بۆچی خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق لە توركیا موڵك دەكڕن؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بۆچی خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق لە توركیا موڵك دەكڕن؟

 بەپێی ئامارە فەرمییەكانی توركیا خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان لە ریزبەندی پێشەوەی ئەو وڵاتانە دێن، كە لە توركیا موڵك دەكڕن. شارەزایەكی خانووبەرەش ئاشكرای كرد، زۆرێك لەوانەی لە توركیا  موڵك دەكڕن بۆ بەدەستهێنانی مافی مانەوە و وەرگرتنی پاسەپۆرتە، ئەو ئەو دوانە 30 هەزار دۆلار دەكات.

بەپێی ئامارێكی فەرمی، لە ساڵی ڕابردوودا 68 هەزار و 600 موڵك لە توركیا بە ‏كەسانی بیانی فرۆشراون، لە نێویاندا عێراقی و خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ریزبەندی پێشەوەی ئەو لیستەن.

بەڕێوەبەری  گشتیی تۆماری خانووبەرەی توركیا ‏ڕایگەیاند: "فرۆشی موڵك بە كەسانی بیانی لە ساڵی 2018ەوە بەشێوەیەكی بەرچاو ‏زیادیكردووە و عێراقییەكانیش موڵكی زۆر دەكڕن".

بەپێی ئامارەكان، لە ساڵی 2021دا 68 هەزار و 600 موڵك بە كەسانی بیانی فرۆشراون، ‏لەوانە 64 هەزار و 500یان شوێنی نیشتەجێبوون بوون، نزیكەی چوار هەزاری پارچە ‏زەوی بووە، كۆی گشتیی بەهاكانیان بە 40 ملیار لیرەی توركی دەخەمڵێندرێت.‏

ئاشكراشیكرد، هاوڵاتییانی عێراق بە (هەرێمی كوردستان)یشەوە لە ڕیزبەندیی پێشەوەی كڕیارانی موڵكن لە ‏توركیا لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، بەدوایاندا ئێران، ڕوسیا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ‏ئەفغانستان دێن.‏

شارەكانی ئیستەنبوڵ، ئەنتاڵیا، ئەنقەرە و مۆگلا، لە ڕیزبەندیی ‏ئەو شارانەی توركیادان، كە زۆرترین موڵكیان تێدا فرۆشراوە بە كەسانی بیانی.‏

لای خۆیەوە سەردار ئازاد، شارەزای بواری خانووبه‌ره‌ بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ساڵانە لە توركیا خەڵكی عێراق لە كڕینی موڵك لە پلەی یەكەم یان دووەمە، خەڵكی هەرێمی كوردستانیش بە رێژەیەكی زۆر موڵك لە توركیا دەكڕن بەتایبەت خەڵكی هەولێر و توركمانەكان و بەشێكی خەڵكی دهۆكیش".

ئاماژەی بەوەدا، بەشێك لەوانەی موڵك لە توركیا دەكڕن بۆ بەدەستهێنانی مافی مانەوە(ئیقامە) و بە دەستهێنانی پاسپۆرتن، گوتیشی: " یەكەكانی نیشتەجێ بوون لە توركیا بەراورد بە شوێنی تر بەگشتی گران نین، ئێستا هەندێك موڵك لە هەولێر نرخیان لە موڵكی توركیا گرانترە، بەڵام بەشێكی زۆری ئەوانەی لەوێ موڵك دەكڕن بۆ بەدەستهێنانی مافی مانەوە و وەرگرتنی پاسەپۆرتە، ئەو دوانە 30 هەزار دۆلار دەكات".

دەستەی ئاماری تورکیا لە راپۆرتیكدا ئاشکرای کردووە لە ماوەی مانگێکی ئەمساڵ عێراقییەکان 513 خانوو و شوقەیان لە تورکیا کڕیووە.

 شیروان ئەنوەر، شارەزای بانك و ئابووری بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: " دابەزینی بەهای دراوی تورکی کە لەماوەی رابردوودا  كە نزیکەی (40%)ی بەهاکەی لەدەستدا، زیاتر هانی خەڵكی عێراق و هەرێمی  كوردستانی داوە بۆ ئەوەی یەکەی نیشتەجێبون لە تورکیا بکڕن".

ئاماژەی بەوەش دا ئەوانەی لە توركیا موڵك دەكڕن بەشی زۆریان سەرمایەدار و بازرگانن و هەندێكی تریش بۆ بەدەستهێنانی پاسەپۆرت و مانەوەیە، گوتیشی: " خەڵكی عێراقی هەیە ئێستا لە توركیا كۆمپانیای خانووبەرەی داناوە و زیاتر كار بۆ خەڵكی عێراق دەكات".

سینان رەشید، كە هاووڵاتییەكی عێراقیە و لە ئیستەنبوڵ شوقەی كڕیووە، دەڵێت: "لێرە كڕبن و فرۆشتنی خانووبەرە زۆر ئاسانە و رۆتینی كەمە و بە دوو رۆژ دەكرێت، بۆیە لێرە خانووم كڕیووە چونكە زۆر كات لە توركیام".