كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لیژنەی ناوچەی زانکۆی لقی سێ پارتی وەڵامی قسەکانی ڕەوەند مەلا مەحموود دەداتەوە

ئەمڕۆ هەینی لیژنەی ناوچەی زانکۆی لقی سێ پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامێكی بۆ قسەکانی ڕەوەند مەلا مەحموود بڵاوكردەوە و نووسیویەتی رەوەند مەلا مەحمود یەكێك بووە لە بەشداربووانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر.

لە وەڵامەكەی ناوچەی زانكۆدا هاتووە "ماوەیەکە کەسێكی بەشدار لە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بەناوی ڕەوەند مەلا مەحمود لە ناو یەکێتی کەوتووەتە قسەکردنی نادروست و بێ بنەما، تۆمەتی ناڕەوا بەرامبەر پارتی و ڕێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی و کاک مەسرور بارزانی دەهۆنێتەوە کە سەرتاپای دوورە لە ڕاستی و خەڵکی ستەمدیدە و سەربەرزی کەرکووک زۆر باش دەیناسن".

هەروەها دەڵێ "ئەو کەسەی لە ڕاستیدا کینە لەدڵە لەبەرئەوەی یەکێتی ویستیان پۆستێکی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێبدەن، پارتی دیموکراتی کورستان ڕێیان پێ نەدا لەبەرئەوەی کەسێکی ناپەسەندە (شخص غیر مرغوب فیە)، چونکە خیانەتی لە نیشتیمان کردووە و ئەو یەکێکە لە خیانەتکارانی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و دژ بە ڕێفڕاندۆم، متمانە دانی خەڵکی تێکۆشەر و خۆڕاگری کەرکوک و گشت دڵسۆزانی کوردستانی لە دەست داوە".

لیژنەی ناوچەی زانکۆی لقی سێ پارتی ئەوەشی نووسیوە كە "هەڵبژاردنەکانی مانگی 10ی 2021ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هێنانی دەنگی یەکەمی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆکارێکی ترە کە وای کردووە لە نەبوونی خۆیان پەلاماری پارتی و سەرۆک بدەن. لێرەوە جەماوەری بەشەرەفی کوردستان بە گشتی و خەڵکی شاری کەرکووک بە تایبەتی ئاگادار دەکەینەوە کە بابەتی سەرۆکی زانکۆی کەرکووک کە ئەو کەسە باسی دەکات دوورە لە ڕاستی، جەنابی سەرۆک بارزانی دەربارەی بابەتی نیشتیمانی دیار و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان پێشێل بکرێت هێڵی سووریان بۆ دادەنێ، بابەتی سەرۆکی زانکۆی کەرکووک کە پێشتر بەڕێز دکتۆر سەباح سەرۆکی زانکۆی کەرکووک بوو، ئەو پۆستە مافێکی کوردە و لە ناو کوردیش ئیستحقاقی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆیە مافی لقی 3 و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیانە، نەهێڵن ستەم لە مافی پێکهاتەی کورد و مافی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک و گەرمیان بکرێت".

دەشڵێ "ئەو ڕەوەندە ئەڵقە لە گوێی خیانەتی شانزەی ئۆکتۆبەر و سەر لێشێواوە، وەکو پیشەی هەمیشەیی خەریکی درۆ ڕیزکردنە و دەڵێ گوایە کاک مەسرور بارزانی گوتبێتی قبووڵ ناکەین کوردێک سەرۆکی زانکۆی کەرکووک بێت، ئەو بچوکە کینە لە دڵە، خۆی خۆی بە درۆ دەخاتەوە، هەر قسەکەی خۆی بوختان و ناڕاستی بابەتەکە دەردەخات. وەکو لە دیمانەی ڕاگەیاندنی کۆبوونەوەیەکی حزبە کوردستانیەکانیش ئەم خیانەتکارەی شازدەی ئۆکتۆبەر گوتبووی گوایە پارتی لەگەڵ حەلبوسی و نەیارەکانی سەدر ڕێککەوتوون کە پارێزگاری کەرکووک هەر ڕاکان جبوری بێت".

لیژنەی ناوچەی زانکۆی لقی سێ پارتی لە بەشێكی تری وەڵامەكەیدا ئاماژەی داوە كە "هەموو لایەک باش دەزانن هۆکاری مانەوەی ڕاکان یەکێتی خۆیانن و پێشتر بەڵگەنامەی واژوو کراو بە ئیمزای کاکەڕەش سەدیق بەرپرسێکی یەکێتییە بڵاومان کردەوە، کە ڕاکان سەعید هەم پارێزگار و هەم جێگری پارێزگار بمێنێت، هەتا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەوە ڕێکەوتنی خیانەتکارانی ناو یەکێتی خۆیانە، لە لایەکی دیکە فایلی دەنگی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی ئەو کاتەیان بڵاوکراوەتەوە، چونکە خەڵکی دڵسۆزی کەرکووک لەوە وشیارترن جارێکی تر متمانە بە درۆ و بوختانی خاکفرۆشان بکەن و چەواشە بکرێن".

لە كۆتاییشدا خەڵکی کەرکووک و گشت کوردستانیانی دڵنیا كردووەتەوە كە "ڕۆژێک دێت خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر دەدرێنە دادگای گەل و بەسزای خۆیان دەگەن".