قایمقامی بەوەكالەتی شنگال: هیچ بودجەیەک بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی شنگال تەرخان نەكراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

قایمقامی بەوەكالەتی شنگال: هیچ بودجەیەک بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی شنگال تەرخان نەكراوە

"حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هێزەوە كاری بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال كردووە"

نایف سەیدۆ، كە دوای ئەوەی مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال لە پەرلەمانی عێراق وەك پەرلەمانتار دەستبەكار بووە، ئێستا بەوەكالەت كراوە بە قایمقامی شنگال، لە دیمانەیەكی (باسنیوز)دا تیشك دەخاتە سەر ئەوەی كە وێڕای ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق شنگال وەك ناوچەكی كارەساتبار (مەنكوبە) ناسێندرا، بەڵام هیچ بودجەیەكی تایبەتی بۆ خەرج نەكراوە بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی شارەكە.

شنگال وەك ناوچەیەكی كارەساتبار مامەڵەی لەگەڵدا نەكراوە

لەم بارەیەوە، لە دەستپێكدا لە بارەی ئەوەی كە دوای ئەوەی داعش شاری شنگال و دەوروبەری وێران كرد و ژێرخانی شارەكە بەتەواوەتی وێران بووە، ئایا حكوومەتی عێراق هیچ بودجەیەكی بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی شنگال تەرخان كردووە؟ نایف سەیدۆ گوتی: ''نەخێر هیچ بودجەیەكی تایبەت بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی شنگال تەرخان نەكراوە، وێڕای ئەوەی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە شنگال وەك ناوچەیەكی كارەساتبار (مەنكوبە) ناسێندراوە، بەڵام تا ئێستا وەك ناوچەیەكی كارەساتبار مامەڵەی لەگەڵدا نەكراوە، بەڵام بودجەی پەرەپێدانی هەرێمایەتیی بۆ دێت هاوشێوەی ئەوەی كە بۆ قەزاكان و ناوچەكانی تر دەڕوات و هیوادارین دوای پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ئاوڕ لە شنگال بدرێتەوە''.

لەبارەی ئەوەی لە كاتێكدا حكوومەتی عێراق بۆ هەندێ شوێن و ناوچەی تر كە لەسەر دەستی داعش وێران كراون، بودجەی تایبەتی بۆیان خەرج كردووە، نایف سەیدۆ گوتی: ''پڕۆژەكانی شنگال كەمن و داعش ژێرخانی شارەكەی وێران كرد و پێویستە ئاوڕی جدی لە شنگال بدرێتەوە، تا ئێستا خەڵكی شنگال قەرەبوو نەكراونەتەوە و پێش ماوەیەك تەنیا 28 ملیار دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی هەرێمایەتی بۆ شنگال تەرخان كرا، بەڵام 28 ملیار دینار تەنیا بەشی دانانی وێستگەیەكی كارەباش ناكات، ئەوە شەش ساڵە شنگال ئاوەدان نەكراوەتەوە، هیوامان ئەوەیە كە دوای پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق شتێك بۆ شنگال بكرێت و هاوشێوەی شوێنەكانی تر ئەوانەی زیانلێكەوتووی دەستی داعشن قەرەبوو بكرێنەوە.''

هاوكات سەبارەت بەوەی بەشێك لە ئاوارەكانی شنگال كە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستانن گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام بەهۆی خراپیی دۆخی ئەمنییەوە، جارێكی تر گەڕانەوە كەمپەكان، قایمقامی بەوەكالەتی شنگال، گوتی: بەڵێ ئەوەشمان هەیە.

شنگال كەوتووەتە دەستی دەرەكی

لە كۆتاییدا لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، نایف سەیدۆ گوتی، دیارە شنگال ناوچەیەكی ستراتیژییە و كەوتووەتە دەستی دەرەكی و خەڵك هەر بە هیواوە دەژێ كە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەهێزەوە لە بەغدا كاری لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال كردووە و هیوامان هەیە دۆخی شنگال ئاسایی بكرێتەوە، بەڵام كێشەی ئێمە تەنیا حكوومەتی عێراق نییە، دەستی دەرەكی لە پشت خراپیی دۆخی شنگالەوەیە و وای لێ هاتووە كێشەكە بووەتە كێشەیەكی نێودەوڵەتی، نەك تەنیا ناوخۆیی.