داھاتی زۆنێك دەدزرێت، ئەی کوا ھەڵوێستتان؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
فرسەت سەید شکور 02/04/2022

داھاتی زۆنێك دەدزرێت، ئەی کوا ھەڵوێستتان؟

زۆر کات بیستوومانە ئیرھابیەكانی فکر لە زۆنی سەوزەوە، چ لەڕێی میدیای دامەزراوەیی و چ لەڕێی سۆشیال میدیاوە، بە دانیشتوانی زۆنی شارەكانی تر، بەتایبەتی بە خەڵكی هەولێر و دهۆك و سۆران دەڵێن: ”لەئاست كێشە و قەیرانەكاندا بێ ھەڵوێستن!“ یان لە خۆپیشاندانەكاندا نایەنە سەر شەقام!

كەچی ئەوە ساڵانێكە داهاتی دەروازە سنوورییەكانی سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكانی، هەڵەبجە و گەرمیان حەپەلووش دەكرێت، شمەكی قاچاخ و خۆراكی ماوەبەسەرچوویان لێوە دێت، داهاتی ناوخۆیییان دەدزرێت، تەنانەت چەند مانگێكە ئەو پارەیەی لە هەولێرەوە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ئەو زۆنە تەرخان دەكرێت، ئەویش لە سلێمانی دەستی بەسەردا دەگیرێت و بە هەزار حاڵ و دواكەوتن و نیوەبڕەوە دابەش دەكرێت! خانەنشینان رۆژانە لەبەردەم بانكەكاندا گیان دەسپێرن و دەمرن.

بەڵام ئەوانەی ناویان لە خۆیان ناوە (چالاكوان و رۆشنبیر و میدیاكار و نووسەر!) لە زۆنی سەوز، نە هەڵویستیان هەیە و نە دەنگی ناڕەزایی و نە خۆپیشاندان! بەڕاست كوا ئازایەتی و هەڵوێستتان لەئاست ئەم هەموو مافیاگەری و گەندەڵی و دزییەی زۆنەكەتان كە باش دەزانن جگە دەسەڵاتدارانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كەس ئەو كارانەی پێناكرێت.

ھەڵبەتە بەتاڵانبردنی داھات لە ھەر کوێیەک بێت، قابیلی ھەڵوێست و ڕەخنەیە و دەبێ ناڕەزایی هەبێت، بەڵام ئێمە ئەو هەڵویست و جورئەتەمان نەدیوە لەو برادەرانەی زۆنی سەوز، بەڕاست كوان ئەوانەی شەو و ڕۆژیان خستووەتە سەر یەک دژی حكوومەتی هەرێم و ئەو رووداوە بچووكانەی لە دەرەوەی زۆنی سەوز دەگوزەرێن، ئەرێ دەتانەوێ دەسەڵاتدارانی یەكێتی چ ستەمێكی ترتان لێ بكەن تا دەنگتان لێوە بێت؟ كوان ئەوانەی لە شەقامەكانی سلێمانی كەمپینیان دەكرد؟ بۆچی كەستان بە ڕستەیەکیش ناوێرن بە دەسەڵاتی شار بڵێن: بەسە دزی، بەسە قاچاخچێتی، بەسە ئازاردانی خەڵکی شار و موزایەدەی بێ کەڵک.

ئێستا زۆر بەڕوونی بۆ هەموومان ئاشكرا بوو كە ئەوانەی ناویان لە خۆیان نابوو (رۆشنبیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و میدیاكار و چالاكوان و پەرلەمانتار!) مەبەستم ئەوانەیە كە وا قسەیان دەكرد گوایە لە خەمی خەڵكدان و بەردەوام لە زۆنی سەوزەوە قسەیان لەبارەی رووداوەكانی هەولێر دەكرد، ئەوانە هەموویان كڕدراون و گوێلەمستی دەسەڵاتی سلێمانی و ئاغاكانی ئەو دەسەڵاتەن! دەنا هیچ ماقووڵ نیە كێشە و قەیران و دزی و گەندەڵییەكانی نێو ماڵی خۆت نەبینیت و باس لە دەرەوەی ماڵی خۆت بكەیت، دڵنیام ئیتر خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین، بەو درۆیانەتان هەڵناخەڵەتێن.

بیهێننە بەرچاوی خۆتان، ئەگەر ئەو حاڵەتە پڕ شەرمەزارییانەی چەند مانگێكە لە سلێمانی و زۆنی سەوز و بانكەكانی دەگوزەرێ، خوانەخواستە لە ھەولێر و دھۆک و سۆران و زاخۆ بوایە، ئاخۆ ئەو ئیرهابیانەی فكر لەو زۆنەوە چییان بە حكوومەتی هەرێم دەكرد؟ دڵنیام زۆرمان دەبینی و زۆرمان دەبیست و زۆرمان دەخوێندەوە! بۆیە زۆر گرنگە ئیدی لەمەودوا خەڵکی ھۆشیار و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو، ئەو خەڵکە پۆپۆلیستی و ھەلپەرست و كڕدراو و گوێلەمستانە باش بناسێتەوە و بەنەفرەتیان بكات!