كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

نوێنه‌ری حکوومەت بەشداری لە کۆبوونەوەیه‌كی تایبه‌ت به‌ لێکۆڵینەوە لە داعش ده‌كا

رۆژی ١٣/٤/٢٠٢٢ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رەهەندە داراییەکانی رێکخراوی داعش دەكرێت و لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری دەكات.

د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری حکوومەتی هەریمی كوردستان، لەم کۆبوونەوەدا رایگەیاند: "دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەکی عێراق و سوریادا گرت، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەنگاوەکانی دەستپێکرد بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی "داعش"، سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە (٢١٩٩)ی دەرکرد بۆ رێگا گرتن لە تەمویلی دارایی داعش و بەرەی نوسرە لە عێراق و سوریا".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە رۆڵی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەو بوارەدا گوتی: حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی  ٢٠١٤ تا ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوەی زۆری ئەنجام داوە سەبارەت بە  سەرچاوە داراییەکان و تەمویلکردنی تیرۆریستانی داعش کە بەشێکی زۆری بریتی بوو لەو پارەیەی بەرامبەر بە رزگارکردنی ئەو کەسانە دەستی دەکەوت کە دەیڕفاندن. لەم کۆبوونەوەیەدا هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان دەخرێنە ڕوو، هاوکات باس لە میکانیزمەکانی ئاڵوگۆڕی زانیاری دەکری لەبارەی دیاریکردنی سەرچاوەکانی داهاتی داعش و ئەو لایەنانەی کە هاوکاریی داراییان کردووە بە ئامانجی دادگایی کردنیان.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی هەنگاوەکانی داعش بۆ بەهێزکردنی سەرچاوە داراییەکانی گوتی: تیرۆریستانی داعش سوودیان لە لاوازی سیستمی بانکی و دارایی عێراق وەرگرت بۆ بەهێزکردنی سەرچاوە داراییەکانی بە هاوکاری ژمارەیەک کەس و کۆمپانیا و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو کە لە دەرەوە پارەیان بۆ دەهات، بە رێگای جیاوازەوە زۆر جار لە عێراق دەنێردرایە دەرەوە دواتر دووبارە بە شێوازی جۆراوجۆر دەگەڕێندرایەوە ناوچەکانی ژێڕ دەستی داعش لە عێراق بەر لە رزگارکردنی ئەو ناوچانە.

 سەبارەت بە سەرچاوە داراییەکانی داعش، دیندار زێباری دەڵێت: " داعش بەشێوازی جیاجیا داهاتی دەست دەکەوت لەوانە: به‌قاچاخبردن و فرۆشتنی نه‌وت، شوێنەوار، سه‌پاندنی باج و گومرگ به‌سه‌ر هاووڵاتیان، ئازادکردنی دیل بە پارە، سەرچاوەی داھاتی ناوخۆیی ئەو شوێنانەی لەژێر دەستی بوون و دەستبەسەرداگرتنی بانکەکان، بەڵام دوای نەمانی دەسەڵاتی بەسەر شارەکاندا هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له‌ده‌ست داوه‌ كه‌ پاره‌یان بۆ ده‌هێنایه‌ ناوه‌وه‌".