تاڤگە عومەر: خۆکوشتنی ئافرەتان كەمی کردووە و کوشتن زیادی كردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

تاڤگە عومەر: خۆکوشتنی ئافرەتان كەمی کردووە و کوشتن زیادی كردووە

”لە هەرێمی کوردستان گرنگی و رۆڵ بە ئافرەتان دراوە و گەیەنراونەتە ناوەندی باڵای بڕیارا“

تاڤگە عومەر ڕەشید، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی پاراستنی مافی مرۆڤ، لەم دیمانە تایبەتەی (باسنیوز)دا، باس لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی تاوان لە هەرێمی کوردستان دەکات و ئاشکرای دەکات کە ڕێژەی خۆکوشتن لەناو ئافرەتاندا کەم بووەتەوە، بەڵام رێژەی کوشتنی ئافرەتان بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادی کردووە. هاوکات پێشی وایە، لە هەرێمی کوردستان هەم گرنگی و هەم رۆڵیش بە ئافرەتان دراوە و گەیەنراونەتە ناوەندی بڕیاری باڵا، تا ئاستی ئەوەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئافرەتە.

(باسنیوز) بۆچى له‌م ماوه‌یەدا‌ زۆر دەگوترێت كوشتنى ئافره‌تان زۆر بووه‌؟

تاڤگە عومە: دیارده‌ى كوشتنى ئافره‌تان تاوانێك نییه‌ كه‌ بنه‌ماكه‌ى كات و شوێن بێت و رێژه‌كان جیاوازن‌، چونكه‌ به‌رده‌وام تاوانى كوشتنى ئافره‌تان هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌م ماوه‌یه‌ى دواییدا به‌ رێژه‌یه‌كى به‌رچاو زیادى كردووه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ هه‌رێمى كوردستان، شێوازى تاوانه‌كانیش مه‌ترسیدارن و كاریگه‌ریى خراپى له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ دروست كردووه‌.

(باسنیوز) ئایا ئاماری کوشتنی ژن هەڵکشاوە؟

تاڤگە عومەر: هه‌ڵبه‌ته‌ هۆكاره‌كان زۆرن بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌م تاوانه‌ به‌ رێژه‌یه‌كى به‌رچاو روو له‌ هه‌ڵكشان بكات، كه‌ گرنگترینیان هەبوونى چه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى نایاسایی لای خەڵكانێكی زۆر و به‌ده‌ستكه‌وتنى له‌ناو بازاڕى چه‌كفرۆشان كه‌ ئه‌مه‌ ئاسانكارییه‌كى باشه‌ بۆ تاوانباران و ئه‌نجامدانى تاوان، له‌ لایه‌كى تره‌وه،‌ هۆشیاریى كۆمه‌ڵایه‌تى تا ئاستێك دابه‌زیوه،‌ تاكى ئێمه‌ هێنده‌ى سۆشیال میدیا و ئامێره‌كانى ته‌كنه‌لۆجیا بۆ بابه‌تى لاوه‌كى و كات به‌سه‌ربردن و دروستكردنى په‌یوه‌ندیى جۆراجۆر و تێكه‌ڵبوون به‌ به‌ گرووپى لەڕێلاده‌رى هه‌مه‌جۆر كه‌ به‌ئاسانى كار له‌ سه‌ر هزر و بیركردنه‌وه‌ى تاك ده‌كه‌ن و له‌به‌رامبه‌ریشدا كاردانه‌وه‌یه‌كى ئەرێنیی ئه‌وتۆ نییه‌، به‌تایبه‌تیش لەلایه‌ن خێزانه‌وه كه‌ بتوانن ئه‌م شه‌پۆله‌ كاریگه‌ره‌ رابگرن و كار له‌سه‌ر ئاراسته‌كردنى منداڵان و هه‌رزه‌كاران بكه‌ن، تاوه‌كوو به‌لاڕێدا نه‌برێن و له‌ دواڕۆژدا كاریگه‌ریى خراپ و تاوانى لێ نه‌كه‌وێته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش، ئاسته‌نگه‌ یاساییه‌كان و جێبه‌جێنه‌كردنى یاساكان گرفتێكى تره‌ كه‌ زه‌مینه‌ خۆش ده‌كات بۆ زۆربوونى تاوانه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ نكۆڵیى هەبوونى ده‌قى یاسایی باش ناكرێت، به‌ڵام به‌ده‌ر نین له‌ ئاسته‌نگ و هه‌ندێك جار جێبه‌جێنه‌كردنى وه‌كوو پێویست، چونكه‌ تا ئێستاش له‌ زۆربه‌ى ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كاندا، بیرى پیاوسالارى و تێڕوانینى ره‌گه‌زى بۆ ئافره‌ت به‌رده‌وامه‌ و هۆكارن بۆ زۆربوونى تاوان به‌رامبه‌ر بە ئافره‌ت، جگه‌ له‌وه‌ش، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و تاوانانه‌ نابێت ته‌نیا وه‌ك ئه‌ركێكى ئیدارى سه‌یر بكرێت، به‌ڵكوو ده‌بێت ئیراده‌یه‌كى گشتگیری باش هه‌بێت، تا بتوانێت به‌ره‌نگاریى حاڵه‌ته‌كان ببێته‌وه.

(باسنیوز) ئایا بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو، ڕێژەی کوشتن چۆنە؟

تاڤگە عومەر: به‌ به‌راورد به‌ ساڵانى پێشوو رێژه‌ى خۆكوشتن لەناو ئافره‌تان كه‌م بووەته‌وه‌ و رێژه‌ى كوشتن‌ زیاد بووە، به‌گوێره‌ى ئاماره‌كان، ته‌نیا له ‌سه‌ره‌تاى ساڵه‌وه‌ تا ئێستا 6 ئافره‌ت كوژراون و بكوژه‌كانیش كه‌سه‌ نزیكه‌كانى خۆیانن و هه‌ندێكیان ده‌ستگیر كراون و هه‌ندێكیشیان تا ئێستا نه‌گیراون، به‌ڵام رێككارى یاسایی هه‌یه‌ بۆ ده‌ستگیركردنیان.

(باسنیوز) ئایا ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵاتییەکان لەسەر مافەکانی ئافرەتان چۆنە؟

تاڤگە عومەر: نه‌ك ته‌نیا راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ڵكوو راپۆرته‌ نێوخۆییه‌كانیش جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه كه‌ دۆخى ئافره‌تان خراپه‌ و پێویسته‌ ئاراسته‌ كردارییه‌كان گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، به‌تایبه‌تیش كوشتنى ئافره‌تان، كه‌‌ ئێستا زیادى كردووه‌ و پێویسته‌ هه‌نگاوى خێرا و جدی بنرێت بۆ ئه‌وه‌ى مەترسی لەسەر‌ ژیانى ئافره‌تان نەمێنێت و ئه‌و دڵه‌ڕاوكێیه‌ى هه‌یه‌ بڕه‌وێته‌وه‌ و دڵنیایی بدرێت كه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌كان بە جدی كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت، بۆیه‌ ناكرێت به‌هۆى چه‌ند تاوانبارێك هه‌موو ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى به‌ده‌ست هاتوون له‌ چواچێوه‌ى پاراستنى ئافره‌تان و خۆپارێزیكردن، كه‌ خۆى له‌ بوونى یاسا و ده‌زگاى په‌یوه‌ندیدار و دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى تاوانه‌كانى توندتیژى و چه‌ندانى تر دەبینێتەوە، به‌ كه‌م بزانرێت.

(باسنیوز) ڕۆڵی ئافرەتان لە بەڕێوەبردنی ئیدارە لە دامەزراوەكانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینرێ؟

تاڤگە عومەر: به ‌گشتى رۆڵى ئافره‌تان له‌ به‌ڕێوه‌بردنى كاره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌رچاوه، جگه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان، كه‌ ئێستا ئافره‌ت توانیویه‌تى بگاته‌ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و له‌ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رییشدا چه‌ندین ئافره‌تى دادوه‌رى به‌توانامان هه‌یه، له‌ ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردنیش رێژه‌یه‌كى باشى ئافره‌ت له‌ پێگه‌ى بڕیاردان، له‌ وه‌زیر و بریكار و راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان و سه‌رۆكى زانكۆكان و قائمقام و به‌ڕێوه‌به‌رانى ناحیه ‌و سه‌رۆكى شاره‌وانى و چه‌ندانى دیكە، كه‌ ئه‌وانه‌ هه‌مووى ره‌خساندنى ده‌رفه‌ته‌ بۆ ئافره‌ت و زه‌مینه‌ خۆشكردنى ده‌رخستنى تواناكانیه‌تى له‌ سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كان و هاندانێكى باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئافره‌ت هاوشێوه‌ى پیاوان، ئه‌و هێزه‌ كاریزماییه‌ى كه‌ هه‌یه،‌ له‌سه‌ر بناغه‌ى چۆنێتى به‌كارى بهێنێت و رۆڵى له‌ بەڕێوه‌بردنى دامەزراوەكانی حكوومه‌تدا هه‌بێت، له‌گه‌ڵ بوونى ئاسته‌نگى زۆریش، به‌ڵام ئێستا ئافره‌ت رۆڵێكى به‌رچاوى له‌ كه‌رتى تایبه‌تیشدا هه‌یه، ئافره‌تانمان ئێستا خاوه‌نى كۆمپانیا و پرۆژه‌ى گه‌وره‌ى وه‌به‌رهێنانن، كه‌ له‌ ساڵانى پێشوودا ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ كه‌متر بوو.

(باسنیوز) هەماهەنگیتان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهان چۆنە بۆ ئەوەی ڕاپۆرتەکان بە دەستی بگات، چونكە هەندێك راپۆرتی نێودەوڵەتی دەڵێن ژنكوشتن لە هەرێمی كوردستان زۆرە؟

تاڤگە عومەر: راپۆرتەكانی ئێمە دەگەنە دەست سەرجەم دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان و رای گشتی و راگەیاندنەكان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و رێكخراوەكان، پەیوەندیی باشمیشان لەگەڵ رێكخراوەكان هەیە و وەكوو دەزگایەكی چاودێر و هاوكار بۆ كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشێلكارییەكان لە راپۆرتەكاندا تۆمار دەكەین، هەر بابەتێكی ناڕاست و نادروست لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانیشەوە هەبێت، ئەوەی پەیوەست بێ بە ئێمە وەڵامیان دەدەینەوە، ئەوەی كە لەلای خۆشمانە كراوە وەكوو بەڵگە دەخرێتە روو.