کەمینەیەکی دۆڕاوی پاوانخواز
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
فرسەت سەید شکور 26/03/2022

کەمینەیەکی دۆڕاوی پاوانخواز

لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی دونیادا، بۆ نوێکردنەوەی سیستمی حوکمڕانی و چاکسازی و گۆڕانکاریی ڕیشەیی، ھەڵبژاردن بنەمای سەرەکیی دیموکراسییە، خەڵکی عێراقیش لەو پێناوەدا بەھیوای بەدیھێنانی داخوازییەکانییەتی لە حوكمڕانییەکی نوێ لە عێراقدا، تەنیا لای لایەنە وەلائیەكان و ئەوانەی وابەستەی ئەجیندای ئیقلیمیین نەبێت، كە داخوازیی خۆیان پێش هەموو بەرژەوەندییەكی خەڵكە.

لەملاشەوە لە هەرێمی كوردستان، کۆمەڵێک بەناو حزبی سیاسی، تەسلیمی سیاسەت و ئەجیندای ئێران بوون و لەپێناو ڕازیکردنی دڵی ئەوان، دڵی دەنگدەرانی خۆیان و خەڵکی کوردستانیشیان دۆڕاندووە، بەڵام خەڵکی عێراق بەگشتی، زۆرترین متمانەی بەو ھێزانە داوە كە دەیانەوێ پەرلەمان کۆ ببێتەوە و حكوومەتێکی نوێ پێکبێت.

ڕوونە ئەوانەی دژی ئەم ڕەوتەن، دۆڕاوەکانی عێراقن و تەنیا ئامانجیان پەکخستنی ئیرادەی سیاسی و حوكمڕانییە لە عێراق، لەپێناو مانەوەی کەمینەیەکی پاوانخواز، دەنا ئەگەر بوێریی سیاسییان ھەبێت و بۆ خەڵك كار بكەن و متمانەی گەلیان هەبێت، چ پێویست دەکات دەوڵەتانی دەوروبەر، دەستی لەنێو تەواوی جومگە سیاسی و سەربازییەکانی عێراقدا ھەبێت؟

ئەم ھەژموونەی ئێران و ئەم ئەجیندا ئیقلیمییە لە عێراق، لەلایەن ئەم کەمینەیەوە دەپارێزرێت، بەڵام پێناچێت ئەم پاراستنەش زۆر بخایەنێت، چونکە دوایین دەرەنجامی ھەڵبژاردن لە عێراق ئەوەی دەرخست كە خەڵک حكوومەتێکی نوێی دەوێت، کە لەژێر فەرمانی ھیچ ھێز و وڵاتێکی ناوچەکەدا نەبێت.

لە ھەرێمی كوردستان، ئەمجارەش کاریگەریی گەورە و ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپات کرایەوە، بەو پێیەی، بە 31 کورسیی پەرلەمانییەوە، 202 پەرلەمانتاری لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی عێراقیان ھێنایە نێو پەرلەمان، کەچی بە ھەموو بەرەی ئێران، تەنیا 125 پەرلەمانتاریان بۆ کۆ کرایەوە.