واز لە خۆفرۆشی بێنن، نەورۆز بۆ كەركووكیەكان لێگەڕێن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەرمن ئەحمەد 16/03/2022

واز لە خۆفرۆشی بێنن، نەورۆز بۆ كەركووكیەكان لێگەڕێن

نه‌ورۆز، یه‌كێكه‌ له‌ جەژنە هەرە دێرین و پیرۆز و‌ مێژووییه‌ گرنگه‌كان بۆ كورد به‌تایبه‌تی و بە ئه‌و گه‌لانه‌ی تری ئارییش بەگشتی، تا ئێستاش بە ‌زیندوویی ماوه‌ته‌وه‌، كورد له‌ هه‌ر شوێنێك بژی و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌ر دەسەڵات و ده‌وڵه‌تێكدا بێت، جەژنی نه‌ورۆز پیرۆز ده‌كه‌ن.

نه‌ورۆز، جیا لەوەی سەری ساڵی كوردانە، هێمای ئازادی و بەرخودان و قوربانیدانیشه‌، جەژنی سروشت و جوانییشە، بۆیە كوردستانیان وەك پیرۆز ڕاگرتنی به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، نێر و مێ، پیر و گەنج، منداڵ و گەورە، لە جەژنی نەورۆزدا ئاگری ئازادیخوازانە دەكەنەوە، ئاهەنگ دەگێڕن، هەڵپەڕكێ دەكەن، دەچنە سەیران و دەشتودەر، جلوبەرگی كوردی بە رەنگی ئاڵ و واڵا دەپۆشن، به‌تایبه‌تی ژنان له‌م بۆنەیەدا به خشڵی گۆبه‌رۆك و مله‌شیلان و حێل و مێخه‌ك و پڵپله‌ و سه‌روبه‌ست و سه‌رپه‌رچه‌م و زڕه‌ی بازن و خڕخاڵه‌كانیان، خۆیان جوانتر ئه‌ڕازێننه‌وه‌، نه‌ورۆز نیشانده‌ری به‌شێكی زۆرە له‌ كولتوور و كه‌له‌پووری رەسەنی نه‌ته‌وه‌ی كورد.

دوێنی ١٥\٣ به‌ بیستنی هه‌واڵی عه‌ریزه‌كه‌ی چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان كە عەریزەیەكیان بە پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك دابوو تا رێگەیان پێ بدات ئاهەنگی نەورۆز لە كەركووكی دڵی كوردستان بگێڕن! جبوورییش بە یەك كۆمەڵ مەرج و تەرخانكردنی تەنیا سێ سەعات بۆ ئاهەنگەكە، وەڵامی دانەوە! شۆك بووم.

خه‌مه‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی خو‌ڵقێنه‌ری خیانەتی 16 ئۆكتۆبه‌ر بوون، ئەو كەركووكە نازادارەیان كرد به‌ قو‌ربانی گیرفان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان و ئەو شارەی كوردستانیان بەو دەردە برد، كه‌چی ئێستا گوایە ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كه‌ن، عه‌ریزه‌ پێشكه‌ش به‌ (پارێزگاری كه‌ركووك به‌ وه‌كاله‌ت) ده‌كه‌ن تا رێگه‌یان پێ بدات ئاهه‌نگی نەورۆز بگێڕن و ئنجا بیكه‌ن به‌ منه‌ت به‌سه‌ر كه‌ركووكیه‌كان و بڵێن ئه‌ها ئێمه‌ له‌ خه‌می ئێوه‌داین!

جا یادكردنه‌وه‌ی نه‌ورۆز و ئاهەنگگێڕان و ئاگركردنەوە بۆ ئەو جەژنە مەزنەی كورد، كه‌ی پێویستی به‌ مۆڵه‌ت وه‌رگرتنه‌؟ نەخاسمە بۆ شارێكی وەكوو كەركووك كە هەم شارێكی كوردستانە و هەم زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانەكەی كوردن و نەورۆز بە جەژنی پیرۆزی خۆیان دەزانن، ئاخر ئەی پەرلەمانتاری یەكێتی، كە تۆ لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧دا لەسەر سفرەیەك دانیشتبوون و ئاهەنگی خیانەتتان دەگێڕا، كەی مافی ئەوەتان هەیە باسی نەورۆز بكەن؟ ئەگەر هەر باسیشی دەكەن، بۆچی هێندە خۆتان و جەژنەكەش سووك دەكەن و عەریزەی بۆ دەدەن؟ ئێوە تەنیا واز لە خۆفرۆشی و خاكفرۆشی بهێنن، ئیتر حەقی هیچتان نەبێ، نەورۆز بۆ خەڵكی كەركووك لێگەڕێن، خەڵكی كەركووك هێندە بێ شكۆ نین، بە عەریزە داوای گێڕانی ئاهەنگی نەورۆز بكەن.

هەرچەند پاش ئەوەی د.شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هاتە سەر خەت، راكان جبووری نووسراوێكی تری دەركرد و لەو بڕیار و مەرجانەی پێشووی پاشگەز بووەوە و ئاهەنگەكەی بێ مەرج ئازاد كرد، بەڵام هەموومان دڵنیا بووین ئەگەر پاشگەزیش نەبوایەتەوە، خەڵكی كەركووكی ئازا و خۆڕاگر و كوردستانپەروەر و نەورۆزپەروەر، ئاهەنگی خۆیان دەگێڕا و هیچ پابەند نەدەبوون بە مەرجەكانی پارێزگارەوە، لێ قسەی من لەسەر ئەوەیە كە پەرلەمانتارانی یەكێتی بەو عەریزەیەی بۆ رێگەدان بۆ ئاهەنگی نەورۆز پێشكەشی پارێزگارێكی عەرەبی بەوەكالەتی كەركووكیان كرد، وەك خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، شكۆی كوردیان شكاندەوە، ئەمجارە شكۆی نەورۆزی پیرۆزی كوردانیشیان شكاند.