پرۆژەیەك كاری تێدا دەكرێتەوە و ئاو بۆ 75 هەزار هاووڵاتی دابین دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پرۆژەیەك كاری تێدا دەكرێتەوە و ئاو بۆ 75 هەزار هاووڵاتی دابین دەكات

 "لە لایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕە پارەیەكی تری بۆ تەرخان كراوەتەوە" 

پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان دوای وەستانی، دەستی بە كار كردووەتەوە، كە توانای هەیە ئاو بۆ 75 هەزار هاووڵاتی دابین بكات. بەرێوەبەری گشتی ئاویش ئاشكرای كرد، ئەمساڵ لە لایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕە پارەیەكی تری بۆ تەرخان كراوەتەوە و پڕۆژەكە لەو ماوەیە دەستی پێكردووەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، لە راگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە، پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان، كە لە ساڵی 2014ەوە دەستی پێ كردووە، بەڵام بەهۆی پەتای كۆرۆنا و لێكەوتە ئابوورییەكانی لە كار وەستا، لەكاتێكدا 60%ی كارەكانی جێبەجێ‌ كرابوو، بڕیارە جارێكی دیكە دەستی پێ‌ بكرێتەوە و تەواو بكرێت.

ئاماژە بەوەش كراوە، پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە سەرپەرشتیكردنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری سلێمانی، لەلایەن كۆمپانیای ئۆهیتانی توركی بە 19 ملیۆن و 799 هەزار و 100 دۆلار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ‌ دەكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی بەشی پرۆژەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، 75 هەزار كەس لە دانیشتوانی دەربەندیخان و دەوروبەری سوود لەو پرۆژەیە وەردەگرن، چونكە "لە وەرزی هاویندا، كە ئاستی ئاوی دەربەندیخان دادەبەزێ‌ و ماددە قوڕسەكان لە سەرچاوەكە زیاتر دەبن، بەوەش هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە كێشەی پیسبوونی سەرچاوەی ئاویان بۆ دروست دەبێ، جگە لەو مەترسییەی دەكەوێتە سەر تەندروستییان. بە جێبەجێكردن و تەواوكردنی ئەو پرۆژەیە، تەواوی ئەو كێشانە چارەسەر دەبن".

پرۆژەی ستراتیژیی ئاوی دەربەندیخان لە دوو بەشی سەرەكی پێك دێت، كە بەشی وەرگر و بەشی پاڵاوتن و چارەسەركردنن، كە بە هێڵێكی سەرەكی بەستراونەتەوە لە بۆڕیی كاربۆن ستیل، بە تیرەی 500 ملیم و بە درێژیی 2.8 كیلۆمەتر، پرۆژەكە دوو هێڵی دابەشكردنی ئاوی هەیە بە تیرەی 400 ملیم و درێژیی 250 مەتر و 300 ملیم، بە درێژیی 1800 مەتر.

لە راگەیاندراوەكەدا ئەوەش هاتووە "بەپێی زانیارییەكانی بەشی پرۆژەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، جگەلەوەی پرۆژەكە 60%ی جێبەجێ كراوە، بە ڕێژەی 90%یش كاری ئەندازەی شارستانی و 100% كاری دیزاینی تەواو بووە، ئێستا كۆمپانیای بەڵێندەر سەرقاڵی دابینكردنی ئەو كەلوپەلانەیە، كە پێویستن بۆ تەواوكردنی بەشی كارەبا و میكانیكیی پرۆژەكە و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بە كارەكانی بكات".

لای خۆیەوە،  ئاری ئەحمه‌د، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو پڕۆژەیە بۆ دەربەندیخان و دەوروبەری گرنگە، بەهۆی قەیرانی داراییەوە كارەكانی وەستابوون، دووبارە دەست بە كاركردن كراوەتەوە و بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا تەواو بكرێت".

زیاتر گوتیشی: " 50% بۆ 55%ی پڕۆژەكە جێبەجێ كراوە، ئەمساڵ لە لایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕە پارەیەكی تری بۆ تەرخان كراوەتەوە و پڕۆژەكە لەو ماوەیە دەستی پێكردووەتەوە و بڕیار لە ماوەیەكی نزیكدا كارەكانی تەواو بكرێت".