ھەولێر.. ناوەندی بڕیار و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
فرسەت سەید شکور 13/03/2022

ھەولێر.. ناوەندی بڕیار و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان

بەرەبەیانی 13ی ئادار، دەنگێکی گەورە و بەھێز لە دەیان ناوچەی کوردستان بیسترا، خەڵک پێی شۆک بوون، بەئاگا ھاتن و لە دڵەڕاوێکدا بوون، ناوە ناوە دەنگی گەورەی دیکە شاری ھەولێریان دەگرتەوە، دواتر دەرکەوت ھێرشێكی مووشەکیی گەورەی "بالستیک"ـی بووە و چەند ناوچەیەكی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی سڤیلی گرتووەتەوە.

سەرەتا و کاردانەوەکان

ھەر زوو دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دڵنیاییان بە خەڵکی کوردستان دا. ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا سەرکۆنەی ڕووداوەکەیان کرد و بە ”کارێکی تیرۆریستی“ لەقەڵەمیان دا و بە ھێرشێکی مەترسیدار بۆ سەر ھەولێر و خەڵکەکەی وێنایان کرد. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەی ڕاگەیاند، کە هیچ زیان و قوربانییەک لە هیچ باڵەخانەیەکی حکوومەتی ئەمریکا نەکەوتووەتەوە. ھاوکات گوتوویەتی "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لەلایەن حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێ کردووە".

ئامانجی ھێرشەکە

ھەر زوو میدیاکانی ئێران و نزیک لە سوپای پاسداران و حکوومەتی ئێران زانیارییان لەو بارەیەوە بڵاو کردەوە و خۆشحاڵییان دەربڕی گوایە چەند شوێنێكی دەزگای مووسادی ئیسرائیلیان بەئامانج گرتووە. کەناڵی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لە کاتژمێر 1 و 20 خولەک گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بە کاتی هێرشەکە بۆ سەر هەولێر کردووە و نووسیویەتی "بە کاتی قاسم سلێمانی"، وەک ئاماژەیەک بۆ کاتی کوژرانی سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا. لە ساڵانی رابردووشدا بەرپرسانی سوپای پاسداران، هەمیشە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان کردووە.

کاردانەوە ناوخۆییەکان

سەرۆک بارزانی، لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە: ”کە ھەولێر چۆن ھۆلاکۆ کۆنەکانی شکاند، ھۆلاکۆ تازەکانیش تێکدەشکێنێت“. پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ڕوونە بەوەی کە ئاڵنگاریی گەورە لەپێش ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و ماف و دەستکەوتەکانیدا ھەن و بە بەرنامە و پیلان کار بۆ تێکدانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە راگەیەندراوێكدا روون و راشكاو گوتی: ”ئەمە چەندین جارە ئێران بە پاساوی بیبنەما، ئەم دەستدرێژییانە دووبارە دەکاتەوە و بێدەنگیی کومەڵگەی نێودەوڵەتییش بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە“،

لەدوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10 ـی 10ـی 2021، دۆخی سیاسیی عێراق بەرەو چەقبەستوویی ھەنگاوی نا، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی سەر بە ئێران لە ھەڵبژاردنەکە پاشەکشەی گەورەیان کرد. دواتر زیادکردنی فشارەکانی دەوڵەتە ئیقلیمییەکان، بە ناوی دادگە و یاساوە، ئێستاش بە مووشەک و ھێرشی چەکداری، دەچێتە یەک قاڵبەوە، کە ئەویش ملکەچکردنی (ھەرێمی کوردستان) و لایەنە سیاسییە براوەکانە بە کەمینەکەیەکی شکستخواردوو، کە لەلایەن ڕای گشتیی عێراقییەوە ڕەت کراونەتەوە.

ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر چاوەکان لەسەر ھەولێرن، بە تایبەت وەک ناوەندێکی گەورەی بڕیار و یەکلاییکەرەوە لە ڕووی سیاسی و دیبلۆماسی، بەھەند وەرگرتن و خوێندنەوەی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری کێشە چارەنەبووەکانی عێراق و ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی ئەوڕۆی ھەولێر، کە وەک دەوڵەتێکی بچووکی پێکەوەژیانی ئاشتییانە چاوی لێ دەکرێت، ڕەنگە لەلای ھەندێک ھێزی سیاسی و میلیشیاکانیان ھەرس نەکرێت.