چواره‌م
یه‌كێك له‌و شتانه‌ى، كه هۆكاره بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه وه‌ك كورد كۆك و ته‌با نه‌بین، ئه‌وه‌یه كه شتێك نییه كۆمان بكاته‌وه. كتێبێك و پەیڕه‌وێك، ئایینێك، یاخود ڕێسا و یاسایه‌ك، یان بیروباوه‌ڕێكى گشتى و بۆچوونێكى سه‌رتاسه‌رى و گشتگیر، به‌وپه‌ڕى په‌رۆشییەوه، كه په‌نده‌كانى (پیره‌مێرد)م خوێنده‌وه به‌و ڕاستییه گه‌یشتم، كه (شێوازى ژیان) رێسا و یاسا و پەیڕە‌وێكه، كه له ئایین گرنگتره، بگره جۆرێكى هێنده گرنگى ژیانكارییه، كه نموونه‌كه‌ى به شتى تر به‌راورد ناكرێت.
(پیره‌مێرد)ى مه‌زن سێ به‌رگى داناون و ناوى ناون (په‌ند)، ده‌یخوێنیته‌وه نازانیت چى بڵێیت! كۆمه‌ڵێك ئیدیوم و گه‌وهه‌رى كۆكراوه‌ن، باسى ژیان، فه‌رهه‌نگ، كولتوور، سیاسه‌ت، ئابوورى و كشتوكاڵ و زینده‌گیى گشتى ده‌كات، نازانم بیرم له چى كردبێته‌وه، له‌و په‌ندانه‌دا نه‌مدۆزیبێته‌وه.
ده‌زانم ئێستا هه‌ن گاڵته به‌و بیركردنه‌وه‌ى من ده‌كه‌ن، به‌ڵام نازانم كه ده‌یخوێننه‌وه چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك سه‌رسام نابن.
من نامه‌وێت چه‌ند په‌ند و وانه‌یه‌ك له‌وانه تۆمار بكه‌م، به‌ڵام ده‌زانم ئه‌مانه بۆ (شێوازى ژیان)ى نموونه‌یى نووسراون.
(شێوازى ژیان) له ئایین پڕ نموونه‌یىتره. ئایین حوكمى ئایدۆلۆژى و زه‌برى هه‌یه، شێوازى ژیان شتێك ده‌هێڵێته‌وه، كه تۆ خۆت بڕیار بدەیت. ئه‌و په‌ندانه پێشه‌نگییه‌كى نوێگه‌رانەیە له‌سه‌ر ئاستى جیهان، بڕیار نادات و هیچت به‌سه‌ردا ناسه‌پێنێت و بە زمانى حاڵى ده‌ڵێت "هیچ كاڵایه‌كى ئایدیۆلۆژى و هیچ بیروباوه‌ڕێكت به‌سه‌ردا ناسه‌پێنم و شتێكت پێشكه‌ش ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر به دڵت نه‌بوو و بۆ تۆ گونجاو نه‌بوو، لێم وه‌رمه‌گره"
په‌نده‌كانى پیره‌مێرد، سه‌رچاوه‌كه‌یان كه‌ڵه‌كه‌كردنى زانینى ئه‌زموونێكى درێژخایه‌نى مرۆڤه، ده‌كرێت له‌ڕێى ئایدۆلۆژییه‌وه، كه ئایدۆلۆژییش نین، ڕه‌ت بكرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مانه بۆ ئه‌زموونى ژیارى مرۆیى، نه‌ك بۆ فه‌لسه‌فه‌لێدانى فیلۆسۆفى، ناكرێت به فره بایه‌خدار و پڕگرنگ تۆمار نه‌كرێن.
فه‌لسه‌فه و فه‌لسه‌فه‌لێدان ناكرێت بۆ قۆناغێك، كه بیركردنه‌وه‌ى مرۆیى وروژاندو‌وه و هانى داوه بیر بكاته‌وه، چ گرنگ نه‌بێت، ئه‌مه بێدادییه من بیڵێم، كه عومرێك سه‌رقاڵى فه‌لسه‌فه‌لێدان بووم و فه‌لسه‌فه‌م بڵاو كردووەته‌وه. نامه‌وێت بانگى ئه‌وه‌ش بده‌م، كه فه‌لسه‌فه مردووه و به خه‌ڵكى بڵێم "ده‌ستبه‌ردارى فه‌لسه‌فه بن".
من نه له‌وانه‌م و نه له‌وانەش ده‌بم، به‌ڵام له‌م ئه‌زموونى ژیانه‌دا، كه به‌شێكى په‌یوه‌سته به تایبه‌تمه‌ندیى ئه‌م قۆناغه‌ى ژیانى منى مرۆڤى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ى جیهانه‌وه، مافى ئه‌وه‌م نییه بڵێم "ده ساڵى تر، یان په‌نجاساڵى تر‌ى ژیان پێویسته پێوه‌ى پابه‌ند بن".
با نموونه‌یه‌ك باس بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ى بۆچوونه‌كه‌م بگه‌یەنم و به چه‌ند پرسیارێكه‌وه په‌یوه‌ستى بكه‌م:
بۆچى له (ژاپۆن)، یان له (سوید) ڕێژه‌ى خۆكوشتن زیاتره له وڵاتێكى ئه‌فریقایى وه‌ك (سۆماڵ)، یان له شارێكى وه‌كوو به‌سره‌ى (عێراق)، كه ته‌نانه‌ت ئاوى شیرینى خواردنه‌وه‌یان نییه، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سته‌واره‌یه‌ك نان بكڕن بۆ ژیان، سه‌عاتێك به‌ناو قوڕاودا ڕێ ده‌كه‌ن؟
له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر ژیان به‌هاى هه‌بێت، به شێوازه‌كه‌یه‌وه‌یه. گرنگ نییه له (تۆكیۆ)ى (ژاپۆن) بیت و شێوازى ژیانت به ڕاده‌یه‌ك ناخۆش بێت خۆت بكوژیت، یان له (فه‌لووجه)ى (عێراق) بیت، به‌ڵام به‌خته‌وه‌ر بیت. ژیان بۆ مرۆڤ له هه‌ر كوێیه‌ك بێت هه‌ر ژیانه، به‌ڵام كوێرەو‌ەرى و به‌خته‌وه‌رى، شوێن و زه‌مان بڕیارى لێ نادات و پێوه‌ر (شێوازى ژیان)ه.
له‌ڕاستیشدا هیچ به‌ڵگه‌یه‌گ نییه بۆ ئه‌وه‌ى مرۆڤ له پێنج سه‌د ساڵ پێش ئێستادا به‌خته‌وه‌رتر نه‌بوون له مرۆڤى ئه‌م سه‌رده‌مه. ئه‌گه‌ر پێوه‌ره‌كه‌ت ئه‌وه‌یه، كه ده‌ردودووى (تاعوون) هه‌بووه و ئێستا نییه، وه‌ڵامت ده‌ده‌مه‌وه كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا چه‌كى ئه‌تۆمى نه‌بووه، كه هه‌زار جار له تاعوون زیاتر ده‌توانێت مرۆڤ لەناو ببات.
شوێن و كات و جیاوازییه‌كانى نێوانیان پێوه‌ر نیین بۆ به‌خته‌وه‌ریى مرۆڤ، بۆ ئه‌وه‌ى بڵێیت كامیان له كامیان باشتر بووه. ئێمه زۆر جار شۆخیى ده‌كه‌ین به‌وه‌ى، باپیرانمان ئاوى گه‌رمیان نه‌بووه و به ئاوى سارد خۆیان شوشتووه، یان ته‌له‌فۆن و مۆبایل و ئه‌نته‌رنێتیان نه‌بووه و به شێوازى تر په‌یوه‌ندییان كردووه، نازانیت ده‌ره‌نجامى ئه‌مانه‌ى كه ئێستا هه‌ن، له‌سه‌ر ته‌ن و ساغه‌ڵه‌میى ئه‌قڵ و سروشتمان باشن و ئه‌وه‌ى ئه‌وان خراپ بووه.
پێویسته جیاوازى بكه‌ین له‌نێوان (گه‌شه‌كردن) و (پێشكه‌وتن)دا. مرۆڤایه‌تى پێش كه‌وتووه، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵگانه چین كه ده‌ڵێت "گه‌شه‌مان كردووه"؟
هه‌ر دوێنێ بوو، كه (ده‌رده كۆرۆنا) سه‌لماندى، كه پێش نه‌كه‌وتووین و هیچیش نازانین، ئه‌مڕۆش ده‌یسه‌لمێنێن، له به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانى چه‌كى ئه‌تۆمیداین، كه گوایە به‌رهەمى پێشكه‌وتنه (هیچ گریمانه‌یه‌كیش نییه بۆ به‌كارهێنانى به شێوه‌یه‌كى زۆر خراپتر له‌وه‌ی له هێرۆشیما و ناگازاكى به‌كار هێنرا)، هیچیش نییه له‌مپه‌ر بێت بۆ ئه‌وه‌ى شێوازى ژیانمان باش بێت و گه‌شه بكات، له ئاستێكى باشتر له‌وه‌ى ئاست و شێوازى ژیانى باووباپیرانمان بووه.
باوك و باپیرى تۆ له ڕووى ساغڵه‌میى ده‌روونى و ئه‌قڵییه‌وه، دروستیى سه‌د جار له تۆ باشتر بوو. سه‌د جار له تۆ باشتر و ساغڵه‌متر ده‌یخوارد و ده‌یخوارده‌وه، كه ته‌نانه‌ت جگه‌ره و دووكه‌ڵیشى ده‌كێشا، هەر ئه‌و باشتر بوو.
هیچت به ده‌سته‌وه نییه بۆ ئه‌وه‌ى بڵێیت: "من له‌پێش ئه‌وه‌وه‌م" كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌ى زانستی نه‌بێت كه به‌بێ ئه‌وه‌ى تا چه‌ند ساڵێكى تر بیسه‌لمێنى باشترن و كه دیاریش نین باشترن، په‌شیمان نه‌بیته‌وه بڵێیت "ئه‌و سه‌د ساڵه‌ى ئه‌و، نه‌ك هه‌ر باشترن، به‌ڵكوو سه‌ركه‌وتووترن"
كه پێش كه‌وتوویت، ناكاته ئه‌وه‌ى گه‌شه‌ت كردووه! كه گه‌شه‌ت كردووه و پێشكه‌وتوویت و شێوازى ژیانت باش و چاك كردووه.
هه‌ڵبژاردنى (شێوازى ژیان) ڕێبازێكه پێش ئایین و ئایدۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه و پێشكه‌وتنیشى داوه‌ته‌وه، چونكه له به‌ره‌ى گه‌شه‌پێداندایه و ته‌نیا گه‌شه‌پێدانیش له به‌ره‌ى مرۆڤایه‌تییه.
من هه‌ر ده‌مویست ئه‌م باس و خواسانه فه‌رامۆش بكه‌م و هه‌رچیى ده‌نووسم، بۆ ئه‌وه بێت باسى (په‌نده‌كانى پیره‌مێرد) بكه‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ندە گرنگن، سه‌د ده‌رگا ده‌كه‌مه‌وه و ناچمه‌وه سه‌ر ئه‌و.
ده‌زانم سه‌د ده‌رگا و هه‌زار ده‌رگا و ده‌لاقه‌ش چه‌ند پرشنگێكى مانگی لێوه بێنه تاریكییه‌وه، به قه‌باره‌ى شه‌به‌نگى خۆر گرنگ نییه.
ئه‌گه‌ر هێشتا له جیاوازیی (پێشكه‌وتن) و (گه‌شه‌كردن) تێ نه‌گه‌یشتوویت، بۆ تێگه‌یشتن ئه‌و نموونه‌یه‌ى سه‌ره‌وه‌م له‌به‌رچاو بگره.
به‌شێكى گه‌وره‌ى (گه‌شه‌كردن) ئه‌وه‌یه، كه دان به‌و ڕاستییه‌دا بنێیت، كه هێندێكى زۆر له (پێشكه‌وتن) له دواكه‌وتن كه‌متر نییه!