ئافرەتان لە کاری بازرگانیدا سەرکەوتوو دەبن؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئافرەتان لە کاری بازرگانیدا سەرکەوتوو دەبن؟

ئێستا ژمارەیەكی بەرچاو لە ئافرەت کاری بازرگانی دەکەن، هەندێک كەس پێیان وایە ئەوان لە کارەکەی خۆیان سەرکەوتوون و هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئافرەت و پیاودا لەوبوارەدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا پێیان وایە كارەكە بۆ ئافرەت قورس ترە، ئافرەتێكی بازرگانیش دەڵێت “من هەموو کات هانی ئافرەتم داوە، کە خاوەنی کاری خۆی بێت و پێوستی بە کەس نەبێت”.

هەواڵ عوسمان تۆفیق، مامۆستایە و کاری بازرگانییش دەکات، بۆ (باسنیوزی) ڕایگەیاند: "کاری بازرگانی بۆ ئافرەت زۆر قورسە، خۆی کاری بازرگانی لەڕاستیدا بۆ پیاویش قورسە، جا وەرە بۆ ئافرەت، چونکە لە وڵاتێکدا کە تۆ دایک بیت و مامۆستا بیت زۆر قورسە، بەڵام ئافرەت ئەگەر کاری بازرگانیی بکات، زۆر لە پیاو سەرکەوتووتر دەبێت، چونکە ئافرەت لە ئیشەکەی وردتر و جدییترە، حەزی بۆ ئیشەکەی زیاترە و دەیەوێ خۆی بسەلمێنێ. من خۆم یەکێکم لەوانەی دەمەوێ لە کاری بازرگانیدا سەرکەوتوو بم، لە هەڵبژاردنی كەلوپەلەكان و ڕەنگ و کوالێتی و سەلیقەدا باشترم”.

ئەو بازرگانە ئافرەتە زیاتر گوتی: "بە لای منەوە ئەگەر کار بکەی، نابێ بترسی، کاری بازگانی وایە هەندێ جار قورسە، بەڵام ناترسم، چونكە كاتێ تۆ کاری بازرگانیی بكەی، خوای گەورەش هاوکاریت دەکات و یارمەتیت ئەدات، ئەبێ پشتت بە خۆت قائم بێت، هەمیشە هانی ئافرەتان دەدەم كە کاری خۆیان هەبێت و پێویستیان بە هیچ کەسێك نەبێت و کاری تایبەت بە خۆی هەبێت، بەڵام بزانێ کارەکەی بە چ شێوەیەک دەکات، نابێ کارەکەی لە داب و نەریتی خۆمان دەربچێت، کارێ بکات خەڵک شانازیی پێوە بکات، هەموو کارێكیش بۆ ئافرەت گونجاوە، بەڵام نەترسێ”.

چرا تاهیر، ئەویش خاوەنی کاری سەربەخۆی خۆیەتی، بۆ (باسنیوز) گوتی: "من کاری سەربەخۆی خۆم هەیە و زۆر دڵ خۆشم بە کارەکەم، ئیشکردن بۆ خانمان هیچ‌ قورس نییە، زۆر ئاساییە ئافرەت کاری سەربەخۆی وەک بازرگانی بكات و لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێ، هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ پیاودا، زۆر جار ئافرەت کاری زۆر قورس دەکات و سەرکەوتووش دەبێت،‌ هەمووی دەگەڕێتەوە سەر توانای کەسەکە خۆی، ئەگەرنا هیچ جیاوازییەکی له کارکردن لەگەڵ پیاودا نییە”.

ئامانج دارەوان، لە بواری خانوبەرە كار دەكات، بۆ (باسنیوز)دەڵێت: "کاری بازرگانی نە بۆ پیاو و نە بۆ ئافرەت قورس نییە، هەوڵدان و پاڵپشتیی کەسی بەرامبەر وات لێ دەکات لە کارەکەت سەرکەوتوو بیت، بەتایبەت کاری بازرگانی هونەری خۆی هەیە تا بتوانی سەرکەوتوو بیت، هیچ جیاوازییش نییە پیاو بێت یان ئافرەت، ئەگەر کەسێ ئازا و بوێر بێت، دەتوانێ هەموو کارێ بکات، بێ ئەوەی بترسێت”.