لەبارەی مامەڵەکردن بە دۆلاری لیبی هۆشداری دەدرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لەبارەی مامەڵەکردن بە دۆلاری لیبی هۆشداری دەدرێ

 بانکی ناوەندیی عێراق، ئاشکرای کرد، ڕێکاری یاسایی دژی هەرکەسێک دەگرێتەبەر کە مامەڵە بەناوی دۆلاری لیبی بکات، چونکە ساختەیە، بەرپرسێکی بانکە ئەهلییەکانیش دەڵێت: ئەوەی هەیه دۆلاری ساختەیه.

ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی نیسان بانکی ناوەندیی عێراق، بڵاوی کردەوە" ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە بەناوی بوونی دراوی دۆلاری لیبی، تەنیا فێڵکردنە و هەوڵێکە بۆ بەکارهێنان و ساغکردنەوەی دراوی ساختە".

ئاماژەی بەوەش کرد بانکی ناوەندی بە مافی خۆی دەزانێت بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان هەموو ڕێکارێکی یاسایی بگرێتەبەر لە دژی "هەرکەسێک کە بانگەشە بۆ ئەو جۆرە دراوە دەکات".

 بانکی ناوەندیی عێراق دووپاتی کردووەتەوە" ئەو  ڕێکارانەی کە بانکی ناوەندی گرتوونیە بەر بە ئامانجی گەرەنتیی سەلامەتیی کەرتی دارایی و بانکی لە عێراق و پاراستنی هاووڵاتیان لە فێڵکردن و ساختەکردن".

لای خۆیەوە شێروان ئەنوەر مستەفا، ڕاوێژکاری هاوبەندیی بانكە ئەهلییەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئاگاداری دۆلاری لیبین، بەڵام بەهیچ جۆرێک لای ئێمه مامەڵەی پێوە ناکرێ، چونکە کارەکە نایاساییە و پەیوەندی بەو دۆلارەوە نییه کە له لایەن بانکەکانەوە کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت".

ئاشکراشی کرد: "بانکی ناوەندیی عێراق لە دژی ئەو مامەڵەکردنەیە چونکە کارەکە نایاساییە".

شێروان ئەنوەر مستەفا، ڕوونیشی کردەوە، ئەوەی خۆی لەو جۆرە مامەڵەیه بدات، سەرپێچیی كردووە، چونكە ”مامەڵەیه‌کی نایاساییە، گوماناوی و پڕیەتی لە فڕوفێڵ، بۆیە ئەوەی ئەو مامەڵەیە بکات سامانی خۆی دەخاتە بەردەم مەترسییەوە".

ئەوەشی خستە ڕوو: "هاووڵاتیان هەڵدەخەڵەتێنن بەوەی دۆلاری ئەمریکی هەیە کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بانکی ناوەندیی لیبیا، بەڵام ڕاستی باوەڕپێکراو نییە".

لەمبارەیەوە مەنار عوبێدی، شارەزای ئابووریی عێراقی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەوەی بە ناوی دۆلاری لیبییەوە دەکرێ تەنها فێڵکردن و پارەخواردنە لە خەڵک، ئەوەی ڕێکلامی بۆ دەکرێت تاوانە و دەبێت ئەو کەس و لایەنانە سزا بدرێن".

پێشتر جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە (باسنیوز)ی رایگەیاند: “دەنگۆیەك بڵاوبووەتەوە کە دۆلاری ئەمریکی بلۆککراو لە بانکەکانی لیبیاوە لە کاتی بەهاری عەرەبیدا براونەتەوە دەرەوەی وڵاتەكە و گەیشتووەتە عێراق، بەڵام ئەوەی کە مامەڵەی پێوەدەکرێت ئەو دۆلارە نییە، بەڵکوو دۆلاری ساختەیە”.

جەختیشی کردەوە: “ئەوەی کە لە ئارادایە دۆلاری ساختەکراوە نەک پارەی بلۆککراوی وڵاتان، مامەڵەیەکی تەواو نایاسایی بەو دراوە ساختەیە دەکرێت و بە نرخی نیوە دەگۆڕدرێتەوە”.

ئاشکراشی کرد تاوەکوو ئێستا ئەو جۆرە مامەڵەیە لە هەرێمی کوردستاندا نییە، گوتیشی: “هەبووە پارەیەکی زۆری عێراقی گۆڕیوەتەوە بۆ دۆلاری ساختە و دواتر زەرەری کردووە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین نەکەونە فێڵی لەوجۆرەوە".