د. بێوار خنسی، پسپۆڕی جیۆلۆجی و شارەزا لە بواری وزە، له گفتوگۆیەكی (باس‌نیوز)دا، چەند پرسێكی تایبەت بە نەوت و سامانی سروشتیی هەرێمی كوردستان و بڕیارەكەی داددگای فیدراڵی دەخاتە ڕوو. دەڵێت: ”سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەوردی و شەفافی بۆ خەڵك باسی لە داهاتی نەوت كردووە و ڕوونی كردووەتەوە“. ئاماژە بەوەش دەكات، هه‌رێمی كوردستان به‌دیلی غازی سروشتیی ڕووسیا و ئێران و ئیسرائیل و توركیا و وڵاتانی عه‌ره‌بی نییه، به‌ڵكوو فاكته‌ری هێمنی و سه‌قامگیریی قه‌یرانی نه‌وت و غازی جیهانه.
(باس‌نیوز) هەڵسەنگاندنت بۆ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵیی عێراق دژ به یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان چییە؟
بێوار خنسی: دروستبوونی دادگای فیدراڵیی عێراق به‌پێی مادده‌ی 111ی ده‌ستوور، ده‌سه‌ڵاته حه‌سرییه‌كانی دیاری كردووه و ته‌نانه‌ت له مادده‌ی 115ی ده‌ستووری عێراقدا هاتووه، كه ئه‌گه‌ر ناكۆكی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته هاوبه‌شه‌كانی نێوان حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق و حكوومەتی هه‌رێمە‌كان دروست بوو، ئه‌وا پێشینه بۆ یاسای هه‌رێمه‌كه‌یه، ته‌نانه‌ت بڕیاره‌كه هیچ جیاوازییه‌كی له‌نێوان كێڵگه نوێیه‌كان و كێڵگه كۆنه‌كانی نه‌وتدا نه‌كردووه، له‌مه‌شدا یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان پێشینه‌ی ده‌ستووری و یاسایی هه‌یه و دادگای فیدراڵیی عێراق بۆی نییه ده‌ست بۆ مادده‌یه‌كی ده‌ستووری ببات و به ئاره‌زووی خۆی ئیجتیهاداتی تێدا بكات. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه هیچ حیسابێكی بۆ ئه‌و هه‌موو گرێبه‌ست و ڕێككه‌وتنانه نه‌كردووه، ئەوەش دەرخەری ویستێكی خراپی سیاسییە.
(باس‌نیوز) یاسای نه‌وت و غازی عێراق ده‌رنه‌چووه، ئایا پێشینه بۆ یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان نییه؟
بێوارخنسی: له ساڵی 2007 ڕه‌شنووسێك بۆ یاسای نه‌وت و غازی عێراق ئامادە كرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ده‌ركردن و په‌سه‌ندكردنی ئه‌م یاسایه له‌بار برا، كه ده‌توانرا ئه‌نجوومه‌نی نه‌وت و غازی سروشتی پێك بهێنرێت، كه به‌رزترین دامه‌زراوه ده‌بوو له عێراقدا و به وه‌زاره‌تی نه‌وت و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش نه‌ده‌به‌سترایه‌وه، بۆ سیاسه‌تی نه‌وت و غاز و به‌ڕێوه‌بردنی دۆزینه‌وه‌ی كێڵگه‌ی نوێی نه‌وت و غاز و ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی له‌لایه‌ن هه‌موو هه‌رێم و پارێزگاكان زۆر گرنگ بوو. نه‌وه‌كوو تا ئێستا وڵاتێكی فیدراڵی به سیاسه‌ت و یاساكانی كۆنی ڕژێمی به‌عس مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكان به‌پێی یاساكانی ساڵی 1976 و 1985 بكات، له‌كاتێكدا پێویست بوو په‌رله‌مانی عێراق ئه‌و دوو یاسایه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
باشه به‌پێی ده‌ستوور و یاساكانی نوێی عێراق ده‌ڵێت (هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمێكی یاساییه و مافی ئیدرای و سیاسی هه‌یه و هه‌ر بڕیارێك له كوردستان ده‌ربچێت و له په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت، بۆ هیچ جێگایه‌ك نییه هه‌ڵیبوه‌شێنێته‌وه). هه‌ر خۆی له خۆیدا له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه دادگای فیدراڵی ئه‌و هه‌موو سه‌رنج و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ی ده‌ركردووه، كه ده‌زانێت بڕیاره‌كه‌ی ئیجتیهاداتی زۆر هه‌ڵده‌گرێت و پاساوی بۆ ده‌دۆزێته‌وه، باشه له كوێی دونیادا هه‌یه تۆ 15 ساڵ یاسایه‌ك جێبه‌جێ بكه‌یت و 12 ساڵ سكاڵایه‌ك له‌سه‌ر هه‌رێم به ئامانجی سیاسی و له‌ناو چوارچێوه‌ی ململانێ درابێت.
نه‌وت و غازی سرووشتیی عێراق زۆر به خراپی به‌ڕێوه ده‌برێت، ئه‌مه قسه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و چاودێری و دامه‌زراوه‌كانی عێراقه به په‌رله‌مانیشه‌وه كه به‌رهه‌مێكی زۆری نه‌وت و داهاتێكی زۆر هه‌یه، به‌ڵام به گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌ڕێوه ده‌برێت و عێراق به‌رده‌وام بودجه‌كه‌ی دووچاری كورتهێنان بووه. ته‌نانه‌ت هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له ڕێگه‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی له به‌سره زۆر خراپ به‌ڕێوه ده‌برێت و هیچ داتا و زانیارییه‌كی پێشكه‌وتووی سیسته‌ماتیك نییه بۆ تۆماركردنی قه‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و تا ئێستا شێوازی مه‌سته‌ره به‌كار ده‌هێنرێت، كه ڕۆژانه 200 بۆ 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت دیار نامێنێت له نه‌وتی كه‌ركووك و مادده‌ی 140 نه‌وتێكی زۆر له ڕێگه‌ی ته‌نكه‌ره‌وه ده‌دزرێت و میلیشیای چه‌كداری وا هه‌یه ده‌ستی به‌سه‌ر كێڵگه‌ی نه‌وتدا گرتووه، ڕۆژێك دادگای فیدراڵیی عێراقمان نه‌بینی بچێت بڵێت ئه‌م هه‌موو گه‌نده‌ڵی و دزی و به‌فیڕۆدانه‌ی نه‌وت و سامانی عێراق چییه؟ هه‌ر ئه‌م میلیشیا و سیاتمه‌دارانه‌ن ناخوازن یاسای نه‌وت و غاز له عێراق ده‌ربچێت، خۆ تازه ئه‌م یاسایه‌ش له په‌رله‌مان ده‌ربچێت و له‌ژێر قوبه‌ی مه‌زهه‌بی و ده‌ستتێوه‌ردان و شۆڤێنییه‌وه بێت و به لێكتێگه‌یشتن و دانوستاندن نه‌بێت، ئه‌ویش یاسایه‌كی خراپ و مه‌ركه‌زی ده‌رده‌كه‌ن و ڕه‌نگه به زیانی هه‌رێمی كوردستان ئاراسته بكرێت.
(باس‌نیوز) ئێستا چی بكرێت بۆ چارەسەری كێشەی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دۆسیەی نەوت؟
بێوار خنسی: باشترین ڕێگا ئەوەیە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ گفتوگۆ و دانوستاندن لەسەر مەسەلەی نەوت و غاز بكەن و پێكەوە ئیدارەی نەوت بكەن، نابێت بەهۆی بڕیارێكی دادگا، لە بارودۆخێكی ناسەقامگیری سیاسی، كێشە بۆ كەرتی نەوت دروست بێت، دەبێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كابینەی داهاتووی حكوومەتی عێراق بە ڕێگەخۆشكەریی پەرلەمان، زەمینەسازی بكرێت بۆ دانوستاندن و گفتوگۆكردن بۆ چۆنیەتیی ئیدارەدانی نەوت و داهاتی نەوت.
حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەیی خۆی پیشان داوە دانوستاندن گفتوگۆ بكات، تەنانەت ئامادەیە شاندێكی تەكنیكی و سیاسییش بنێرێتە بەغدا، بۆ ئەوەی دامەزراوە بەرپرسەكان چارەسەری گونجاو و هاوبەش بەپێی دەستووری عێراق بۆ كێشەی نەوت بدۆزرێتەوە و ڕەچاوی شایستە و مافی خەڵكی كوردستانیش بكرێت، كە لە دەستووردا ڕێگەی پێداوە.
ده‌بێت ئێمه لێژنه‌یه‌كی زۆر پسپۆر و شاره‌زا له ڕووی یاسا و نه‌وت و غازی سرووشتی و گرێبه‌سته‌كانه‌وه ئاماده بكه‌ین و پشكدار بكرێن بۆ دیاریكردنی خاڵی لاواز و خاڵی به‌هێزی ئێمه و داوا بكرێت دادگای فیدراڵی هه‌ڵه‌كه‌ی خۆی ڕاست بكاته‌وه
(باس‌نیوز) سەبارەت بە بڕیاری درستكردنی پاڵاوگەی تازە بۆ چارەسەری پاڵاوتن و بابەتی سووتەمەنی چی كراوە؟
بێوار خنسی: كاتی خۆی پێشنیازی ئەوە هەبوو كە پاڵاوگەی حكوومیی دابمەزرێت، بۆ ئەوەی نەوتی خۆمان لێرە بپاڵاورێت و كێشەی نەوت و بەنزینیش چارەسەر بێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسی و ئابووری نەتواندرا ئەوە بكرێت، پاڵاوگەی كەرتی تایبەت هەیە، بەڵام ئێمە باسی پاڵاوگەی حكوومیی دەكەین، كە ڕۆڵێكی گرنگی دەبێت بۆ بواری سووتەمەنی.
ئه‌ركی وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، نه‌وت و غازی سروشتی بۆ پیشه‌سازیی پترۆكیمیایی و به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و پێداویستیی كارگه و ماڵه‌كان به‌كار بهێنێت.
(باس‌نیوز) كابینەی نۆیەم چەند ئیشی بۆ شەفافیەتی كەیسی نەوت كردووە؟
بێوار خنسی: كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داهاتی نەوت و بڕی نەوتی هەناردەكراوی ڕۆژانە و مانگانەی بۆ ڕای گشتی ئاشكرا كردووە و بابەتەكە ڕوون و شەفاف بووە، هەروەها لە ڕێگەی كۆمپانیای دیلۆیتیش ڕاپۆرتی نەوتی هەبووە، كە ورد و درشتی زانیارییەكانی تێدا بووە و هیچ شتێكی شاراوە نییە.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی، بەوردی باسی لە داهاتی نەوت كرد و بڕی ئەو داهاتەشی ئاشكرا كرد كە مانگانە بۆ كۆمپانیاكان و كرێی گواستنەوە خەرج دەكرێت و ئەو داهاتەشی ڕوون كردەوە، كە بۆ مووچە و خەرجییەكانە.
(باس‌نیوز) دوای هێرشه‌كانی ڕووسیا له‌سه‌ر ئۆكراینا، غازی سروشتیی هه‌رێمی كوردستان چۆن دەبێت؟
بێوار خنسی: پێش هێرشه‌كه‌ی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆكراینا و سه‌پاندنی سزای ئابووری له‌سه‌ر ڕووسیا له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپاوه، داخوازی له‌سه‌ر غازی سروشتی له جیهاندا به ڕێژه‌ی له‌سه‌رووی 6% زیاد بووه و ململانێیه‌كی شاراوه‌ی گه‌وره له‌سه‌ر غازی سروشتی هه‌بووه، ئه‌مه له‌كاتێكدا غازی سروشتی 20%ی وزه‌ی جیهان پێك پێك ده‌هێنێت و به وزه‌یه‌كی پاك و تێچوونی كه‌متر داده‌نرێت، غازی سروشتیی وڵاتانی كه‌مه‌ره‌ی كه‌نداو و ده‌ریای قه‌زوێن و ڕووسیا و باكووری ئه‌فریقیا، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری غازی سروشتیی جیهان پێكده‌هێنێت. بوونی هه‌ر شه‌ڕ و ململانێیه‌كی سیاسی له‌م ناوچه‌یه‌دا كاریگه‌ریی نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر هه‌ڵكشانی نرخی وزه ده‌بێت، به‌ڵكوو كاریگه‌ریی له‌سه‌ر نه‌خشه و سیاسه‌تی وڵاتانیش ده‌بێت.
ئێستا شه‌ڕ له‌نێوان ڕووسیا و ئۆكراینا ده‌ستی پێ كردووه و وڵاتانی پێشكه‌وتووی ئه‌ورووپا پێویستییه‌كی له‌ڕادده‌به‌ده‌ریان به غازی سروشتیی ڕووسیا هه‌یه و ناچاریشن ده‌ستبه‌رداری هێنانی غازی ئه‌و وڵاته بن، كه‌واته بارگرژی و ئاڵۆزییه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی غازی سروشتی زۆرتر ده‌بێت و ناچار وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌دوای به‌دیلی ئه‌و غازه‌ی ڕووسیادا ده‌گه‌ڕێن، چونكه ڕه‌نگه شه‌ڕه‌كه زۆر نه‌خایه‌نێت، به‌ڵام شوێنه‌وار و كاریگه‌رییه‌كانی زۆر زیاتر ده‌خایه‌نێت، ئێستا وڵاتانی قه‌ته‌ر و جه‌زائیر و ئێران و ئیسرائیل و وڵاتانی دیكه‌ی ده‌ریای ناوه‌ڕاست و سووریا و توركیا و قوبرس و عێراق و میسر، ده‌كه‌ونه ناو ئه‌و ململانێ و كێبڕكێیانه‌ی، كه له‌دوای ئه‌م شه‌ڕه له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی غازی سروشتی زیاتر ده‌بێت و هه‌ریه‌ك هه‌وڵ ده‌دات به ڕێگای بۆرییەوە غاز ڕه‌وانه‌ی ئه‌ورووپا بكات، له ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه بێت، یان ببێته ترانزێت و سوودی بۆ ئه‌ویش هه‌بێت.
ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهانی بۆ نه‌وت و ئه‌مجاره‌ش بۆ غازی سروشتییش هاته پێش، دوای ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وتووه كه هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی یه‌ده‌گێكی زۆر گه‌وره‌ی غازی سروشتییه و باس له بوونی 40 ملیار به‌رمیل نه‌وتی خاوی یه‌ده‌گ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها، نابێت ئه‌وه‌شمان له یاد بچێت، وڵاتێكی وه‌كوو توركیا، كه ساڵانه زیاتر له 30 ملیار دۆلار غازی سروشتی هه‌نارده ده‌كات، له ڕێگه‌ی بۆرییه‌كانی وڵاتی ڕووسیا و ئازه‌ربایجان و ئێران و قه‌ته‌ر و جه‌زائیر، له‌گه‌ڵ ڕاوه‌ستانی هێنانی غازی سروشتیی ئێران بۆ وڵاتی توركیا و ئه‌گه‌ری ڕاوه‌ستانی ته‌واوه‌تی هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتیی ڕووسیا له توركیاوه و هه‌ندێك ڕاپۆرتیش بڵاو كرایه‌وه، گوایه ئیسرائیل خوازیاره له ڕێگه‌ی قوبرس و یۆنان و ئه‌ورووپاوه غازی سروشتی بگه‌یه‌نێته ئه‌ورووپا و ئه‌مه‌ش به دڵی توركیا نییه، ئێستا هه‌رێمی كوردستان، كه پێگه‌ی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهان هه‌یه و په‌یوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ زۆر له وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهانیشدا هه‌یه، ئارام و سه‌قامگیرشه و تیرۆر و ململانێی توندی سیاسیی تێدا نییه.
ئه‌مانه هه‌مووی فاكته‌ری باشن بۆ سوودوه‌رگرتن له نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی، كه غازێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و به تێچوونێكی كه‌متر به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌رێمی كوردستان خۆی نه‌كردووه به بەدیلی هیچ هێز و ده‌وڵه‌تێكی ناوچه‌كه و تێكه‌ڵ به‌و ململانێ سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ی نه‌وت و غازی سروشتی نابێت، كه ئێستا له‌نێوان زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان سه‌ری هه‌ڵداوه، واته هه‌رێمی كوردستان به‌دیلی غازی سروشتیی ڕووسیا و ئێران و ئیسرائیل و توركیا و وڵاتانی عه‌ره‌بی نییه، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه، فاكته‌ری هێمنی و سه‌قامگیریی قه‌یرانی نه‌وت و غازی جیهانه.