ئەركی میدیای یەكێتی و سێبەرەكانی زۆر قورسە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بەرهەم عەلی 02/04/2022

ئەركی میدیای یەكێتی و سێبەرەكانی زۆر قورسە!

تۆ ئەگەر كورد بیت و میدیاكاری نێو دەزگایەكی میدیایی حزبێكی وەكوو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بیت، یان میدیایەكی سێبەری سەر بە یەكێتی یان سەر بە هەر بەرپرسێكی یەكێتی بیت، یان لەڕێی بەرپرسێكی باڵای ئەو حزبەوە هەوڵت بۆ درابێت و لە رێكخراوێكی ئەورووپی یان ئەمریكی بودجەی مانگانەت بۆ بڕابێتەوە! با ناویشت لە خۆت نابێ (میدیای ئەهلی و سەربەخۆ و بێلایەن!)، بەڵام بەڕاستی ئەركێكی پڕزەحمەتت دەكەوێتە ئەستۆ، ئەركێك كە وەك لە سلێمانی دەڵێن: ”پیاوم ئەوێ بتوانێ خۆی لە قەرەی بدات!“، ئاخر ئەو كارە، كەسی خۆڕاگر و بەرگەگر و لەخۆبوردوو و رووقایمی دەوێ، ئیشێكە بەس بە دەم خۆشە، دەنا بە پراكتیكی لەنێویدا بیت، زۆر قورسە و كاری نیمچە نەكردەیە.. هەی ئافەرین، لە دڵەوە دەستخۆشیتان لێدەكەم بۆ ئەو جورئەتە ئەدەبیەی پێی بەهرەمەندن.

ئەگەر میدیاكارێكی كوردی بەشی كاروباری سیاسی و هەواڵ و راپۆرتی نێو میدیای یەكێتی و سێبەرەكانی بیت، خۆت چۆن بیر دەكەیتەوە دەبێ وەلای بنێیت و وەك (هاووڵاتیەكی كورد) سەرەتا دەبێ واز لە خەون و ئامانجە باڵاكانی نەتەوەكەت بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، بهێنیت، نەك هەر وازهێنان بەڵكوو دەبێ بە هەموو توانای عەقڵی و زەینیی خۆت، دژی بوەستیتەوە! دەبێ هەموو ئەو رۆشنبیر و كەسایەتی و سیاسی و پەرلەمانتارانەش كە باس لە خەونی ئازادیی نەتەوە، سەربەخۆیی كوردستان، باسی گرنگیی زمان و مێژوو و فەرهەنگی كورد و كوردستان دەكەن، بخەیتە دەرەوەی بازنەی كاری رۆژنامەوانی و میدیایی خۆت و حسابی توورێكیان بۆ نەكەیت!

دەبێ دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بیت نەك هەر لەگەڵ نەبیت، دەبێ هەمیشە رووی مایك و ریكۆردەرەكەت، رووبەری فراوانی ماڵپەڕ و پەیج و گۆڤار و رۆژنامەكەت، بۆ ئەو كەسانە تەرخان و دەستەبەر بێت كە دژی هەرێمی كوردستان و مافە دەستووری و سیاسییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەدەوێن و دەنووسن، دەبێ لە هەر شوێنێكی دونیا، شتێك لە دژی مافی خەڵكی هەرێمی كوردستان نووسرا یان گوترا، تەنانەت ئەگەر لە كوێرە سایتێكیشدا بێت یان لە رۆژنامەیەكی سەر بە دەزگا موخابەراتی و ئیتیڵاعاتیەكانی وڵاتانی داگیركەری كوردستانیشدا بێت، یان لە كەچە ساسییەكی نزیك لە خەزعەلییشەوە بێت، تۆ بیهێنیت و بیكەیتە كوردی و لای خۆت بڵاوی بكەیتەوە!

دەبێ لەو هەموو رووداوە دراماتیكییەی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٧دا، نەك هەر بێ دەنگ و بێ نقە بیت، بەڵكوو دەبێ بەرگری لە خیانەتكاران و لە داگیركەرانی كەركووك بكەیت، دەبێ لە یەك كاتدا بەرگری لە فرۆشیاران و كڕیارانی كەركووكیش بكەیت، دەبێ چاوت بنووقێنیت لەئاست ئاوارەبوونی نزیكەی ٢٠٠ هەزار كوردی خورماتوو و كەركووك و ناوچە كوردستانیەكانی تر، دەبێ لەو رۆژەدا هەوڵ بدەیت دیمانە لەگەڵ پیاوێكی عاقڵ و سیاسیی بەتوانای! وەك ئاراس جەنگییدا بكەیت، كاتێ حەشدی شەعبی هێرشی كردە سەر هەولێر و دهۆك و دەشتی نەینەوا، تۆی میدیاكاری كوردی یەكێتی و سێبەرەكانی، دەبێ ببیتە زوڕناژەن و دەهۆڵكوت بۆ حەشدی شەعبی نەك بۆ پێشمەرگەی كوردستان، دەبێ شاگەشكە و خۆشحاڵ بیت بەوەی هێزی پێشمەرگەی وڵاتەكەت، تووشی شكست بێت.

ئەگەر میدیاكارێكی كوردی بەشی كاروباری سیاسی و هەواڵ و راپۆرتی نێو میدیای یەكێتی و سێبەرەكانی بیت، دەبێ واز لە سەروەری و خەبات و رەنج و ماندووبوونی هەموو سەركردەكانی مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازی كورد و كوردستان بهێنیت بە مام جەلالیشەوە، لەبری ئەوان بە شان و باڵی ئۆجەلان و جەمیل بایك و دۆڕان كاڵكاندا هەڵبڵێیت، دەبێ داگیركردنی كەركووك لای تۆ خەبەر نەبێت، بەڵام شیعر و شانامە بۆ ئیعدامكردنی شێخ نەمر لە سعوودیە، بنووسیت!
دەبێ ماوەیەك (لاهوور تاڵەبانی!) بە هاوسەرۆك و پاڵەوان و فریادڕەس و مامی بچووك و خەمخۆری خەڵك بناسێنیت، ماوەیەكی تریش (لاهوور جەنگی بورهان!) بە ناسەرۆك و دەركراو و قاچاخچی و ژەهردەر و بكوژ و سەرانەسێن بناسێنیت.

ئەگەر میدیاكارێكی كوردی بەشی كاروباری سیاسی، یان ئابووری و ئیداریی هەواڵ و راپۆرتی نێو میدیای یەكێتی و سێبەرەكانی بیت، دەبێ بە ئەلفێكیش باسی ئەم رووداوانە نەكەیت و نەیانكەیتە هەواڵ: (قاچاخچێتی و دزینی داهاتی مەرزە سنوورییەكانی زۆنی سەوز، دزینی داهاتی ناوخۆی سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە، دیارنەمانی پارەی بانكەكانی سلێمانی، دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی، نەدانی پارەی كۆمپانیاكانی خاوێنكردنەوە و غەرقبوونی سلێمانی لە خاشاك، بەرپرسیاریی سەرەكی لە مردنی رۆژانەی خانەنشینانی سلێمانی لەبەردەم بانكەكاندا، داگیركردنی زەویە گرانبەهاكانی سلێمانی، بەردەوامیی سەرانە سەندن لە سەرمایەدارانی شار) نابێ لەئاست ئەم رووداوانەدا فززەت لێوە بێت!

دەبێ چاو لە هەموو رووداوە خراپەكانی سلێمانی و زۆنی سەوز دابخەیت، دەبێ بەرهەم ساڵح بە (رووسپیترین بەربژێر!) بۆ سەركۆمار بناسێنیت، ئاڵا ئەسەدی بە موخڵیسترین پەرلەمانتاری كورد و شێرەژن! ناودێر بكەیت، دەبێ پشت لە هەموو سەركردە دێرینەكانی یەكێتی بكەیت و تەنانەت هەواڵی كۆڕ و سیمینارێكیشان بڵاو نەكەیتەوە، دەبێ لە فەیسبووكەكەتدا بنووسیت: ”هەموومان سۆران عومەرین!“، دەبێ عەبادی بەو گەڵوگیپاڵەیەوە، بە باشترین سەرۆك وەزیرانی عێراق بزانیت، دەبێ بەلای تۆوە قەیس خەزعەلی كاریزماترین سەركردەی عێراق بێت و حەسن پەلایسیش قارەمانترینیان! دەبێ لەلایەكەوە پۆز بە سۆشیال دیموكراتبوونتەوە لێبدەیت و لەلایەكی دیكەوە دژی پرۆسەی دیموكراسی و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان قسە بكەیت و بڵێیت: یەكێتی هەر یەكێتییە ئەگەر یەك كورسییش بهێنێت!

كاتێ ئێران یان میلیشیاكانی لە عێراق، مووشەك و درۆنیان لە هەولێری پایتەخت گرت، پێویستە پاساوی درۆ بۆ ئەو مووشەكبارانە بدۆزیتەوە و بڵێی: ”ئێران حەقیەتی و دەیەوێ لە بنكەكانی ئیسرائیل بدات لە هەولێر!“.. نابێ دوور و نزیكشیش توخنی سەركردە دێرینەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكەویت، تەنانەت بۆت نیە سەردانێكی دۆستانە و كۆمەڵایەتیشیان بكەیت، نەبادا لەسەرت بكەوێت!

لە هەمووشی ناخۆشتر ئەوەیە، ئەگەر میدیاكارێكی كوردی بەشی كاروباری سیاسی و هەواڵ و راپۆرتی نێو میدیای یەكێتی و سێبەرەكانی بیت، بۆ پەرەپێدانی توانا میدیایی و رۆژنامەوانیەكانت، دەبێ لە خولە رۆژنامەوانیەكانی ئەسفەهان و تەبریز و تاراندا بەشدار بیت!
یاڕەبی بۆ خاتری فەخری عالەم، خوا قوەتیان بدا، هەر بەڕاستی ئەركی خوشك و برا هاوكارەكانم لە میدیای یەكێتی و سێبەرەكانی، قورسە، سەختە، ئەستەمە، زەحمەتە، زۆریش زەحمەتە.