بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە سبەیەوە بۆ ماوەی دوو مانگ باج لەسەر 16 جۆر خۆراكی سەرەکی هەڵدەگیرێت، بەمەش نرخی ئەو جۆرە خۆراکانە لە بازاڕ دادەبەزێت.
بەپێی نووسراوێكی بەرێوەبەرایەتی گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان، كە ئەمڕۆ 16ی 4ی 2022 دەرچووە و بۆ گشت خاڵە سنووری و گومرگییەكان نێردراوە، ئاماژە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كراوە بۆ لابردنی باج لەسەر 16 جۆر خۆراكی سەرەكی.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە " لە سبەیەوە 17ی 4 بۆ ماوەی دوو مانگ گومرگ لەسەر خۆراك و پێویستییەكانی وەك "ئارد، برنج،شەكری ورد، چای رەش، رۆنی بەستووی ئاژەڵی، شیری وشكی منداڵان، نۆكی وشك، لۆبیای وشك و پاقلەی وشك،شەكری قاڵب، زەیتی رووەكی، رۆنی رووەكی بەستوو، نیسك، فاسۆلیای وشك و ماشی وشك". هەڵدەگیرێت".
رۆژی 6ی نیسانی 2022 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، ئەو بڕیارەی دابوو.
بڕیارەكە بۆ رووبەڕوبوونەوەی هەر قەیرانێكی چاوەڕوانكراوە لە بواری بەرهەم و پێداویستییە خۆراكییە سەرەكییەكان، بەهۆی جەنگی روسیا- ئۆكرانیاوە و بۆ رێگەگرتنە لە گرانبوونی نرخ لە بازاڕەكاندا.