كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی ئیستانبوڵ دەستی پێ کرد

دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی ئیستانبوڵ بە نیشاندانی فیلمی ''کوردێن ئێزدی'' دەستی پێ کرد کە ئەو فیلمە لە ساڵی 1933 لە گوندێکی کوردان لە وڵاتی ئەرمینیا بەرهەم هاتووە.

ئەو فێستیڤاڵە 28 فیلمی درێژ و کورتەفیلم و بەڵگەفیلم لەخۆ دەگرێت کە باسی کولتوور، مێژوو و بەسەرهاتەکانی کورد دەکەن و ژمارەیەکی زۆر سینەماکار و دەرهێنەر لە چوارپارچەی کوردستانەوە تێیدا بەشدارن و ئەوەش گرنگیی سینەما لە بواری کولتوور و زمانی کوردیدا نیشان دەدات.

بەهۆی ئەوەی پۆلیسی تورکیا لە کاتی ئاهەنگی نەورۆزدا لە ئامەد (دیاربەکر) پۆشینی جلوبەرگی کوردیی قەدەغە کردبوو، ئامادەکاران و بەشێکی زۆری بەشدارانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی ئیستانبوڵ بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی دژی ئەو بڕیارە دەوەستنەوە.

لەم بارەیەوە، خەزال گولتەکین، ئەندامی کۆمیتەی فێستیڤاڵەکە ڕایدەگەیەنێت، لەبەر ئەوەی سیستەمی ئێستای تورکیا ڕێگری لە کولتوور و سینەمای کوردی دەکات، بۆیە مافخوازانی کورد فێستیڤاڵی لەم جۆرە بەڕێوە دەبەن.

خەزال گولتەکین بە کەناڵی (کوردستان 24)ی ڕایگەیاندووە: ''ئێمە پیشتر جارێکی دیکە ئەم فێستیڤاڵەمان بەڕێوە بردووە و لەوێدا بەو ئەنجامە گەیشتین کە گەلەکەمان دەیەوێت چیرۆکەکانی خۆی لە هۆڵی سینەمادا ببینێت و باسیان لەسەر بکات''.

لە یەکەم ڕۆژی فێستڤاڵەکەدا فیلمی ''کوردێن ئێزدی'' نیشان درا کە لە گوندێکی کوردان لە ئەرمینیا بەرهەم هاتووە و باسی دژایەتیی شێخ و ئاغا لەسەر پەروەردە و ژیانی بەزەحمەتی ژنان و گرنگیی خوێندن دەکات.

ژمارەیەکی زۆر سینەماکار، دەرهێنەر و ئەکتەر لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژاوا، باشوور و باکووری کوردستانەوە لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن.

هەر لەم بارەیەوە، زانیار محەمەدی‌نیکوو، ڕایگەیاند: ''چواری فیلمی من لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن، دوو فیلم لە ڕۆژهەڵات و دوو فیلمیش لە باشوورەوە، یەکێک لە فیلمەکانم ناوی “شوێنپەنجە”یە و لەم فێستیڤاڵەدا نیشان دەدرێت. ئەم فێستیڤاڵە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کولتووری ئێمە دەبێت، سینەما لە گوتن و نووسین بەهێزترە و دیارە کە کاریگەریی سینەما لەسەر مرۆڤ زۆر زۆرە و هیوادارم ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بەردەوام بن''.

میهرەبان ڕزگار، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانییش ڕایگەیاند: ''بەڕێوەچوونی ساڵانەی فێستیڤاڵی فیلم بە ڕێکوپێکی کە زۆر فیلمی کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستانەوە تێیدا بەشدار بن، بۆ هەموو کورد، بەتایبەتی کوردانی دانیشتووی ئیستانبوڵ زۆر گرنگە، ڕەوشێکی زۆر خۆش لەم فێستیڤاڵەدا هەیە، هەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردی لەم فێستیڤاڵەدا قسەیان پێ دەکرێت و بەمە دڵخۆشین''.

هاوسەرۆک و ژمارەیەکی زۆری بەڕێوەبەرانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەو فێستیڤاڵەدا ئامادە بوون و سەرنجیان خستە سەر گرنگیی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بۆ کولتوور و زمانی کوردی.

لەم بارەیەوە، پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە، ڕایگەیاند: ''بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لەم سەردەمەدا کە زۆر زەخت و قەدەغە لەسەر کورد و کوردی هەیە، زۆر گرنگ و پێویستە و نیشاندانی کولتوور و مێژوو و ژیانی کورد لە ڕێی فیلمەوە زۆر بەنرخە و من سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە کاریان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم فێستیڤاڵە کردووە''.

هەر لەم پەیوەندییەدا، مەدحەت سنجار، هاوسەرۆکی هەدەپە، گوتی: ''بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی لاوازکردنی کولتوور و زمانی کوردی، بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە فێستیڤاڵە زۆر گرنگە و ئێمە گرنگیی پێ دەدەین و ئەم فێستیڤاڵە نیشانەی کار و تێکۆشانە و کولتووری کوردی بە بەرەنگاری و خەبات پێش دەکەوێت و بۆ ئەو مەبەستەش سینەما زۆر گرنگە، زۆر سینەماکاری باش هەن کە لەسەر کولتوور و مێژوو و ژیانی کورد کار و خەبات دەکەن و لە ڕێی سینەماوە ناهێڵن کورد لەبیر بچێتەوە و بیری کورد بەزیندوویی دەهێڵنەوە، من داوا لە هەموان دەکەم کە پشتگیریی ئەم فێستیڤاڵە بکەن''.

ئەم فێستیڤاڵە کە لەلایەن ''کۆلەکتیفا سینەمایێیا ناڤەندا چاندا مەزۆپۆتامیایێ''وە بەڕێوە دەچێت هەتا 29ی ئادار و بە نیشاندانی 28 فیلمی درێژ و کورتەفیلم و بەڵگەفیلم بەردەوام دەبێت.