كێ مریشكەكەی بردووە، یەكێتی یان پارتی؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەرمن ئەحمەد 14/04/2022

كێ مریشكەكەی بردووە، یەكێتی یان پارتی؟

رەنگە من ئاگادار نەبم و لە رەوشەكە حاڵی نەبووبم، بەڵام تكایە ئێوە بەوردی تێمبگه‌یەنن، ئەو ناوچه‌یەی ناویان ناوە (زۆنی سەوز) و نغرۆی سەدان كێشە و گیروگرفتی جۆراوجۆر بووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تیایدا باڵادەست و دەستڕۆیشتوو و كول فی كولە، یان پارتی دیموكراتی كوردستان؟ چونكە لە هەر قەرەباڵغی و خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكدا كە لەو زۆنە دێتە ئارا، دەبینم لەلاوە! خەڵكێك دەنێرنە بەردەم مایكەكان و رووی رەخنە و ناڕەزاییان لە پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە!

له ‌براده‌رێكم پرسی: ئه‌رێ به‌ڕاست خه‌تای پارتییه‌ وا سلێمانی و زۆنەكە نوقمی سەدان كێشه‌ بووەته‌وه‌؟ ئه‌ویش وەڵامی دامەوە: ”به‌ڵێ بەدڵنیاییەوە خه‌تای پارتییه‌! چونكه‌ پارتی هه‌موو جومگه‌كانی دەسەڵاتی ئەو زۆنەی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌! پارتی حزبی حاكمی موتڵەقە لەو شارە، بەرپرسانی یەكەم و دووەمی هەموو دەروازە سنوورییەكان و فەرمانگەكان و داوودەزگاكان و بانكەكان، هەموویان پارتیین! دەزگا ئەمنیەكانی سلێمانی و زۆنی سەوز، بە ئاسایش و زانیاری و دژەتیرۆرەوە، ئەوانیش هەر هەموویان ئەندامی پارتیین!“

منیش لە وەڵامی ئەو برادەرەدا بە پێكەنینەوە پرسیم:
- تۆ بەڕاستتە یان خۆت دەتەوێ بە تەنزەوە وەڵامم بدەیتەوە؟
گوتی: هیچ گاڵتەت لەگەڵ ناكەم، زۆریش بەڕاستمە!
پرسیم: چۆن ئەو بڕوایەت لا دروست بووە؟
گوتی: من بەردەوام موتابەعەی میدیای یەكێتی و میدیای سەربەخۆ و بێلایەن و ئەهلیی ئەم زۆنە دەكەم، تەنانەت موتابەعەی میدیای حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانیش دەكەم، میدیای سەر بە پەكەكەشم ئاگا لێیە، هەر هەموویان دەڵێن ئەم كێشە و قەیرانانەی زۆنی سەوز، هەر هەمووی خەتای پارتییە!

هەمبەر بەو قسانەی ئەو برادەرەم، هیچم پێ نەبوو بۆ گوتن و قەناعەت پێهێنانی، بۆیە لێم پرسی:
برادەر گیان، تۆ چیرۆكی مریشك و قازییه‌كه‌ت بیستووه‌؟
برادەرەكەم گوتی: نەخێر نەمبیستووە، دەكرێ بۆم بگێڕیتەوە؟
گوتم: رۆژێكیان پیاوێك مریشكێكی سه‌ربڕاوی پێده‌بێت، ده‌چێت بۆ دوكانی مریشكفرۆشێك و داوا له‌ دوكانداره‌كه‌ ده‌كات، مریشكەكەی بۆ پاك بكات و خاوێنی بكاتەوە و بۆی پارچه‌ پارچه‌ بكات. كابرای مریشكفرۆش پێی دەڵێت: بان چاو، مریشكەكەت بەجێ بێڵە و دوای سەعاتێك وەرەوە.

كابرای خاوەن مریشك دەڕوات، دوای ئەو، قازییه‌ك بەلای دوكانی مریشكفرۆشەكەدا تێدەپەڕێت و بە دوكاندارەكە دەڵێت: مریشكێكی باشم بده‌رێ!
یارۆی مریشكفرۆش بە قازی دەڵێت: جەنابی قازی بەخوای مریشكمان نەماوە، تەنیا ئەم مریشكەی لێیە ئەویش هی پیاوێكە هێناویەتی و بۆم پاك و پارچە پارچە كردووە و دەمێكی تر دێتەوە بۆی دەیباتەوە.
قازییش بە مریشكفرۆشەكە دەڵێ: تۆ ئەو مریشكە بدە بە من، كە خاوەنەكەی هاتەوە بۆی پێی بڵێ مریشكەكەت فڕی و رۆیشت، ئەگەر شكاتیشی لێ كردیت خەمت نەبێ، شكاتەكەی دەگاتە لای من و منیش ناهێڵم هیچ سزایەك بدرێیت!

كاكی مریشكفرۆش قەناعەت بە قسەی قازی دەكات و ئیدی قازی مریشكەكە دەبات.. كاتێك خاوەنی مریشكەكە دەگەڕێتەوە بۆ دوكانەكە، یارۆی مریشكفرۆش پێی دەڵێت: بەداخەوە مریشكەكەت فڕی و دیار نەما!
خاوەنی مریشكەكە تووڕە دەبێت و دەڵێت: تۆ شێت بوویت! مریشكەكەی من سەربرو بوو، چۆن توانی بفڕێت؟
بە هەرحاڵ پاش دەمەقەڵەیەكی زۆر، هەردووك دەچن بۆ لای قازی، تا بڕیاری یەكلاكەرەوە لەو كێشەیە بدات.

له‌ ڕێگه‌ی ڕۆیشتنیان، دەبینن موسڵمانێك و جوویێك شه‌ڕیانه‌، كابرای مریشكفرۆش ویستی ناوبژییان بكات، بەڵام لەو بێنەوبەردەیەدا په‌نجه‌ی چوو بە چاوی كابرای جوودا و چاوێكی كوێر كرد.‌ خه‌ڵكی ئەو گوزەرە كۆ بوونه‌وه‌ و كابرای مریشكفرۆشیان په‌لكێش كرد تا بیبه‌نه‌ به‌رده‌م قازی، مریشكفرۆشەكە له ده‌ستیان هه‌ڵهات و خۆی كرد به‌ مزگه‌وتێكدا و چووه‌ سه‌ر قادرمەی گوتارخوێندن، خەڵك دوای كەوتن، كابرای مریشكفرۆش خۆی هه‌ڵدایه‌ خواره‌وه‌ و كه‌وت به‌سه‌ر پیاوێكی بەتەمەندا و پیاوەكە گیانی لەدەست دا.

كوڕی پیاوە بەتەمەنە مردووەكە بە هاوكاریی ئەو خەڵكە، كابرای مریشكفرۆشیان دەستگیر كرد و بردیان بۆ لای قازی.. كاتێ قازی كابرای مریشكفرۆشی بینی، پیكەنینێكی هات، بەڵام نەیزانی مریكفرۆشەكە، ئێستا سێ تاوانی لە ئەستۆیە، كاتێ رووداوەكانی بۆ گێڕایەوە و شكاتەكانیان لێ كرد، قازی كەمێ بیری كردەوه‌ كه‌ چۆن ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات لەكاتێكدا لە سەرەتاوە خۆی‌ شه‌ریكه‌ تاوانه‌.

قازی بە ئامادەبوانی گوت: كێشه‌كان یه‌ك یه‌ك چاره‌سه‌ر دەكەین و حوكمیان لێ دەدەین، جارێ با سكاڵاكەری یەكەم بێتە پێشەوە كە خاوەنی مریشكەكەیە... كابرای خاوەنی مریشكەكە گوتی: قوربان مریشكێكم برد بۆ ئەو پیاوە سەربڕاو بوو، گوتم بۆم پاك بكە و پارچە پارچەی بكە، كەچی كە چوومەوە پێم دەڵێ مریشكەكەت فڕیوە؟ جەنابی قازی مریشك مردارەوەبوو چۆن دەتوانێ بفڕێت؟
قازی لێی دەپرسێت: تۆ باوه‌ڕت به‌ خودا هه‌یه‌؟
خاوەنی مریشكەكە دەڵێ: چۆن باوەڕم پێی نیە، بەڵێ باوەڕی تەواوم بە خودای گەورە هەیە.
قازی دەڵێ: خودای گەورە خالق و قادرە، خودا ئێسكی رزیوی نێو قەبر زیندوو دەكاتەوە، ئیتر مریشكێك چیە؟ بڕۆ تۆ هیچت لای ئەم مریشكفرۆشە نیە.

قازی هاوار دەكات، سكاڵاكەری دووەم بێتە پێشەوە كە پیاوە جووەكەیە، شەكوای دڵی خۆی دەكات و دەڵێ: جەنابی قازی من شەڕم لەگەڵ پیاوێكی موسڵمانی تردا بوو، كەچی ئەم هات و چاوێكی كوێر كردم!
قازی حوكمی خۆی دەدات و ده‌ڵێت: تۆش دەبێ چاوێكی ئەم پیاوە مریشكفرۆشە كوێر بكەیتەوە، چونكە چاوێكی كوێر كردوویت! بەڵام دەبێ بزانیت تۆ شەڕت لەگەڵ موسڵمانان كردووە، واتە تاوانباریت، دەبێ چاوێكی تۆش كوێر بكرێت!
كابرای جوو، بۆ ئەوەی چاوەكەی تریشی كوێر نەكرێت، سكاڵاكەی كشاندەوە و هیچی نەویست.

كابرای سكاڵاكەری سێیەم دێت، كە كوڕی پیاوە بەتەمەنەكەیە كە مریشكفرۆشەكە لە مزگەوت كەوت بەسەریدا و مرد، كوڕەكە بە قازی دەڵێ: قوربان ئەم پیاوە لە مزگەوت خۆی هەڵدا بەسەر باوكمدا و ئیتر باوكم گیانی لەدەست دا.
قازی بە كوڕەكە دەڵێت: زۆر باشە، تۆش تاوانبارەكە ببەرە هەمان شوێن لە مزگەوت و لەسەر قادرمەكەوە خۆت هەڵدە بەسەریدا و مافی خۆت وەربگرەوە لێی!
كوڕه‌كه‌ ده‌ڵێت: ئاخر جه‌نابی قازی، ئه‌گه‌ر من خۆم هەڵدا و كابرا به‌لای ڕاستدا یان چه‌پدا خۆی لادا، ئه‌وكات من ده‌مرم.
قازی دەڵێت: ئه‌ی بۆچی كاتێ ئەم پیاوەی خۆی هەڵدایە خوارەوە باوكت هیچ نه‌جووڵا له‌ جێگای خۆی؟
كوڕه‌كه‌ش گوتی: من هیچم ناوێت له‌ سكاڵاكه‌م پاشگه‌ز بوومه‌وه‌!

خوڵاسەی كەلام، یەكێتی لە زۆنی سەوز لە هەموو كەموكوڕی و تاوانەكاندا بەرپرسیارە وەكوو مریشكفرۆشەكە، بەڵام میدیای یەكێتی و پاشكۆكانی، رێك وەكوو قازییەكە بۆی دەبر دەكەن و تاوانەكەی لەئەستۆ لادەدەن!