ئەیاد حەسەن: بۆ ئاسانکاریی بازرگانی پێشنیاز کراوە هێڵی ئاسمانی لە نێوان هەولێر و دیاربەکردا بکرێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەیاد حەسەن: بۆ ئاسانکاریی بازرگانی پێشنیاز کراوە هێڵی ئاسمانی لە نێوان هەولێر و دیاربەکردا بکرێتەوە

ئه‌یاد حه‌سه‌ن، سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک، لە چاوپێکەوتنێکی (باسنیوز)دا ڕایگەیاند، پێشنیاز بە تورکیا کراوە کە بۆ ئاسانکاری لە نێوان بازرگاناندا هێڵی ئاسمانی لە نێوان هەولێر و دیاربەکردا بکرێتەوە کە ئەو هێڵە بۆ کەرتی گەشتوگوزار و بازرگانی باش دەبێت و هاتن و چوون ئاسان دەکات، پێشنازەکەش لە چوارچێوەی پێشانگای گەشتیاری و خواردنی میزۆپۆتامیادا لە شاری ئامەد (دیاربەکر) کە لە ڕۆژی 24/3/2022 کراوەتەوە، لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێرەوە خراوەتە ڕوو.

(باسنیوز): ئێستا کەرتی بازرگانی لە چ ڕەوشێکدایە و شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا چ کاریگەرییەکی لەسەر بازرگانی هەبووە و چ ڕێگایەکی بەدیل بۆ هاوردەکردنی کاڵا گیراوەتە بەر؟

ئه‌یاد حه‌سه‌ن: پڕۆسەی بازرگانی لەگەڵ دەوڵەتان بە شێوەیەکی باش گەشەی کردووە و بازرگانانی دهۆک زیاتر لە تورکیاوە کاڵا دێنن و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرایناش بووەتە هۆی زەحمەت بۆ ئەو کۆمپانیایانەی ڕاستەوخۆ لەو دوو وڵاتەوە کاڵایان هاوردە دەکرد، لە تورکیاش ئەو کارگایانەی کەرەستەیان لە ئۆکراینا و ڕووسیاوە بۆ خۆیان دابین دەکرد لە ناوخۆی تورکیادا کاڵاکانیان گران بووە، بەڵام بازرگانانی ئێمە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانییان کردووە بۆ ئەوەی بەهای کاڵاکان لە بازاڕدا زۆر گران نەبێت، لە کاتێکدا کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و کرێی گواستنەوەش کاریگەریی لەسەر بازرگانی داناوە، چونکە ئەو کەرەستانەی هاوردەی دەکەین ئەگەر لە سەرچاوەوە بەهاکەیان بەرز بێتەوە، لێرەش گران دەبن.

(باسنیوز): لە پارێزگای دهۆک هیچ پلانێک بۆ چاودێری هەیە کە فرۆشیار بەهای کەلەپەل گران نەکەن؟

ئه‌یاد حه‌سه‌ن: لە دهۆک چەند تیمێکی چاودێری پێک هێنراون و بەردەوام بەدواداچوون بۆ ڕەوشی بازاڕ دەکەن و ڕێگە نادەن ئەو نرخانەی دانراون، زیاد بکرێن، بۆ ئەوەی گرانی نەکەوێتە بازاڕەوە، ئێستا کێبڕكێ لە نێوان بازرگانانی دهۆکیشدا پەیدا بووە بۆ ئەوەی هەر کەسە و زووتر کەلوپەلی خواردن و خواردنەوە و ناوماڵ بفرۆشێت و لەناو کۆگاکانیاندا نەمێنن، چونکە ئەگەر بمێننەوە ئیکسپایەر دەبن و زیان بە بازرگانەکان دەگات، بۆیە بازرگانان هەوڵ دەدەن کاڵای خۆراکی زووتر بفرۆشن.  

(باسنیوز): ئێستا ڕەوشی بازرگانی چۆنە؟ بازرگانانی دهۆک زیاتر لە چ وڵاتێکەوە کاڵا و کەلوپەل هاوردە دەکەن؟

ئه‌یاد حه‌سه‌ن: سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەرمان بەرفرەوانە، بەتایبەتی لە لای عێراق و لە بەسرەوە لەگەڵ ئێران و سووریا و ئوردن پەیوەندی هەیە و بازرگانانی ئێمە توانیویانە خۆیان بگەیەننە هەموو جیهان و تەنانەت ئێستا بازرگانانی ئێمە لە ئەورووپا و دەوڵەتانی ئاسیاوە کاڵا و کەلوپەلی خواردن و خواردنەوە و ناوماڵ و بیناسازی و پیشەسازی دێننە ناو دهۆک، بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەندەنوسیا، مالیزیا و کەنەدا، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بازاڕ نەکەوێتە ژێر هیچ کاریگەرییەکەوە و هەموو شتێک لە بازاڕدا هەبێت و هیچ بۆشاییەک پەیدا نەبووە، ئەو ڕێژەی گرانییەش کە بووە، هی ئەوەیە کە لە وڵاتان گران بووە، بۆ نموونە لە تورکیا، چونکە بۆ نموونە، زەیت زیاتر لە ئۆکرایناوە دەهات و گەنم بۆ ئارد زیاتر لە ڕووسیا و ئۆکرایناوە دەهات کە بەهۆی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتەوە گران بوون، لە پارێزگای دهۆک دوو کارگەی زەیت هەیە و بەردەوام کار دەکەن و کارگەی زەیتی زەیتوونیش لە دهۆک دانراون.

(باسنیوز): ئەو بازرگانانەی لە ڕووسیا و ئۆکرایناوە کاڵایان هاوردە دەکرد، ئێستا ڕێی دیکەیان گرتووەتە بەر؟

ئه‌یاد حه‌سه‌ن: چەند سەرچاوەیەکی دیکە هەن، وەکوو دەوڵەتانی مالیزیا و کەنەدا و ئەندەنوسیا و چەند دەوڵەتی دیکەش، بەوەش تەنیا پشت بە ڕووسیا و ئۆکراینا نەبەستراوە.