ئابووریی خێزان لای پیاو بێت، یان ئافرەت؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئابووریی خێزان لای پیاو بێت، یان ئافرەت؟

بەشێک لە پیاوان خۆیان بە سەرکەوتووتر دەزانن لە ئافرەتان بۆ بەڕێوەبردنی دارایی خێزان و هەندێک لە ئافرەتانیش بەپێچەوانەوە پێیان وایە ئەوان دەتوانن باشتر خێزانەکان بەڕێوەبەرن ‌لە ڕووی داراییەوە، کۆمەڵناسانیش پێیان وایە ئەمە پەیوەندیی بە کەسایەتیی تاکەکانەوە هەیە، هەندێ لە ئافرەتان و هەندێ لە پیاوان سەرکەوتووترن.

به‌شێكی زۆری پیاوی كورد هه‌موو حساباتی دارایی و سه‌رمایه‌ی له‌ به‌رده‌ستی خێزانی داناوه‌

هاژە غەفوور ئەمین، خانمه‌ ڕاگه‌یاندكار، لەبارەی ئەوەی ئابووری لای ژن بێت باشترە، یان لای پیاو، بە (باسنیوزی) ڕاگەیاند: "بابه‌تی داهات و خەرجیی خێزانیش لە دەست ئافرەتان، یان پیاواندا، یه‌كێكە له‌ پرسه‌ سه‌ره‌كییه‌كان و كارێكی ئاسان نییه‌ و سه‌خته‌ كه‌ باری دارایی خێزانەکە جۆرێك له‌ سه‌قامگیری تێدا نەبێت، ‌جگە لەوەی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی تاك و خێزانی ئێمه‌ بۆ پرسه‌ ئابوورییه‌كان زیاتر پیاوسالارییه‌، بۆیه‌ هه‌مێشه‌ پیاو به‌ داینه‌مۆی بەدەستخستنی پاره‌ سه‌یر كراوه، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، لای به‌شێكی زۆری خێزانی كورد، ئافره‌ت وه‌ك ڕاز و نهێنیپارێزی خێزان له ‌ڕووی داراییه‌وه‌ سه‌یر كراوه‌، ئەم حاڵه‌ته‌ش، زۆر جوان و ڕێزلێگیراوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری پیاوی كورد هه‌موو حساباتی دارایی و سه‌رمایه‌ی له‌به‌رده‌ستی خێزانی داناوه،‌ بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین ئه‌گه‌ر پیاو وه‌ك سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی داهات سه‌یركرا بێت، ئه‌وا زۆر جار له ‌پرۆسه‌ی خه‌رجكردندا پیاو و ئافره‌ت هاوبه‌ش بوون، یان زۆر جار ئافره‌ت زیاتر بڕیاری له‌سه‌ر خه‌رجیی ڕۆژانه‌ داوه، ‌کە ده‌كرێت بڵێین ئه‌مه‌ بابه‌ته‌ ئه‌ساسییه‌كه‌یە، بەڵام له‌ كۆكردنه‌وه‌ی داهات ئاسته‌كه‌ سنوورداره‌ له‌ژێر كاریگه‌ریی كولتوور، هەرچەندە ڕۆژ به ڕۆژ پێگه‌ی ئافره‌ت له ‌بازاڕی كاردا له ‌زیادبوونه‌، بێگومان داهاتی ئافره‌ت ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌بینێت له ‌په‌ره‌پێدانی خێزان و کرانەوەی کۆمەڵگا و بەرپرسیارێتی و سەختیی ژیان فاکتەری جیاوازن و بە جۆرێک بوونەتە ڕێگە بۆ ئەوەی ژنانیش بتوانن داهاتی خۆیان و خێزانیش دابین بکەن.

هاژە زیاتر ڕوونی کردەوە: "لێرەدا ئەوەی خاڵی جەوهەرییە ئەوەیە کە ئایا وەک ئافرەت، یان پیاو، داهاتەکە لای کام ڕەگەزیان بێت، بە بۆچوونی من باشترین بژاردە ئەوەیە لای ئەو کەسە بێت کە ئیدارەدانێکی باش و دابەشکردنێکی باش دەکات بۆ ئەو بودجەیەی هەیە، جا مانگانە بێت، یان ڕۆژانە، بۆ بژێوی ژیانی ڕۆژانە، بەو هۆیەی ژنانی کۆمەڵگای ئێمە بە ئاسانی و بێ بەربەست ناتوانن کار بکەن، هەڵبەت دەتوانم ئەو ڕاستییەش بڵێم کە بە ئەستەمیش داهاتیان دەبێت، کەواتە پێم وایە ژنان وردتر و بە سەرنجترن لەسەر خەرجکردنی، ئەمەش خاڵی بەهێزە تا بڵێین داهات لای ئافرەتان بێت باشترە، هەنگاوی تەندروستیش ئەوەیە خێزان خاوەنی چەند سەرچاوەیەکی داهات بن و هاوبەش بن لە پەیداکردنی بژێوی ژیان، بەڵام نەک جیاواز و کیسەجیایی، کە ببێتە هۆی تێکدانی شیرازەی خێزان.

گوڵناز خۆشناو، بەرپرسی ڕێکخستنی ئافرەتان سەبارەت بە ئابووریی خێزان بۆ (باسنیوز) گوتی: "ئابووریی ماڵەوە بە ڕای من بەگشتی لەلای ئافرەت بێت باشترە، چونکە لە ڕووی باری ئابوورییەوە مەسارێفی ماڵەوە باشتر دەکات، بۆیە پێم باشە لە ڕووی ئابووری و مەسەرەفەوە ئافرەت لە ئەستۆی خۆی بگرێت، چونکە پیاوان ئەرکی دەرەوەیان لەسەر شانە و ژنانیش بەھەمان شێوە، بەڵام لە ڕووی ئیدارەی ماڵەوە ئافرەت بەھێزترە بە ھەموو شێویەک پارێزگاری لە ھەموو بابەتەکانی ماڵەوەی پێ بەڕێوە دەچێت.''

ئافرەت، یان پیاو، کامیان ئیداریتر بوو، ئەویان ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆی خۆی

توانا عوسمان محەمەدئەمین، کۆمەڵناس لەسەر ئەم بابەتە بۆ (باسنیوز) گوتی: "ئەم بابەتە پەیوەندیی بە ئاستی شارەزایی و هۆشیاریی ئابووریی هاوسەرانەوە هەیە، بەمەش بەپێی خێزانەکان دەگۆڕێت، چونکە واقعی ژیان ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە لە هەندێک خێزاندا پیاوی ماڵ شارەزایی لە بەڕێوەبردنی خەرجییەکاندا زیاتر بووە و لە هەندێکی تردا ئافرەتی ماڵ، بۆیە پێویستە هاوسەران تا ئەو ڕادەیە ئاستی ڕۆشنبیرییان بەرز بێت کە کاتێک هەستیان کرد کامیان باشتر دەتوانێت ئیدارەی خەرجیی ماڵ بکات، ئەو ئەرکە بەویان بسپێردرێت، چونکە دواجار هەموو خێزانەکە لێی سوودمەند دەبن و دەبێتە فاکتەرێک بۆ سەقامگیری و بەختەوەریی خێزان''.

کێ ئیداری بەباشی کرد پێویستە خەرجییەکانی خیزان لای ئەو بێت

نێرگز جاف، ئابووریناس بۆ (باسنیوز) دەڵێت: "لە کۆمەڵگاکاندا ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت جیاوازە، لەلای ئێمە زۆربەی پرسە ئابوورییەکان لەلای پیاوە، ئەگەر چی لەم چەند ساڵەی دوایدا ئەم بابەتەش گۆڕانکاریی بەسەر داھاتووە، چونکە ئافرەتیش تا ئاستێکی دیاریکراو بووەتە خاوەن ئابووریی خۆی، دەکرێ بڵێین کێ ئیداریتر بێت، پێویستە خەرجییەکان لای ئەو بێت، نابێت لێکدانەوەی ڕەگەزی بۆ ئەو بابەتە بکرێت، پیاو ئیداری بێت، پێویستە پرسی ئابووری لەلای ئەو بێت، یان ئەگەر ئافرەت ئیداری بێت، پێویستە پرسی ئابووری لەلای ئەو بێت''.