كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
فرسەت سەید شکور 11/03/2022

ڕێککەوتنامەی 11ی ئازار.. دۆکیۆمێنتی ئیرادە و سەرکەوتن

52 ساڵ بەسەر رێککەوتنی 11ی ئازاری 1970 لەنێوان حکوومەتی ئەوکاتی عێراق و (مستەفا بارزانی)دا تێدەپەڕێت. کورد بە ڕابەرایەتیی بارزانی، سەرکردەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان، ڕێککەوتنەکەی تێدا واژۆ کرد و لەوێیەوە کورد (حوکمی زاتی) ئۆتۆنۆمی بەدەست هێنا.
یەکەم جار بوو حکوومەتی عێراق دان بە مافەکانی کورددا بنێت، به‌پێی رێککەوتنەکە، بڕیاربوو تاوەکو ساڵی 1977، له ‌ڕێگه‌ی سەرژمێریی گشتی، ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد دیاری بکرێت، بەو مەرجەی کورد بەشداریی حکوومەتی عێراق بکات.

دەستکەوت و مێژوو

ئەوڕۆ، کە 52 ساڵ بەسەر واژۆكردنی ئەو رێككەوتنەیەدا تێدەپەڕێت، كاتی واژۆكردنی رێككەوتنەكە بە دەستكەوتێكی گەورەی سیاسی لە مێژوودا لەقەڵەم دراوە، بایەخی ئەو ڕێككەوتنەكە لەوەدابوو، بۆ یەكەم جار لە بەڵگەنامەیەكی فەرمی و یاساییدا، لەلایەن یەكێك لەو دەوڵەتانەی، كە بەشێكی كوردستانی لەتكراوی پێوە لكێنراوە، لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمیدا دان بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەكانی كورددا بنرێت و خرایە نێو دەستووری عێراق.
لەو ڕێککەوتنامەیەدا، لە چەندین خاڵدا دان بە مافەکانی کورددا نراوە، ھاوکات گرنگیی بە سنووری جوگرافیای کوردستان و و ئازادی و زمانی خوێندن بە کوردی و گەڕانەوەی قوتابییانی دەکراو و گەڕانەوەی کوردە ئاوارەکان بۆ شوێنەكانی خۆیان و بەشداریی لە یاسادانان و ھتد...دا كراوە.

گرنگیی ڕێککەوتنەکە

ڕێککەوتنامەی 11ی ئازاری 1970، دەرەنجامی ئیرادەی پۆڵایین و خەباتی بێ وچانی ھێزی پێشمەرگە و خەڵکی (کوردستان) بوو، چۆکپێداھێنانی بەھێزترین حزب و زلھێزترین سوپای ناوچەکە بوو لەو سەردەمەیەدا، (بارزانیی نەمر) و خەباتگێڕانی شۆڕشی ئەیلوول، ڕێککەوتنامەی 11ی ئازاریان کردە گەورەترین ڕووداوی سەدەی بیستەم، کە ناچاری كردن بە داننان بە مافەکانی گەلی (کوردستان) و چەسپاندنی ئۆتۆنۆمی. ئەم ڕووداوە ھۆكارێکی سەرەکیی زیندوومانەوەی دۆزی نەتەوەیی کورد بوو.
گەلی کوردستان لە مێژووی خۆیدا، خاوەن چەندین شۆڕش و راپەڕین و سەدان سەروەری و داستانی نەبەردییە، ھەریەک لەو داستانانە، خەباتێکی دوورودرێژ و بێ وچانی بەدواوە بووە، ئەمە جیا لەوەی، چیرۆکی تراژیدیی دایکە شەھید و پێشمەرگەی نەبەزیوی سەنگەر و بست بە بەستی نیشتمانی پێوە نەخشاوە. گرنگیی ڕێککەوتنامەکە لەوەدابوو، کە حکوومەتی عێراقی لەوپەڕی بەھێزیی خۆیدا بوو، بەڵام بەھێزی و توانستی گەورەی پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانی، ئەو خەونە مێژووییەی کردە واقیع، کە ساڵانێک بوو کورد قوربانیی بۆ دەدا.
بەند و خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستاندا بوو، کورد لە زاخۆوە تا خانەقین لە قۆناغی بەگژداچوونەوە و یەکھەڵوێستی و یەکگوتاریدا بوو، ئەم یەکڕیزییە وایکرد، شۆڕش لە سەرانسەری کوردستان ئامانجەکانی بپێکێ و چۆک بە حکوومەتی زلھێز و خاوەن چەکی پێشکەوتوو و سوپا و پشتگیریی وڵاتادان بھێنێت.

ڕۆڵی مستەفا بارزانی لە شۆڕش و رێككەوتننامەی 11ی ئازار

شۆڕشی ئەیلوول لە مێژووی دێرێنی کورددا درێژترین شۆڕش بوو، کە 14 ساڵ تەمەنی بوو، بەڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، كە لە ماوەی 14 ساڵی شۆڕشی ئەیلوولدا، تەنیا بۆ یەک جار نەچووە بەغدا، دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ دانوستاندن خۆیان دەھاتنە ناوچە ئازادکراوەکان، مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول ڕۆحیەتی شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی و کوردستانیبوونی بە گیانی تاکی کورددا کردەوە.
لە ماوەی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرۆکایەتیی بارزانی، چوار ڕژێم لە عێراق گۆڕان، رژێمەكانی عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف و عەبدولرەحمان عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر، بەڵام شۆڕش لە خەباتی خۆی بەردەوام بوو، تاوەکو ڕژێمی عێراق ناچار بوو دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێت و دواتر ڕێککەوتنامەی 11ی ئازار واژۆ بكات.

مستەفا بارزانی، لە ماوەی 14 ساڵی شۆڕشی ئەیلوولدا، ئەوەندەی توانی پێوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتان پەرەی پێ دا، وەک وڵاتانی هەرێمایەتی و ڕۆژئاوایی، ھەرچەندە ئەوکاتە پێوەندییەکان سنووردار بوون، ئەوکاتی دونیا کوردی زۆر نەدەناسی، بەڵام بارزانی توانیی دەنگی شۆڕش و کورد بەدەرەوە بگەیەنێت و سەدان ڕۆژنامەنووس و میدیاکار بھێنێتە کوردستان.
بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول ڕۆحییەتی شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی و کوردستانیبوونی بە گیانی تاك بە تاکی کورددا کردەوە و خۆشەویستیی بۆ نیشتیمان لە دیدی بارزانیی نەمرەوە سەیر دەکرا، ھەموو کوردێكی دڵسۆز پشتیوانییان دەکرد، کە دواتریش ڕێککەوتنامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ی لێ کەوتەوە و بەو رێککەوتنەیە، هەستی کوردبوون و ئومێد بە شۆڕشەکەی تا ئاستێکی زۆر بەرز بوویەوە. خۆشاردنەوە و بۆردمانی هەمیشەیی گوندەکانی کوردستان، کە لە ١٩٦١ـەوە دەستی پێ کردبوو، کۆتایی هات. لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیشدا، پرسی کورد لە کوردستانی عێراق تا ڕادەیەکی زۆر بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی.