كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
فرسەت سەید شکور 05/04/2022

بەراوردێكی نێوان ستران عەبدوڵا و ئاراس جەنگی

ستران عەبدوڵا، كە هەر بە تەقریر نووسین لەسەر هاوڕێ و هەڤاڵ و برادەرەكانی خۆی، لەنێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هەڵتۆقی، ئەو سترانەی كە هەر بە تەقریر نووسینی بێویژدانانە و لەسەر پشتی هاوكارەكانی، جێی خۆی كردەوە و خۆی گەیاندە كورسییەك لەو حزبەدا، ئێستا دەیەوێ بە نووسین و قسەی هەلەق و مەلەق لەسەر پارتی و حكوومەتی هەرێم و پەلاماردانی، خزمەتێكی زیاتر بە دەسەڵاتدارانی یەكێتی بكات.

ستران عەبدوڵا، هەموو ئەو قسانەی لەسەر رەوشی كوردستان و پارتی دەیانكات، خۆی لە هەموو كەس باشتر دەزانێ درۆ و ناڕاست و بێبنەمان، خۆ كاتی خۆیشی كە تەقریری لەسەر هاوڕێ و هەڤاڵەكانی خۆی دەنووسی، هەر دەیزانی زانیارییەكانی دەیاننووسێت، ناڕاستن، بەڵام ئیتر لەنێو ئەو جۆرە حزبانەدا كار وا دەڕوات بۆیە كەسێك فرچكی بە تەقریر نووسینەوە گرت و بەتایبەتیش ئەگەر ئەو رەفتارەی بە ویراسی بۆ مابێتەوە! زۆر زەحمەتە بتوانێ تەركی بكات.

ستران عەبدوڵا، لە تازەترین فەرمایشتییدا دەڵێ: ”كاتی ستۆپكردنە بە پارتی“، كەچی هەر ئەو سترانە خۆی ئەو راستیە باش دەزانێت، خەڵكی كوردستان بەگشتی و دانیشتوانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین ئەوەی ئەوان پێی دەڵێن (زۆنی سەوز)، زۆر لەمێژە ستۆپی بە یەكێتی كردووە، دروستبوونی ئەو هەموو ئینشیقاق و حزب و جووڵانەوەیە لەنێو سلێمانییدا، نیشانەی ستۆپكردنی خەڵكی ئەو دەڤەرەیە بە یەكێتی، ستران عەبدوڵا باش دەزانێت یەكێتی لە هەموو هەڵبژاردنێكدا چی ناكات بە تەزویر تا ژمارەیەك كورسی بهێنێت! ستران باش دەزانێ رێژەی راستەقینەی بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا لەو زۆنە، چەند خراپە و ئەگەر تەزویر نەكەن، ناگاتە سەدا ٢٠یش، ئەگەر ئەمە ستۆپكردن خەڵكی كوردستان نەبێت بە یەكێتی، ئەدی چیە؟

ستران عەبدوڵا باش دەزانێ، ژمارەی كورسییەكانی یەكێتی لە ساڵی ١٩٩٢ لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستان چەند بوو و ئێستا چەندە بە تەزویراتەكانیشیانەوە، باش دەزانێ حزبەكەی ئەو و سەركردە دەستڕۆیشتووەكانی (داهاتی سلێمانی و زۆنەكە، داهاتی دەروازە سنوورییەكانی زۆنەكە، پارەی بانكەكانی زۆنەكە، زەوییە گرانبەهاكانی زۆنەكە، مووچەی بەشێك لە كارماندانی حكوومیی زۆنەكە) هەر هەمووی دەدزن و هێشتا باسی بەرپرسیارێتی دەكەن و هیشتا ئەوان حكوومەتیان بەدڵ نیە!

ستران عەبدوڵا كە بە ئەسڵ خەڵكی ئەترافی كەركووكە، زۆر باش دەزانێ كە سەرانی ئێستای حزبەكەی كەركووكیان فرۆشت و كارەساتی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەریان بەسەر كەركووك و كوردستانیاندا هێنا، باش قسەكانی ئاراس جەنگی و بافڵ تاڵەبانیی لەو رۆژانەدا لەیادە، كە باسی تەسلیمكردنی كەركووك و خەنجەرە ژەهراویەكەیان دەكرد كە لە پشتەوە لە پێشمەرگەیان دا و تەنانەت خیانەتیان لە پێشمەرگەكانی خۆیشیان كرد، ستران ئێستاش باش دەزانێ كە حزبەكەی بەنیازە سلێمانی و هەڵەبجەش وەك كەركووك بفرۆشێت، بەڵام دێت و بە شێوەیەك قسە دەكات، كە پارتی لەم كارەساتانە بەرپرسیارە، ئەم قسانە بە رووقایمێكی وەكوو ستران نەبێت بە كێ دەكرێت؟ هەر بەراستی دیمانە تەلەڤزیۆنیەكەی دوێنێی ستران عەبدوڵا، لەو دیمانانەی ئاراس جەنگی دەچوو كە لە رۆژانی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەردا لە كەناڵەكان قسەی دەكرد، ئەگەر بەراوردێكی وردیشیان بكەیت، هێشتا ئاراس جەنگی راستگۆتر بوو! وای لەوەی فیرعەون پێی دەڵێ كافر!

ستران عەبدوڵا، كاتێ باسی (ئابووریی سەربەخۆ) وەك كێشەیەك دەكات، باش دەزانێ خوالێخۆشبوو مام جەلالیش لەو پرۆسەیەدا بوو، باش دەزانێ بەرپرسە باڵاكانی یەكێتی چییان لەو ئابوورییە سەربەخۆیە خواردووە! دەزانێ ئێستا لە گەرمیان چ دەگوزەرێ، دەزانێ لە مەرزەكانی ئەو زۆنە چ قاچاخچێتییەك لەئارادایە، دەشزانێت پشکی بەرپرسە دز و چەکدارەکانیانی تێدایە و هێشتا ئەوان باسی چاکسازی دەکەن!

پارتی حزبی لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییە و بۆ ساتێکیش خۆی لە بەرپرسیارێتی نادزێتەوە، ئەوە ئێوەن ھەمیشە دەڵێن ھەرکات دۆخەکەمان بە دڵ نەبێت، تێکی دەدەین! بۆیە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا ئەوە حاڵتان بووە و ئێستاش ناوێرن بڕیار بدەن هەڵبژاردن بكرێت، بۆیە بە پاساوی درۆ و نابەجێ خۆتانی لێدەدزنەوە، چونكە ئەگەر بەڕاستی پرۆسەی دیموكراسی پیادە بكەن و بەڕاستی بە دەنگی جەماوەر و ژمارەی كورسییەكان بێت، ئێستا یەكێتی ركابەری نەوەی نوێ و حزبە ئیسلامیەكانە، نەك پارتی، تەنانەت ئەگەر دیموكراسی و هەڵبژاردنی راستەقینە لەنێو كۆنگرەی خودی یەكێتییشدا هەبوایە، ئێستا كەسانی وەك ستران عەبدوڵا، هەر خەریکی تەقریر نووسین دەبوو، نەك ئەندامی میم سین.