ئایا دەشێ پیاوان لە ئارایشتگەكانی ژنان كار بكەن؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئایا دەشێ پیاوان لە ئارایشتگەكانی ژنان كار بكەن؟

ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی پیاوان و کوڕانی مەیکەپ ئارتێست لە ئارایشتگەکانی ژنان و ئافرەتان زیاتر دەبن، لەم بارەوە بۆچوونی جیاواز لەسەر کارەکانیان هەیە و هەندێک لە ئافرەتان بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین پیاوێک بیانڕازێنێتەوە، هەندێ لە ژنان و ئافرەتانیش بە ئاسایی دەزانن، زۆر جاریش بەهۆی ڕازاندنەوەی ئافرەتان لەلایەن ئەو کوڕانەوە کێشەی کۆمەڵایەتی دروست بووە.

مافی ژن و مافی پیاو

نیان بارزان، خانمە میدیاکار لەسەر بابەتی ئارایشتگە بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: "پێم وایە بوونی پیاو لە سەنتەرە جوانکارییەکاندا وەکوو بوونی ژن وایە لەناو سەناعەی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلدا، بتەوێت یان نا، ژن و پیاو پەلیان کێشاوەتە نێو هەموو کارێکەوە، ئەگەر بە مافی ژنی بزانین کە بۆی هەیە ببێتە فیتەر، کەواتە پیاویش بۆی هەیە لە ئارایشتگە کار بکات، بوونی پیاویش لە سەنتەرەکاندا تا ئەو کاتە ئاساییە کە چ ڕێژەیەک لە خانمانی کۆمەڵگە بەلایانەوە ئاساییە''.

نیان زیاتر ڕوونی کردەوە: ”ژن هەیە خۆی حەز دەکات پیاو بیڕازێنێتەوە، کارمان بەوەوە نییە، بەڵام هەرگیز نابێت سەرجەم ئارایشتگەکان بگرێتەوە، چونکە ژن هەیە پێی خۆش نییە پیاوێک قژی بۆ بشوات و دەموچاوی لەمس بکات، پێم وایە دەبێت زۆربەی ئارایشتگەکان بە تەنیا ئافرەت بن، چونکە ئازادییەکی زیاتریان دەبێت و ئارایشتگەش زۆرترین قسەوباس و ڕەفتاری ژنانەی لێ دەکرێت کە بۆ پیاو گونجاو نییە''.

لای خۆیەوە، ئەحمەد فارووق، كە فەرمانبەرە و خێزاندار و باوكی سێ منداڵە، پێوەند بەو پرسە رایگەیاند: ”من نەك تەنیا لە روانگەی ئایینییەوە، بەڵكوو لە هەموو روویێكەوە، بە هیچ شێوەیەك پێم ئاسایی نیە، ژنێك بچێتە بەردەم پیاوێك و ئارایشتی بۆ بكات، جا ئەو ژنە هاوسەرم بێت خوشك بێت دایكم بێت، یان هەر خانمێكی تر بێت، هێشتا كۆمەڵگەی ئێمە زۆری ماوە ئەم دیاردەیە قبووڵ بكەن، بەلای منەوە پێچەوانەكەشی واتە ژنیش لە ئارایشتگەكانی پیاوان كار بكەن، هەر نائاساییە، ئەو پیاوانەی ئەمەیان قبووڵە یان دەسەڵاتیان نیە بەسەر هاوسەرەكانیاندا، یان خۆیان دەخەڵەتێنن، یاخود هێشتا لە ئاستی هۆشیاریی كۆمەڵایەتی و دەروونیی كۆمەڵگەی كوردەواری تێنەگەیشتوون.“

بەناز محەمەد لە دوکانی مەیکەپ کار دەکات، بە (باسنیوز)ی گوت: ''من بە شتێکی ئاسایی دەزانم کە پیاوان ئارایشتگەیان هەبێت، بەڵام لێرەدا دەگەڕێتەوە سەر خودی تاکی کۆمەڵگە و چۆنیەتیی بیرکردنەوە و تێگەشتن و بڕیاردانی، هەندێک کات تاک ناتوانێت بڕیار لەسەر ئەمە بدات، چونکە تاک خۆی بڕیاردەر نییە لەسەر ئەم جۆرە ڕازاندنەوە و ئارایشتگەیانەی کە هی پیاو بێت''.

پیاو لە ئارایشتگە

جیلان سپێر ئیبراهیم، هونەرمەند، لەسەر بابەتی ئارایشتگە گوتی: "ئەگەر باسی ئێستا بکەین، كاری ئارایشتگە هەم ئافرەت دەیکات، هەم پیاو، شتەکە ئاساییە ئەگەر پیاوێک جوانکاری بۆ ئافرەتێک بکات بە حوکمی ئەم دۆخەی ئێستا تێیداین کە ئافرەت و پیاو هەمان ئیشی یەک دەکەن، بەڵام دەگەڕێتەوە سەر کەسەکە خۆی ئەگەر پێی ئاسایی بێت، بەڵام ئەگەر بێینە سەر دابونەریتی زوو، ئەوە بە هیچ‌ شێوەیەک نابێت و ناکرێت، ئەگەر لە ڕووی ئایینییشەوە بیر بکەینەوە ئارایشتگە هەر بۆ خۆی حەرامە، جا ئەگەر پیاویش ئافرەت بڕازێنێتەوە، ئەوەندەی تر گوناحە''.

ساڵح ڕەحمان، توێژەری کۆمەڵایەتییش ‌لەبارەی ئەو بابەتەوە بۆ (باسنیوز) دەڵێت: "ئەم بابەتە پەیوەندیی هەیە بە دابونەریتی کۆمەڵایەتییەوە،‌ هەروەها پەیوەندیی بە ئایین و هەست و دەروونی پیاوانیشەوە هەیە بەرامبەر بە ئافرەتان، کە زۆرینەی پیاوان پێیان خۆش نییە خێزانەکانیان، یان خوشک و کەسە نزیکەکانیان لەلایەن پیاوانەوە بڕازێندرێنەوە، جگە لەوەی کە لەلایەن کۆمەڵگەوە بە چاوێکی سووک سەیریان دەکرێت، ئەگەر بزانرێت لەلایەنی دەروونیی خۆیشییەوە کە هاوسەری بێت، یان خۆشەویستی بێت، ئەوە غیرەی لێ دەکات''.