فۆتۆگرافەر، شیلان عەبدولڕەحمان، لەدایكبووی ساڵی 1985ی شاری سلێمانی، پیشەی مامۆستایە و ماوەی شەش ساڵ زیاترە لەپاڵ كاری مامۆستایی، كاری فۆتۆگرافییش دەكات.
شیلان عەبدولڕەحمان، بۆ (باسنیوز) باسی لە ئەزموونەكانی خۆی لە بوای فۆتۆگرافەریدا دەكات و دەڵێت: "زمانی هونەر زمانێكی جیهانییە و لەنێوان هەموو نەتەوە و مرۆڤەكاندا زمانێكی هاوبەشە، فۆتۆگرافییش وەك یەكێ لە لقەكانی هونەر، دەكرێ پەیامی جوانی و ژیاندۆستی بداتە سەرجەم مرۆڤایەتی".
لەبارەی خولیاكانی بۆ كاری فۆتۆگرافەری، مامۆستا شیلان روونی کردەوە: "فۆتۆگرافی بۆ من خولیایە، لەلای من فۆتۆ ڕاگرتنی زەمەنە لە چركەیەكدا، كەواتە بەپێچەوانەی سەرجەم كارەکانی تر، فۆتۆگرافەر دەتوانێ كات ڕابگرێت و ڕێگا بە تێپەڕینی نەدات، جا ئەو چركەساتە هەرچییەك بێت، پەیامێكی لەخۆیدا هەڵگرتووە و فۆتۆ بە نەمریی دەیهێڵێتەوە، هەروەها ئەو پەیامەی لە فۆتۆدا هەیە، لە هەر شوێنێكی جیهان بێت، پێویستی بە وەرگێڕان نییە، گرنگە ئەوەیە، پەیامەكەی دەبەخشێت”.
گوتیشی: “فۆتۆكان تێڕوانین و دنیابینی و هونەرمەندیی فۆتۆگرافەرن، بۆ نموونە، لە مێژوودا چەندین جەنگی خوێناوی بەهۆی فۆتۆوە راگیراون و كۆتاییان پێ هاتووە".
شیلان، باسی ئەو پێشانگایانەش کرد، کە تیایاندا بەشدار بووە و گوتی: "لە 13 پێشانگای هاوبەشی نێودەوڵەتیی تایبەت بە فۆتۆگرافەرانی خانمانی هەر چوارپارچەی کوردستان بەشدارییم كردووە، لەژێر ناوی شەبەنگی چاوی سروشت و نیگای خانمان بۆ سروشت و جوانی، لە پێشانگای تایبەت بە خانمانی کولتووری سەرمایەداریی بڕووخێنە، لە پێشانگای ئاشتی و پاییز، هەروەها لە چەندین پێشانگای هاوبەشی دیكە، بە وێنەی سروشت و تراژیدیای منداڵ بەشدارییم کردووە و خاوەنی 13 بڕوانامەم”.