كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
بەرهەم عەلی 27/03/2022

پرسیارێك بۆ یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ؟

ماوەیەك لەمەوبەر، میدیای یەكێتی و هاوئاوازەكانی، لاپەڕەیەكی ئەی فۆڕیان بڵاو كردەوە و گوتیان: ”ئەمە دەقی رێككەوتنی نێوان رەوتی سەدڕ و پارتییە!“ ئیتر وەك هەنگوینیان لە داردا دۆزیبێتەوە، سێ چوار حەفتە لەسەری رۆیشتن، ئەمە بەبێ ئەوەی كەسیان هەوڵ بدەن بە رەسمی پشتڕاستی بكەنەوە كە ئایا ئەو لاپەڕەیە بەڕاستی ئەو رێككەوتنەی نێوان ئەو دوو هێزەیە، یان تەزویرە!

رۆژ تێپەڕی و هەرسێ هێز (پارتی، رەوتی سەدڕ، عەرەبی سوننە) هاوپەیمانییەكیان بە ناوی (هاوپەیمانیی رزگاریی نیشتمان) پێكهێنا و بوونە كوتلەی گەورەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەریەك لە رێبەر ئەحمەد و محەمەد جەعفەر سەدڕیان بە رەسمی كردە بەربژێری خۆیان بۆ هەردوو پۆستی سەركۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێش كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقیش بۆ هەڵبژاردنی سەركۆمار، شاسوار عەبدولواحیدیش یاداشتێكی ١٧ خاڵیی لەگەڵ رەوتی سەدر و عەرەبی سوننە ئیمزا كرد و لەو رووەشەوە كە خۆیان بەربژێریان هەیە بۆ پۆستی سەركۆمار، بڕیاری بەشداریكردنیان لەو كۆبوونەوەیەی پەرلەماندا دا.

ئێستا قسە لەسەر ئەو لاپەڕە ئەی فۆڕە نیە كە میدیای یەكێتی بە (رێككەوتنی نێوان رەوتی سەدڕ و پارتی) بە خوێنەران و بینەرانی فرۆشت! قسە لەسەر ناوەڕۆكی ١٧ خاڵەكەی شاسوار عەبدولواحیدیش نیە، قسە جەوهەرییەكە ئەمەیە: بێگومان پارتی رێككەوتنێكی چەندان خاڵیی لەگەڵ رەوتی سەدڕ هەیە، واتە ”تۆ ئەوانە بكە منیش ئەمانە دەكەم“، بێگومان كاتێكیش پارتی (هاوپەیمانیی رزگاریی نیشتمان)ی لەگەڵ سەدڕ و عەرەبی سوننە پێكهێناوە، دیسان لەسەر كۆمەڵێك خاڵ لەسەر بنەمای ماف و ئەرك، هەرسێ هێز رێك كەوتوون، شاسوار عەبدولواحیدیش ١٧ خاڵەكەی خۆی لە میدیادا بە كوردی و عەرەبی بڵاو كردەوە، واتە ئەویش داواكاریی هەبووە و دانوستانی كردووە، ئنجا بڕیاری داوە.

بەڵام من ئەم پرسیارە گرنگانەم لە یەكێتی و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری هەیە: جارێ لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەپرسم: گریمان ئەو لاپەڕەیەی لە میدیاكانتاندا بڵاوتان كردەوە، بەڕاستی رێككەوتنەكەی نێوان رەوتی سەدڕ و پارتییە! ئەوە ١٧ خاڵەكەی شاسوار عەبدولواحیدیش مەعلوومە، بەڵام پێم بڵێن، كوا دەق و لاپەڕە و خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و ئیتاڕی تەنسیقی؟ پێم بڵێن، ئێوە لەسەر چی رێك كەوتوون و ئیتاڕی تەنسیقی چی بۆ ئێوە و بۆ كورد و هەرێمی كوردستان دەكات؟ بۆچی ئێوە لە سەرەتاوە خۆتان لە بەرەی حەشد و خەزعەلی و مالیكی و عەبادیدا یەكلا كردووەتەوە؟ دە ئێوەش لاپەڕەیەكمان پیشان بدەن، ئەگەر تەزویریش بێت كێشە نیە!

پرسیارەكەی ترم بۆ یەكگرتووی ئیسلامیە: پێم بڵێن، ئێوە بەرامبەر بە چی چوونەتە نێو ئیتاڕی تەنسیقیی (چوارچێوەی هەماهەنگی)ی سەر بە ئێرانەوە؟ پێم بڵێن، چ شتێكی هاوبەش لەنێوان یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و عەسائیبی ئەهلی حەقدا هەیە؟ پێم بڵێن، لە مەكتەب هەتا مەزهەب چ شتێك سەڵاحەدین بەهادین و قەیس خەزعەلی لە یەك بەرەدا كۆ دەكاتەوە و لەسەر چی رێك كەوتوون؟ كوا خاڵەكانی رێككەوتنەكەتان؟ ئاخر ئێوە تا ئێستا نەتانتوانیوە لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری و بزووتنەوەی ئیسلامی، كە هەرسێكتان سێ حزبی سوننەمەزهەبی ئیسلامیی كوردیین، بەرەیەكی ئیسلامیی كوردی پێك بهێنن، چۆن توانیتان لە ماوەی چەند رۆژێكدا، ببن بە بەشێك لە ئیتاڕی تەنسیقیی عەرەبی شیعیی سەر بە ئێران؟ خودایە تۆ چەند گەورە و مەزنیت، چەند شتی عەجایب و غەرایبت لایە!

هەمان پرسیارم بۆ كۆمەڵی دادگەری: زەحمەت نەبێ كوا دەقی رێككەوتنی ئێوە لەگەڵ ئیتاڕی تەنسیقی؟ لەسەر چی رێك كەوتوون؟ كێ كۆی كردنەوە؟ ئێوەیەكی ئیسلامیی كوردیی سوننی، كە هیچ وتارێكی ئایینیتان نیە لابەلا هێرشێكتان تیایدا نەكردبێتە سەر مەزهەبی شیعە و كەسایەتیە دیارەكانی، ئێستا چی كۆی كردوونەتەوە لەگەڵ ئیتاڕی تەنسیقیی عەرەبی شیعەی سەر بە ئێران؟

من دڵنیام، لە دیدی سەركردەكانی ئیتاڕی تەنسیقییەوە، هەرسێ ئەو حزبە (یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو) تەنیا گەمەیان پێدەكرێت و لەو ئاستەدا نین و زۆر بچووكترن لەوەی رێككەوتنی چەندان خاڵییان لەگەڵ ئیمزا بكەن، بەڵام هەتا ئەو سێ حزبە روون و راشكاو وەڵامی ئەو پرسیارانە نەدەنەوە و تا دەقی ئەو رێككەوتنانەیان لەگەڵ ئیتاڕی تەنسیقی ئاشكرا نەكەن، خەڵك ناچارە بڕوا بەو قسانە بكات كە دەگوترێت: یەكێتی تەنیا ئیشی بەو چەندان ملیۆن دۆلارەیە كە مانگانە لەڕێی پۆستی سەركۆمارەوە دەستی دەكەوێت جیا لەوەی لەلایەن ئێرانەوە گوێی راكێشراوە. كۆمەڵی دادگەرییش هەر لە جەماعەتی گوێ راكێشراوەكانە ئەمما ئەمجارە شتێ پارەشی وەرگرتووە، بۆ یەكگرتووی ئیسلامییش ویژدان بخەنە گەڕ و خۆتان حوكم بدەن، ئایا بەرامبەر بە چی ئیلتیحاقی بە ئیتاڕی تەنسیقیی عەرەبیی شیعیی سەر بە ئێرانەوە كردووە؟ دڵنیام گوێ راكێشانەكە نیە!