ئەوەی ئێوە دەیكەن، ترسنۆكیە نەك ئازایەتی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەرمن ئەحمەد 04/04/2022

ئەوەی ئێوە دەیكەن، ترسنۆكیە نەك ئازایەتی

لەسەر ئاستی عێراق، ڕۆژانه‌ لێدوانی جیاواز و دژبەیەك و هه‌واڵ و رووداوی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ ده‌بیستین و ده‌بینین، هۆكاری ئه‌و پێشهاتانه‌ی كه‌ دێنه‌ گۆڕێ، نه‌بوونی سەروەرییەكی تۆكمه ‌و به‌هێزه لەم دەوڵەتەدا،‌ ختابی سیاسیی راستەقینەی عێراقی به‌هۆی ململانێ تایبه‌تییه‌كانەوە غایب و نادیارە، زۆربەی لایەن و گرووپەكان، بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان لا زۆر لەپێشتر و گرنگترە له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی عێراق و خەڵكی عێراق، ئاخر لەم وڵاتەدا، هه‌ژموون و ئەجیندای ده‌رەكی، بنیا‌قاقای پرۆسه‌ی سیاسیی گرتووه‌.

له ‌سه‌روبه‌ندی رۆیشتن بەرەو هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار و پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق، تویتی سیاسییه‌كان، تۆڕی تویته‌ریان ته‌نیوه‌ و بۆ دواخستنی پرۆسه‌كه‌ هه‌ر جاره‌ی گوێبیستی سیناریۆیه‌ك ده‌بین، شه‌قامی كوردییش له‌م رووەوە نەگەیشتووەتە سازان، بەڵام لەم نێوەندەدا كێشەی ترمان هەیە.

بۆ نموونە، چەند رۆژێك لەمەوبەر، كەسێك بە ناوی (نایف كوردستانی) به‌ سیناریۆیەكی سەیر هاته‌ مه‌یدان و پۆستێكی كرد كە بۆ بارودۆخ و پێكهاتەی كۆمەڵایەتیی ئێستا عێراق نەگونجاو و ناجۆر بوو و كیشە و مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەلای منەوە نایف كوردستانی، لە ناخ و هزری خۆیدا، چۆن لە پرسی ئایین و مەزهەب دەڕوانێت كەیفی خۆیەتی، بەڵام نابێ رێگە بە خۆی بدات هەست و بیروباوەڕی خەڵكانی تر لەكەدار بكات، یاخود كارێك بكات فیتنەگێڕی گەرم بكات و زیان لە پێكەوەژیان بدات، یان بەهۆی چەند دێڕێكی ئەوەوە كە نەشینووسیایە هیچ رووی نەدەدا، خەڵكێكی هەلپەرست و ئاژەوەچی، لەڕووی سیاسییەوە دۆخەكە بۆ خۆیان بقۆزنەوە و كاری خراپ و تێكدەرانە و تاڵانچێتی بكەن.

بە هەرحاڵ، نایف كوردستانی كارێكی خراپی لە كاتێكی زۆر هەستیاردا كرد و دواتریش بە سزای خۆی گەیشت و دانپێدانەكانیشیمان بینی، با لەمەیان گەڕێین و شرۆڤەیەكی هەڵوێستی ئەو كوردانە بكەین لەو رووداوەدا كە ناویان لە خۆیان ناوە (رۆشنبیر، سیاسەتوان، میدیاكار، چاودێر، دەستەبژێر، چالاكوانی كورد... هتد)، ئەو كوردانە بەداخەوە لەژێر پەردەی بە حسابی خۆیان (بەرگریكردن لە مەرجەع) لەو رووداوەدا زوو بە زوو هاتنه‌ سەر خه‌ت و سەركۆنەیان كرد،‌ كەچی جگە لە هەندێ لە خوشك و برا عەرەبەكان و پارتی و سەركردە و ئەندامانی، یەكێك لەو كوردانەی پێشتر ئاماژەم پێ كردن، بە حەرفێكیش باسی سووتاندنی بارەگەی لقی پارتییان لە بەغدا نەكرد و سەركۆنەشیان نەكرد! ئاخر ئەگەر ئێوە كوردن و هێندە بەهەڵوێستن، دە هەڵوێست لەئاست سووتاندنی بارەگای حزبێكی كوردستانیش بنوێنن، خۆ ئاغاكانتان ناتانخۆن!

بینیمان لە ناوجەرگەی بەغدای پایتەختی عێراقدا، خەڵكێكی تێكدەر و ئاژاوەچی كە هێز و لایەنگەلی سیاسیی بە ئامانجی سیاسیی دیاریكراو هانیان دابوون، چوونە سەر بارەگای سەرەكیی حزبێكی كوردستانیی وەكوو پارتی، بینیشمان نووسینگەی بەڕێز ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان، هەر زوو پێش ئەوەی بارەگاكە پەلامار بدرێت، دووری و بەریبوونی خۆی لەو رەفتارەی پەلاماردەران راگەیاند و بەئاشكرا گوتی كەس لەژێر ناوی بەرگری لە مەرجەع، كاری فیتنەگێڕی نەكات، كەچی ئەو كوردانەی ئاماژەم پێكردن، یەك هەڵوێستیان نەبوو بەرامبەر سووتاندنی بارەگایەكی كوردی كە خەڵكی سڤیلی تێدابوو و دوور و نزیك پەیوەندییان بە دێڕەكانی نایف كوردستانیەوە نەبوو، نەك هەر بێهەڵوێست بوون، بەڵكوو چییان پێ كرا كردیان، تا ئاگری ئاژاوەكە بەگڕتر بكەن.

لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، لای ئەو كوردانەوە شتێك نیە بە ناوی ره‌خنه‌گرتن یان خەمخۆری بۆ خەڵك، دڵنیام لە دڵسۆزییان بۆ مەرجەعیش نەبووە، چونكە لای ئەوان تەنیا كۆنە رقی بێ بیركردنەوە هەیە و ئامانج دژایەتیی پارتی و حەزكردن بە زیانی پارتییە،‌ ئاخر ئه‌وانه‌ یه‌كسه‌ر بەو شەوە هاتنە سەر خه‌ت و دەم و قه‌ڵه‌م و كلیكی مۆبایل و كۆمپیوتەرەكانیان خستە گەڕ تەنیا بۆ دژایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەرچی لەوەتەی هەن هەمان كار دەكەن و لەوەتەی هەن هەمیشە لە سەنگەری دۆڕاوەكاندان.

ئەوانە، تەنانەت ئەگەر جارێ لە جاران بەڕێكەوت! رەخنەیەكیش لە لایەنەكانی تر بگرن، لەپەناوە هەر چه‌پۆكێك لە پارتی دەدەن، چونكە نووسین و قسەی ئەو گرووپە، لەسەر بنەمای رق و هاشووهووشی سۆشیال میدیایە و فڕی بە پرۆسەی راستەقینەی رەخنەگرتنەوە نیە، دەبێ خەڵك و خۆیشیان ئەو راستیە باش بزانن، ئازایەتی ئەوە نیە لە زۆنی سەوزەوە رەخنە لە پارتی بگریت، بەڵكوو ئەوە ئەوپەڕی نەوێری و ترسنۆكییە، ئەگەر ئازان لەئاست گەندەڵی و دزی و كارە خراپەكانی دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوزدا فززە بكەن!