی ڕسووماتەكانی ئاو و كارەبا و پێشینەكان، كە كۆمەڵێك بڕیارە و لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندایە، لێرەدا دەبێت ڕەچاوی ئەوە بكەین، كە تێچوونی خزمەتگوزارییە گشتییەكان لەسەر حكوومەت زۆرە، دەبێت هاووڵاتییان پابەندی پێدانی ئەو ڕسووماتانە بن، كە لە هەموو كاتێكدا پاڵپشتیی نرخەكەی كراوە، واتا كرێی كارەبا و ئاو و ئەو خزمەتگوزارییە گشتییەی هاووڵاتی دەیدات، تێچوونەكەی چەندین جار زیاترە لەسەر حكوومەت، لەگەڵ ئەمەشدا، بەردەوام حكوومەتی هەرێمی كوردستان كارئاسانی دەكات".