كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
نەزاکەت حوسێن 09/04/2022

دروستکردنی قەیران لە بەرژەوەندیی کێدایە؟

قەیرانەکان ئەمڕۆ هەندێکیان ناسنامە و سروشتی جیهانییان وەرگرتووە و زۆرینەی وڵاتەکان لە یەک کاتدا پێوەی گیرۆدە دەبن، وەک قەیرانەکانی وزە و ئاووهەوا و تیرۆریزم و تەندروستی و گرانیی نرخی سووتەمەنی و هەندێ شمەكی خرراكی...هتد، بەڵام هەندێکیشیان لۆکاڵین و سروشتی ناوچەییان هەیە و تایبەتن بە بارودۆخی ئەو وڵات یان ناوچەیە، ئیتر ئابووری بێت، یان سیاسی، یان کۆمەڵایەتی.

هەندێک قەیرانیش رەنگە سەرچاوەکەیان ناوخۆیی نەبێت و پرووشکی قەیرانە جیهانییەکان، یان وڵاتان و ناوچەکانی دەوروبەر بێت، لە هەمان کاتدا، هەندێکیشیان رەنگە بە سروشتی دروست بن، بەهۆی باران نەبارین، یان گۆڕانکاریی کولتووری و سەرهەڵدانی کێشەی کۆمەڵایەتی..هتد.

ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت و هەستی پێ دەکرێت، فۆڕمێک لە قەیران دەبینرێت، کە بگوترێت و بڵێن دەستکرد و بەرهەمهێنراون و دەرهاوێشتەی هیچ کام لە بارودۆخە ئابوورییەکە، یان کۆمەڵایەتییەکە نیین، بەڵکوو دەرهاوێشتەی ململانێ و مامەڵە سیاسییەکەن، کە کارێکم بەدڵ نییە قەیرانێک بۆ بەرامبەر دروست دەکەم، یان سەرکەوتنەکانیم پێ خۆش نییە، لەبری شتی جیاوازتر و پێشنیاری باشتر و خزمەتێکی باشتر پێشکەش بکەم، دەکەومە قەیران دروستکردن.

بەتایبەتی لەمڕۆدا، کە سۆشیاڵ میدیا هەیە و پێویستی بە بابەتی وروژاو هەیە و لە هەمان کاتیشدا میدیا بووەتە ئامرازی بەکارهێنراوی گرژی و ململانێکان، لەبری دروستکردنی لێک نزیککردنەوە و پێکەوەژیان، قەیرانی پێ دەخولقێنین، یان قەیران بە دەستکرد و بەبێ هۆ دەخولقێنین، تاکوو شەڕی میدیای پێ بکەین و خەڵکی پێ چەواشە بکەین.

ئەوەی لە ماوەی کابینەی نۆدا لەم هەرێمە بینیمان کە سەرباری ئەوەی دەتوانین ناوی بنێین بە سەردەمی قەیران، کە رووبەڕووی ژمارەیەک قەیرانی ناوخۆیی و جیهانی بووەوە، هەر لە قەیرانی ئابووری، تەندروستی، شەڕی داعش و ململانێی ناوخۆیی و دەرکییەکان، کە جگە لەوەی هەریەکە لەمانە کۆمەڵێک دەرهاوێشتەیان خولقاندووە، کە ئاسان نییە بە نەمانیشیان کۆمەڵگە و کاروباری وڵات بچنەوە سەر رێچکەی خۆی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کابینەیەک بوو لەگەڵ ڕووبەڕوبونەوەی قەیراندا، کاری بناغەیی ئەنجام دا، پرۆسەی چاکسازی ئەنجام دا، کە رەنگە قورسترین پرۆسە بووبێت لە وڵاتێکدا قەیران لەدوای قەیران روو بدات و قەیران لەدوای قەیرانت بۆ بخولقێنن، کەچی لە هەمان کاتدا بۆ زۆر بوارەکان خەریکی کاری بناغەیی و ژێرخانی بیت و بەگژ گەندەڵیدا بچیتەوە و چاکسازیی بکەیت.

ئەمەش هێزی کارەکتەر و کاریزمای جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستانە، کە بەنەرمی و بێدەنگی و پشوودرێژییەوە لەلایەکەوە رووبەڕووی قەیران دەبێتەوە، لەلایەکی دیكەوە هەنگاو بۆ کاری بناغەیی و چاکسازیی هەرێمێک دەنێت کە بەشداریی کارە جیهانی و چارەسەر بۆ قەیرانە جیهانییەکانیش بکات.

ئەوەیشی دەبینرێت لە دروستکردنی قەیران لەم وڵاتە، جگە لەوەی کارە بۆ پەکخستنی ئەم هەنگاو و کارە بناغەییانەی ئەم کابینەیە، دواجار بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست، دەڕژێتە ئەجێندای ناحەزانی کورد و کوردستان و وڵاتانی دژ و هیچ خزمەت بە پارت و لایەنێک ناکات لەم هەرێمە، دواجاریش میللەتەکە باجی دەدات، چونکە ئەمڕۆ سەردەمی هۆشیاریی میللەتە و زۆر باش دەزانرێت کامە قەیران دروست کراوە و کێ لەپشتیەوەیەتی و بۆچی دروست دەکرێت.

بۆیە دڵسۆزی لەمڕۆدا پێشکەشکردنی جیاوازییە و پرۆژەی باش و کاری باش و رکابەریی بەرامبەرە، بە خزمەتێک کە ئەگەر تۆ هی ئەوت بەدڵ نییە، نەک دروستکردنی قەیران، چونکە دواجار هەموومان باجی ئەو قەیرانە دروستکراوانە دەدەین و میللەت و نیشتمانیش ماندووە و چی دیكە بەرگەی قەیران ناگرێت.