تورکیا دووەم گەورەترین ھێزی ھاوپەیمانیی ناتۆیە، ھاوکات ناوەندێکی گەورەی ئابووری و بازرگانیی جیھانییە، بە جۆرێک، ھەرێمی کوردستان و عێراق و بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبەستێتەوە.
لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و بەھێزبوونی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکە، تورکیا یەکێک بوو لەو دەوڵەتانەی بەگرنگییەوە لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەیڕوانی.
دوای پڕۆسەی دەرھێنانی نەوت و کرانەوەی ئابووریی سەربەخۆی ھەرێم، تورکیا خۆی وەک ھاوبەشی سەرەکی و نزیک و گەورەی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکە ناساند، لە ھەموو ئەو پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییانەی کە تورکیا تا ئێستا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیبوە، بە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک مەسعود بارزانی ھاتوونەتە دی.
ئێستا کە ھەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەریی ئالنگارییە ناوچەییەکاندایە، ڕەنگبێ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی خۆی وەک ھەرێمێکی دەستووری و یاسایی، بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەکان، باشترین بژارە بێت، چ لە ڕووی بەھێزکردنی ڕۆڵی خۆی، یان باشترکردنی رەوتی ئابووریی سەربەخۆی خۆی.
لەو ڕوانگەیەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە ھەوڵ و ئارمانجەکانی بۆ کرانەوە و فراوانتربوونی پەیوەندییەکانی ھەرێم بووە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوا.
پیشاندانی پێگەی ھەرێمی کوردستان بە دونیای دەرەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئارامی و ئاوەدانی و خوێندنەوەی لۆژیکییانە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی، لە سیاسەت و ستراتیژییەت و دونیابینیی مەسرور بارزانییدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەم پێشوازییەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە مەسرور بارزانی لە تورکیا و دوایین سەردانەکان بۆ ئیمارات و قەتەر و بەحرەین و ئەورووپا، جیا لەوەی خاڵێکی ئەرێنیی بەھێز و گرنگە، ھاوکات ئەو سەردانانە وەڵامدەرەوەی چەندین ئالنگاریی ناوەخۆیی و دەرەکییە، کە بە پیلان و بەرنامەی داڕێژراو، کاری بۆ کراوە، بە دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە و لەلایەن ھەندێک دەوڵەتی ناوچەکە، بۆ حکوومەتی ھەرێم. لە ھەمان کاتدا، ئەو پەیامەشیان بە دەسەڵاتدارانی عێراق دا، کە ھەرێمی کوردستان، پێگە و تواناکەی لەوە گەورەترە، بە بڕیاری شۆڤێنییانە و سیاسییانەی بە ناوی یاساوە! کێشەی بۆ دروست بکرێت.
بێگومان ئەم جووڵە دیپلۆماسی و سیاسییانەی سەرۆکی حکوومەت، جیاوازیی دونیابینیی گەورەی مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەو جۆرە لە سیاسییانەی كوردستان دەخاتە ڕوو، کە كوردستانیان بۆ دادۆشین و گەندەڵی دەوێت و هیچ دید و ئامانجێكیان بۆ داهاتووی كوردستان نیە، ئەوانەی بەئاشکرا داھاتی شار و زۆنێك دەدزن و پیشەی شەو و ڕۆژیان تەرخانکردنی پارەی بردراوی داھاتی سلێمانییە بۆ مەکتەبی ڕاگەیاندنی حزبەکەیان، بە مەبەستی لێدان لە پێگەی سەرۆکی حکوومەت و حکوومەتی ھەرێم و هەوارەی هەرێم، بەڵام ئێستا ھەموان بە ڕوونی ئەو جیاوازییانە و سەرکەوتنەکانی دەبینن.