پێوەند بە بەو هێرشە تیرۆریستییەی چەند رۆژی رابردوو كە بە پاساوی بێبنەما، لە ئێرانەوە كرایە سەر هەولێر و چەند ناوچەیەكی سڤیلنشینی تێدا بەئامانج گیرا، قسه‌كه‌ی كاك فازل میرانی باشی پێكاوە و پڕاوپڕە بۆ ئەو رووداوە، میرانی گوتی: ”ئەم هێرشە، وەك سەربردەی ئەو كوڕە وایە كە هەموو رۆژێك لە بازاڕ لێیان دەدا و ئەویش دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە و تێر له برا بچووكه‌كه‌ی خۆیی ده‌دا و خۆی ده‌كرده قارەمان و داخ و كینەی ده‌ره‌وەی به‌سه‌ر براكه‌یدا ده‌ڕشت“.
ئەو په‌لاماره تیرۆریستییه‌ی بۆ سەر هەولێر ئەنجام درا، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی فراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی به‌دوای خۆیدا هێنا، لە ماوەی رابردوودا گوێبیستی سه‌دان لێدوان و هەڵوێست و شرۆڤه‌ی جیاجیا بووین، زۆربه‌ی هه‌ر زۆریان سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و هێرشه‌یان كرد ته‌نانه‌ت میدیاكانی وڵاتی به‌لجیكا كە من لەوێ دەژیم، باسیان له‌و هێرشه تیرۆریستییه‌ی سوپای پاسدارانی ئێران كرد بۆ سەر هەولێر و هه‌رێمی كوردستان.
هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه یه‌كه‌مین جاره سوپای پاسداران و باڵوێزی كۆماری ئیسلامیی ئێران له بەغدا، هەروەها چەند بەرپرسێكی دیكەی باڵای ئێران، هەموویان بە یەك ئاواز و ریتم، راسته‌خۆ به‌رپرسیاریه‌تیی مووشەكبارانكردنەكانی هەولێر بگرنە ئەستۆ، هه‌رچه‌نده له هێرشه‌كانی پێشووشدا چ ئەوانەی بە درۆن كران و چ ئەوانەی بە مووشەكی جیاواز كرانە سەر هەولێر، بە جۆرێك لە جۆرەكان، پەیامی ئێرانییانەیان پێوە دیار بووە!
جیاوازیی هێرشه‌كانی پێشوو و ئەمەی دوایی لە جێبەجێكردن و بەئامانجگرتنی ناوچەی سڤیلنشینی هەولێر نییە و هەمووی هەر دەتوانرێت بە دەستدرێژی و تیرۆریستی ناودێر بكرێن، لێ ئه‌مجاره‌یان بەرپرسانی باڵای ئێرانی، به شێوه‌یه‌كی راسته‌خۆ ده‌ڵێن ئێمە بووین و ئامانجمان پێكانی باره‌گای مۆساده له هه‌ولێر! ئەمەش بیانوو و پاساوێكی ناڕاست و دوور لە لۆژیكە، هه‌روه‌ك ئینتیفاز قەنبەر، سیاسەتوان و كه‌سایه‌تیی دیاری عێراقی ده‌ڵێت: ”ئێران دراوسێیی توركیا و ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجانە، پێگه‌ی ئیسرائیل و بنكەی سه‌ربازیی ئه‌مریكا و باڵوێزخانه‌كانی ئیسرائیل و ئەمریكاش له‌و وڵاتانه هه‌ن، ئەگەر ئێران مەبەستیەتی دەست لە ئیسرائیل و ئەمریكا بوەشێنێت، بۆچی جارێك لە جاران مووشه‌ك ئاراسته‌ی ئه‌وان ناكات؟“
هه‌ر له سووریا سه‌ربازه‌كانی ئێران كە هێزێكی زۆری لەو وڵاتە هەیە و دراوسێی ئیسرائیلە، هه‌پروون هه‌پروون كران، له‌ناو خاكی ئێران‌دا زانا ئه‌تۆمیه‌كه‌ی ئێران كه به عه‌قڵی ئه‌تۆمیی كۆماری ئێسلامیی ئێران ده‌ناسرا، له چه‌ند چركه‌یه‌كدا كەس نەیزانی لە ئاسمانەوە بوو یان لە زەمینەوە، هێرش كرایه سه‌ری و كوژرا، بۆچی ئەودەم لە سووریاوە یان لە لوبنانەوە كە ئێران حزوبوڵای هەیە، سوپای پاسداران راستەوخۆ لە ئیسرائیلی نەدا؟
ئاشكرایه زۆر ده‌مێكه وڵاتانی دراوسێ و به تایبه‌تییش ئێران، كار بۆ لاوازكردن و چه‌مانه‌وه‌ی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان هەرگیز نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەت و خاكی ئێران، بەڵكوو سوودێكی زۆری ئابووریی بۆ ئێران هەبووە و هەمیشە دەستی دراوسێیەتیی باشی بۆ ئەو وڵاتە درێژ كردووە.
لە هەرێمی كوردستاندا گەلێك هەیە بەرگری لە بوون و مافەكانی خۆی دەكات، سەركردەیەكی وەك سه‌رۆك مەسعود بارزانی هەیە، دڵسۆزانە خەبات بۆ گەلی خۆی دەكات و ئەوەی دەیخوازێت تەنیا ئەوەیە كە گەلی كوردستان پارێزراو بن و دەستدرێژی نەكرێتە سەر خۆیان و خاكیان و خەڵكی ئەم هەرێمەش وەك گەلانی دونیا بە مافە رەواكانی خۆیان بگەن، بۆ ئەم ئامانجانەش هەم سەرۆك بارزانی و هەم خەڵكی كوردستان و هەم هەولێرییەكان، سەرۆك وتەنی وەك چۆن رووبەڕووی هۆلاكۆ كۆنەكان بوونەوە، ئاوهاش لەئاست دەستدرێژیی هۆلاكۆ تازەكانیشدا بەرگریكار و خۆڕاگر دەبن و خۆ ناچەمێنن.
كورد لە هەرێمی كوردستاندا دەیەوێ هەبێ و بمێنێ و پێش بكەوێت و بەهێز بێت، ئەگەر بگاتە ترۆپكی هێزیش، چاوی لەوە نیە زیان بە دەوروبەر بگەیەنێت و خۆی لە هەموان بە گەورەتر بزانێت و خەڵكی تریش بە پاشكۆ و بندەست، بەڵام ئیرادەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كە سەرۆك بارزانییە، بەئاشكرا دەڵێ: ”پاشكۆیەتی و خۆچەماندن و خۆڕادەستكردنیش قبووڵ ناكەین“، بۆیە هەر لەم سۆنگەیەوە كورد لەم دەوروبەرەی خۆی دوژمنی زۆری بۆ پەیدا بووە و بەردەوام هەوڵ دەدەن لاوازی بكەن و پاشقولی لێ بگرن.
بەڵام گرنگە كورد و هەرێمی كوردستان، لە گۆڕەپانی سیاسیی‌دا، نەخاسمە لە بارودۆخی وەك رووداوگەلی ئەم مووشەكبارانە و ئەم دەستدرێژییە ناحەقانەدا، سەركەوتن و پێشڤەچوونەكان،
وەك چیرۆكی خزمەكەی بیل گەیتس \یەكێك لە دەوڵەمەندترینەكانی جیهان\ وەسوود بهێنن و مامەڵەیان لەگەڵ بكات:
كابرا ده‌ڵێ: به كوڕه‌كه‌مم گوت، ده‌بێ ئه‌و كچه ماره بكه‌یت كه من بۆت هه‌ڵده‌بژێرم!
كوڕه‌كه‌م گوتی: شتی وا نابێ!
پێم گوت: ئاخر ئەو كچه‌ی بۆم هەڵبژاردوویت، كچی بیڵ گەیتسه
گوتی: ئەگەر كچی ئەو بێت، رازیم
منیش ته‌له‌فۆنم بۆ بیل گەیتس كرد و پێم گوت: ده‌مه‌وێت كچه‌كه‌ت شوو به كوڕه‌كه‌م بكات
بیڵ گەیتس گوتی: ئەو مەحاڵە، هه‌ر بیریشی لێ مه‌كه‌ره‌وه
منیش به بیڵ گەیتسم گوت: ئاخر كوڕه‌كه‌م به‌ڕێوبه‌ری جیبه‌جێكاره له بانكی نێودەوڵەتی!
بیل گه‌یتس گوتی: مادام وایە رازیم
پاشان ته‌له‌فۆنم بۆ سه‌رۆكی بانكی نێودەوڵەتی كرد و داوام لێ كرد كوڕه‌كه‌م بكات به به‌ڕێوبه‌ری جێبه‌جێكار لای خۆی، ئه‌ویش گوتی: ناتوانم
منیش گوتم: ئاخر كوڕه‌كه‌م زاوای بیل گەیتسه
ئه‌ویش گوتی: مادام وایە، هەرچی بوێت بۆی ده‌كه‌م