لە چاوپێكەوتنێكی (باسنیوز)دا ڕێبوار تاڵەبانی، ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەوانەی كردەوە توندوتیژییەكان لە دەوروبەری كەركووك بەڕێوە دەبەن، بە ڕۆژ لەگەڵ میلیشیاكانن و بە شەویش داعشن و دەشڵێت: "بە هەمان سیاسەت و هزری كاتی بەعس ئێستا زیاتر پرۆسەی تەعریب لە كەركووك بەڕێوە دەچێت''.
لە دەستپێكدا لەبارەی ئەوەی کە 19 ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا تێپەڕی، كەچی پرۆسەی تەعریب و پێشێلكردنی مافەكانی كورد بەگشتی و بەتایبەتی لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تر بەردەوامە؟ ڕێبوار تاڵەبانی گوتی: ''بێگومان ئازادكردنی عێراق لە ساڵی 2003 و نەمانی ڕژێمی پێشووی بەعس، بۆ خەڵكی تر ئەگەر یەك جار خۆش بێت، ئەوا بۆ خەڵكی كوردستان بەگشتی و كەركووكییەكان بەتایبەتی هەزاران جار خۆش بوو، چونكە بەعس بە شێوەیەكی دڕندانە حوكمیان دەكرد و زۆرترین ترس و تۆقاندنی لەدژی كورد پەیڕەو دەكرد و ئیتر هەر لە گرتن و ئەشكەنجەدان و ئەنفالەوە بگرە تاكوو گەیشتە ئەوەی کە خەڵك نەتەوەی خۆی بگۆڕێت بە عەرەب و بەعس 34 ساڵ كاری كرد بۆ ئەوەی ناسنامەی كوردستانیەتیی كەركووك بسڕێتەوە كە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد ساڵانێكی یەكجار زۆر خەباتی لەپێناوی كەركووكدا كرد''.
ڕێبوار تاڵەبانی كە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكە، کە بە بڕیارێكی پەرلەمانی عێراق هەڵوەشاوەتەوە، گوتیشی: ''بەڵام بەداخەوە ئێمە بەو هیوایە بووین كە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی عێراق كە پاشان لە دوای ساڵی 2003 حكوومەتی عێراقیان پێك هێنا و كە بناخە و پێگەی ئەو حكوومەتە لە هەرێمی كوردستانەوە داندرا و بەڵێنیان دا كە مافی كەركووكییەكان و گەلی كوردستان بدرێت، بەڵام بەداخەوە دوای ساڵی 2003یش هەمان هزر و هەمان سیاسەتی ڕژێمی بەعس دووبارە كرایەوە كە ئێستا بەداخەوە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان بە بارودۆخێكی ناتەندروست و نایاسایی و نادەستووریدا تێپەڕ دەبێت''.
هاوكات سەبارەت بەوەی كە ئێستا، بەتایبەت لەم چوار ساڵەی دواییدا هەموو جۆرەكانی تەعریب بە هەموو شێوازەكانییەوە لە كەركووك پەیڕەو دەكرێت، بۆچی ئەو كینە سیاسییە شۆڤێنییە هەر دژی كەركووكییەكان لە شارەكەی خۆیان بەردەوامە؟ ڕاوێژكارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ناوچە كوردستانییەكان، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: ''دوای ساڵی 2003 مافی كورد خۆی بوو كە تاكوو حەمرین سەنگەری پێشمەرگەی لێ دابنێت و سنووری بوایە وەكوو مافێكی زەوتكراوی سەدان ساڵ، بەڵام ئیتر كورد ڕازی بوو و عێراقیش بە قۆناخێكی تایبەتدا تێپەڕ دەبوو و كورد هیوای هەبوو كە ئەم جارە بە شێوازێكی شارستانیی مافەكانی كورد و هەموو پێكهاتەكانی تر بدرێن، بەڵام بەداخەوە دووبارە ئەم حكوومەتە مافی كوردی پێشێل كرد، بەتایبەت ئەوەتا مادەی 140ی دەستوور جێبەجێ ناكرێت، خۆ كورد دوای ساڵی 2003 ئەو توانایەی هەبوو عەرەبە هاوردەكان دەربكات و ئەزیەتیان بدات، بەڵام ئەزیەتی كەسیان نەدا لە كاتێكدا ئەوان كوردیان جینۆساید دەكرد كاتی بەعس و ئێستاش بەتایبەت دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 دۆخەكە خراپتر بووە و ئەوەی بەعس پێی نەكرا، ئێستا وا دەكرێت''.
لەبارەی ئەوەی کە جارێكی تر دۆخی ئەمنیی پارێزگای كەركووك نالەبار بووەتەوە و جموجۆڵەكانی داعش لە دەوروبەری شاری كەركووك زیادیان كردووە كە دوایین هێرشی داعش شەوی ڕابردوو بوو بۆ سەر گوندێكی نزیك شاری كەركووك و لە ئەنجامدا كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە، ڕێبوار تاڵەبانی، گوتی: ''دیارە داعش بۆ مەرامێك دروست كراوە، بۆ ئەوەی ئەزیەتی خەڵك بدەن و ئەوە بوو یەكەم جار ڕووی داعشیان زیاتر كردە پێكهاتەی سوننە و پاشان ڕووی داعشیان كردە لای كورد و كوردیش قوربانییەكی زۆری دا لەپێناو پاراستنی هەزار و 51 كیلۆمەتر خاك، بەڵام ئێستا دیارە هێزە عێراقییەكان پێیان ناكرێت ناوچەكە بپارێزن و هێزەكانی پێشمەرگە شارەزا بوون و دەیانزانی چی دەكەن و چی ناكەن، ئەو كاتەی كە لە ناوچەكە بوون، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە و ئەو داعشانە هاوكارن لەگەڵیاندا، ئەوانەی كردەوە توندوتیژییەكان لە دەوروبەری كەركووك ئەنجام دەدەن بە ڕۆژ لەگەڵ میلیشیاكانن و بە شەویش داعشن و ئەو كردەوانە دەكەن''.