كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

د. سەركەوت حەمەدەمین: لەگەڵ تیمێکی بیانی سەرقاڵی دووبارە دروستكردنەوەی خانە و شانەی دڵی مرۆڤین

د. سەركەوت حەمەدەمین، توێژەری بواری پزیشکی و مامۆستای زانكۆی سۆران، ئێستا بۆ توێژینەوەیەكی پزیشكی سەردانی وڵاتی ئەڵمانیای كردووە و لەگەڵ ژمارەیەك توێژەری بیانی سەرقاڵی ئامادەكردنی توێژینەوەیەكن لەسەر دووبارە دروستكردنەوەی خانە و شانەی دڵی مرۆڤ.

د. سەركەوت حەمەدەمین لە دیمانەیەكی لەگەڵ (باسنیوز)دا باسی ئەو توێژینەوەیە دەكات و دەڵێت: ''توێژینەوەكەمان بریتییە لە دووبارە دروستكردنەوەی خانە و شانەی دڵی مرۆڤ لە ڕێگەی گەشەكردنی خانەی هاندەری بنچینەیی مرۆڤ لە تاقیگەدا و گۆڕین و هاندانی خانە بنچینەییەكان بۆ خانەی سەرەتایی موولوولەكان و دڵی مرۆڤ''.

ئەو توێژەرە كوردە باس لە بیرۆكەی سەرەتایی سەرهەڵدانی پرۆژەكە دەكات و دەڵێت: ''ئەم پرۆژەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٢٠١٦) كە سەرەتا تەنها توانیمان لە تاقیگەدا خانە هاندەرە بنچینەییەكان بە جۆریەتییەكی بەرز و ڕێژەیەكی زۆر گەشە پێ بكەین و دواتر دەستمان كرد بە گۆڕینی ئاراستەی گەشەكردنیان بۆ خانەكانی دڵی مرۆڤ، لە ئەنجامدا تەواوی كارەكەمان لە گۆڤارێكی ئاستبەرزی جیهانیدا بڵاو كردەوە كە ئەمە بەستەرەكەیەتی (https://www.thno.org/v09p7222)، دواتر دەستمان كرد بە دروستكردنەوەی شانەی دڵی مرۆڤ، ئەنجامەكان لەم مانگانەی دواییدا دەركەوت، سەردانی ئەم بەستەرە بكەن بۆ بینینی چۆنیەتیی كرژبوون و خاوبوونەوی شانەی دروستكراوی دڵی تاقیگەیی (https://www.cardiac-tissue-engineering.eu/).

د. سەركەوت حەمەدەمین گرنگیی توێژینەكەوە لەوەدا دەبینێت كە پرۆژەیەكی گەورەیە و دەڵێت: ''سەرەتا لە تاقیگەدا تەنها هەوڵی دووبارە گەشەكردنی خانە هاندەرە بنچینەییەكانمان دا و ئەم كارە نزیكەی ساڵیك كاتی ویست، دواتر دەستمان كرد بە دووبارە دروستكردنەوەی خانەكانی دڵی مرۆڤ بە ژمارەیەكی زۆر و ڕێژەیەكی بەرز لە جۆریەتیی خانەكانی دڵی مرۆڤ، ئەم كارەمان لە گۆڤارێكی ئاستبەرزی زانستیی جیهانیدا بڵاو بووەوە كە تێیدا ئاماژە بە ناوی زانكۆی سۆران و كوردستانیش كرابوو، ئەمە بەستەرەكەیەتی (https://www.thno.org/v09p7222) و دواتر دەستمان كرد بە دووبارە دروستكردنەوەی خانەكانی موولوولەكانی خوێنی مرۆڤ بە ناوی خانەی ئیندۆسیلین، ئەم كارەمان لەژێر چاپدایە و لەم یەك دوو مانگەی داهاتوودا چاپ دەبێت''.

ئەو توێژەرە كوردە پرۆژەكە زۆر بە گرینگ دەزانێت و دەڵێت: ''١- ڕێگەی توێژینەوە ئاسانتر دەكات دەربارەی تێگەیشتن لە سروشتی خانەی دڵ و موولوولەكانی خوێنی مرۆڤ؛ ٢- وا دەكات ئاسانتر دەرمانە نوێیەكان تاقی بكرێنەوە بێ ئەوەی خودی مرۆڤ و گیانەوەری تێدا بەكار بێت، ئەمەش بەشی زۆری كیشەی فەلسەفە و ئەخلاقی زانستی و ئایینی چارەسەر دەكات، چونكە لە تاقیكردنەوەكانی زانستی پزیشكیدا چیی دیکە پێویست ناكات كۆرپەلەی گیانەوەران و مرۆڤ لەبار ببردرێت بۆ توێژینەوە زانستییەکان و دۆزینەوەی دەرمانی نوێ؛ ٣- لە داهاتوودا ئەگەری زۆر هەیە ڕاستەوخۆ خانە، یان شانە دروستكراوەكانی نێو تاقیگە لە دڵی جەڵتەلێدراودا بچێندرێن و دەرهاویشتەكانی جەڵتەی دڵ كەم بكرێتەوە، یان هەر نە‌هێڵدرێن''.

سەبارەت بەوەی كە كێ سوودمەندی یەكەم دەبێت لە كاتی سەركەوتنی پرۆژەكەدا، د. سەركەوت حەمەدەمین دەڵێت: ''لەبەر ئەوەی پێشبینی دەكرێت كە ڕێژەكی زۆری خەڵک تووشی نەخۆشییەكانی دڵ ببن لە ساڵانی داهاتوودا، بۆیە ئەم تەكنەلۆجیایە زیاتر هاوكاریی توێژەران و پزیشكان دەكات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نوێ بۆ نەخۆشییەكانی دڵ، بێگومان كەسانی تووشبوو بە نەخۆشییەكانی دڵ، بەتایبەت جەڵتەی دڵ، سوودمەندی یەكەم دەبن. هەروەها هاوكاریی زۆری ناوەندەكانی توێژینەوە دەكات بۆ هەبوونی ڕێگەیەكی نوێی توێژینەوەی زانستی، بێ ئەوەی خودی مرۆڤ و گیانەوەرانی تێدا بەكار بێت، بەمەش هاوكارییەكی زۆری ژینگە و كۆمەڵەی پارێزەرانی سروشت و مافی ئاژەڵان دەکات''.

بایۆگرافیی د. سەركەوت حەمەدەمین

باوكی خەڵكی گوندی دەرگەڵە، سەر بە قەزای ڕواندزە و دایكیشی خەڵكی شاری ڕواندزە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی لە شاری ڕواندز سەر بە پارێزگای هەولێر تەواو كردووە، بڕوانامەوی بەكالۆریۆسی لە بەشی بایۆلۆجی سەر بە كۆلێژی پەروەدەی زانست لە زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێر وەرگرتووە، بڕوانامەی ماستەری لە بایۆلۆجی-كارئەندامزانیی گیانەوەری لە بەشی بایۆلۆجی سەر بە كۆلێژی زانست لە زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێر وەرگرتووە، بڕوانامەی دكتۆرای لە كارئەندامزانیی پزیشكی و دەرمانی دووبارە دروستكردنەوە لە ناوەندی توێژینەوەی كارئەندامزانی و پاسۆفیسیۆلۆجی سەر بە  فاكەڵتی پزیشكیی زانكۆی كۆڵن لە شاری كۆڵنی ئەڵمانیا وەرگرتووە.