ئەکبەر حەیدەر: حکوومەتی خۆجێیی دیالە گەیاندنی خزمەتگوزاریی بۆ خانەقین و دەوروبەری فەرامۆش کردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەکبەر حەیدەر: حکوومەتی خۆجێیی دیالە گەیاندنی خزمەتگوزاریی بۆ خانەقین و دەوروبەری فەرامۆش کردووە

“بەشێکی بەرچاوی گوندەکانی کورد لە خانەقین چۆڵیان کردووە”

لە چاوپێکەوتنێکی (باسنیوز)دا، ئەکبەر حەیدەر، جێگری بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: “حکوومەتی خۆجێیی دیالە، خانەقین و دەوروبەری لە خزمەتگوزاری فەرامۆش کردووە و جیاوازی لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ خانەقین و ناوچەکانی دیکەی دیالەدا دەکەن”. ئەوەش دەخاتە ڕوو کە سەروماڵی خەڵک پارێزراو نییە و بەشێکی بەرچاوی گوندەکانی کورد لە خانەقین چۆڵیان کردووە.

جموجۆڵ و کردەوەکانی داعش زیادی کردووە

لە دەستپێکدا لەبارەی دۆخی هەنووکەیی ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای دیالە بەگشتی و خانەقین بەتایبەتی، لە ڕووی ئەمنی و جموجۆڵەکانی داعشەوە، ئەکبەر حەیدەر، گوتی: “داعش لە جموجۆڵەکانی لە ناوچە کوردستانییەکانی دیالە بەردەوامە و ناوە ناوە چالاکییە تیرۆریستییەکانیان زیاد دەکەن و هێرش دەکەنە سەر گوند و هێزە ئەمنییە عێراقییەکان، هەر کاتێک داعشەکان دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت هێرش دەکەن، ماوەیەک بوو چالاکیانی کەمتر بووبوو، ئێستا هێرشەکانیان زیاد کردووە”.

ئەو بەرپرسەی پارتی لە خانەقین، سەبارەت بەو شوێنانەی داعش هێرشی لێ دەکەنە سەر گوندەکانی دەوروبەری خانەقین، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “داعش حەشارگەی لە ناوچەکەدا  زۆرە و سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنی جدیی بۆ ڕاوەدوونانی داعش ناکەن، ئەگەر بشیکەن لە جادەی قیر لانادەن و ناوچەکەش زۆر بەرفراوانە و دەشتایی و دۆڵ و گوندی زۆرە، تەنانەت جاروبار هێزە عێراقییەکان کە ئۆپەراسیۆن دەکەن، ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەوەندە ئاشکرایە، پێش ئەوەی دەست پێ بکەن، چەکدارانی داعش پێی دەزانن و ئەو شوێنانە بەجێ دەهێڵن و دەچنە شوێنی دیکە”.

جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە، داعش ئێستا شەڕی بەرەیی ناکات و شەڕی پارتیزانی دەکات، لە کوێ بۆی ڕێک بکەوێ هێرش دەکات و دواتر دەچێتە ناوچەیەکی دیکە.

لەبارەی دۆخیی گوندەکان کورد لەو سنوورە، ئەکبەر حەیدەر، گوتی: “لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە تا ئێستا نزیکەی 40 گوندی کوردان لە دەوروبەری خانەقین چۆڵ کراون، ئەمە جگە لە چەندین گوندی دیکەی سەر بە ناحیەکانی گوڵاڵە، قەرەتەپە و جەبارە، هەڵبەتە دۆخی سنووری ئەو گوندانە هەر نالەبارە، بۆیە خەڵک ناگەڕێتەوە زێدی خۆیان، هەروەها دۆخی سنووری مەندەلی و دەوروبەریشی هەر نالەبارە و سەروماڵی خەڵک پارێزراو نییە و تەنیا بە گەڕانەوەی پێشمەرگە دەپارێزرێت”.

ئەکبەر حەیدەر، جێگری بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: “جوتیارانی سنووری خانەقین و دەوروبەریشی دۆخیان نالەبارە و ئەمساڵیش وشکەساڵی لە ناوچەکە ڕاگەیەندرا و باران بە ڕێژەیەکی زۆر کەم باری، کەشەکەش لە سەرماوە یەکسەر بووە گەرما و دەغڵودان دەرنەچووە، لەولاشەوە ئێران ئاوی ئەڵوەندی گرتووەتەوە، کە سەرچاوەی ئاوی ناوچەکەیە”.

سەبارەت بە ڕەوشی خزمەتگوزاری لە خانەقین و دەوروبەری، ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەوەی خستە ڕوو، هەندێک شەقام و کۆڵان لەناو خانەقین کەم تا زۆر قیرتاو و کۆنکرێت دەکرێن، پێشتر هەندێک پڕۆژە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ خانەقین کراون، بەڵام لەدوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە، پارێزگای دیالە خانەقینی فەرامۆش کردووە، پێشتریش تا ڕادەیەک فەرامۆش کرابوو، بەڵام ئێستا زیاتر فەرامۆش کراوە و هیچ پرۆژەیەکی گەورە و ستراتیژی لە خانەقین ناکرێت و ئیدارەی دیالە جیاوازیی لەنێوان ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکەی خانەقیندا دەکات و لە ڕووی گەیاندنی خزمەتگوزارییەوە ئەوەی بۆ هەندێک ناوچەی عەرەبنشین دەکرێت، بۆ خانەقین ناکرێت.