كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
كه‌یوان ئازاد 09/03/2022

مەڵبەندە كوردنشیینەكان پێش دەركەوتنی ئایینى ئیسلام

53

ب. هەرێمى چیا

مـەبەست لـە (هەرێمى چیا) ئـەو ناوچە بەرفراوانە بوو، كە كەوتبووە بـەرى خۆرهەڵاتى هەرێمەكانى (خۆراسان، ئیسفەهان) و باكوورى خۆرهەڵاتى هەرێمەكانى (فارس و خوزستان). لە بەرى باكووریشەوە ناوچەكانى دەیلەم و دەریاچەی خەزەر بوو. لە باشووریشەوە عێراقى عەرەبی و بەشێكى خوزستان دەوریان دابوو.

لە سەرچاوە عەرەبییەكانیشدا بە (ماە كووفە و ماە بەسرە) تۆمار كراوە، چونكە لەدوای گەیشتنی عەرەبە موسڵمانەكان بە باشوور و ناوەڕاستی عێراقی ئێستا و دروستكردنی شارەكانی (بەسرە) لە ساڵى (15ك/ 636ز) و (كووفە) لە ساڵى (17ك/ ز638)، سەرجەم داهاتەكانی ئەو هەرێمە بۆ ئەو (دوو) شارە عەرەبییە دەگەڕایەوە و دواتر لەو دوو شارەوە ڕەوانەی پایتەختی دەوڵەتانی خەلافەت دەكرا لە (مەدینە، كووفە، دیمەشق) لە سەردەمی هەردوو دەوڵەتى خەلافەتی (ڕاشیدی و ئومەوی)دا.

لە گرنگترین شار و مەڵبەندە كوردنشینەكانی هەرێمەكەش ئەمانە بوون:
1- هەمەدان: گەورەترین شارى هەرێمەكە بوو، چونكە پایتەختی دەوڵەتی ماد و پایتەختی هاوینەی دەوڵەتانی ئەشكانی و ساسانی بوو. شوورایەكى بەرز و پتەو دەورەی دابوو، كە چوار دەرگاى ئاسن شووراكەی بە دەرەوە دەبەستەوە. خاوەنى ڕەز و باخى گەورە و سەرچاوەى ئاوى بەكەڵك و سازگار بوو. هاوینی فێنك و زستانی سارد و وشك بوو.

2- دینەوەر: یەكێك بووە لە شارە گەورە و گرنگـەكانى هەرێمەكە و كەوتبووە بەرى خۆرئاواى شارى (هەمەدان) و بەرى باشوورى خۆرهەڵاتی شارى (كەنگاوەر) و بەرى باشوورى خۆرئاواى شارى (قرەمسین)، واتە (كرماشان). شارەكەش سێ یەكى شارى (هەمەدان) و سەرباری بچووكی، بە شارێكی بەپیت و كشتوكاڵیى دیار ناسرابوو. ناوى (دینەوەر)یش لە (دینەور)ى سریانى وەرگیرابوو، كە یەكێك بووە لە خوداكانى سریانى و لە سەردەمێكى كۆنى مێژوویی، كە مێژووەكەی تا ئێستاش دیار نییە، لەو شارەدا دانرابوو.

3- قەرەمسین: مەبەست لە شاری (كرماشانى ئیمڕۆیە) و بە شارێكی ئاوەدان و بایەخدار و گەورە ناسرابوو. بەتایبەت بەهۆی بوونی كێوی بێستوون و تاقی بوستان، كە وەك (دوو) شوێنەواری مێژوویی ناوبانگێكی گەورەیان بە شار و ناوچەكە دابوو. شارێكى جوان و بازرگانیى گرنگ و خاوەنى سەرچاوەى ئاوى سازگار بوو.

4- كنگاوەر: كەوتبووە نێوان (ئەسەد ئاباد و قەرەمسین) و شارێكى كوردنشین و بەپیت و بچووك، بەڵام بەهۆی بوونی ئاتەشكدەی ئاناهیتای زەردەشتی، ناوبانگێكی گەورەی بە شارەكەدا بوو.

5- نەهاوەند: كەوتبووە باشوورى هەمەدان و بە شارێكى گەورە و جوان ناسرابوو. خاوەنى ڕووبار و ڕەز و باخى گەورە بوو.

6- بروجرد: كەوتبووە باشوورى شارى (نەهاوەند) و بە شارێكى بەپیت و دەوڵەمەند بە جۆراوجۆری میوەی جوان و باش و بەتام ناسرابوو. میوەكانیشی بۆ شارى (كەرەج) بار دەكران و لەوێ دەفرۆشران، شارەكەش لە شێوەدا شارێكى درێژ بوو، نەك بازنەیی و خاوەنى بازاڕى گەورە بوو.

7- حولوان: شارێكى گەورە و ئاوەدان و دەوڵەمەند بووە. ئاووهەواى سازگار و ڕەز و باخى گەورەى هەبووە. سەرەڕاى ئەوەى زستانان بەفر شارەكەى دادەپۆشى، بەڵام هەوای وشك نەبوو. ئەمەو گەرچیى شارەكە بە بڕوای هەندێك کەس سەر بە هەرێمى عێراق بووە، بەڵام لە ڕاستیدا سەر بە هەرێمى چیا بووە.

8- خانەقین: شارێكى هەرێمەكە و كەوتبووە خۆرئاوای شارى (قرمسین). لە زاراوەى (خان قین) یان (خان گین) وەرگیرابوو، بە واتاى (ماڵى خۆمان). شارێكى ئاوەدان و كوردنشین و دەوڵەمەند بوو. ڕووبارى (ئەلوەند)، كە بە ناوەڕاستی شارەكەدا تێپەڕ دەبوو، جوانی و سەرچاوەیەكى گرنگی ئاویى بە شارەكە بەخشیبوو. پردە گەورەكەشى، هەردوو بەرى شارەكەی بەیەكەوە بەستبووەوە.

9- لۆڕ: شارێكى بچووك و كوردنشین و كەوتبووە نێوان هەردوو هەرێمى (چیا و خۆزستان). لاى هەندێك کەس سەر بە هەرێمى خۆزستان بوو، بەڵام لەسەر لێوارى باشوورى هەرێمى چیا و بەشێك بووە لێى.

10- مەندەلى: شارێكى باشوورى هەرێمەكە بوو. زاراوەكەش لە زاراوەى (وندنیك)، واتە (خاوەن موڵكە باشەكان) وەرگیرابوو. بە شارێكى بەپیتى كشتوكاڵى و كوردنشین ناسرابوو.

11- شارەزوور: شارێكى بچووك و بەناوبانگى هەرێمەكە و بە مەڵبەندی ناوچەیەكى دەوڵەمەندى كشتوكاڵیى بەپیت ناسرابوو.

12- سیروان: شارێكى بچووك و دەوڵەمەند بە خورما و گوێز بەناوبانگ و لە سەرچاوەى ئاویشدا زۆر دەوڵەمەند بوو. هەر ئەوەش بایەخى كشتوكاڵیى ناوچەكەى زیاد كردبوو.

13- جەلەولا: شارێكى ئاوەدانى هەرێمى چیا بوو. یەكەمین وێستگەى كوردنشین بووە، كە ڕووبەڕووى سوپاى عەرەبى ئیسلامى بووەوە و (هەشت) ڕۆژ بەرگریی كرد، تا كەوتە دەست سوپای عەرەبی ئیسلامی. شارەكە كەوتبووە باكوورى خۆرهەڵاتى شارى (تەیسەفون)ى پایتەختى ئیمپراتۆڕیەتى ساسانى.

ئەم هەرێمە سەرباری فراوانی و دەوڵەمەندیی بە ئاوی سازگار و زەویی بەپیت و كشتوكاڵى و سامانی ئاژەڵ، سەرەڕێگای بازرگانیی ئاوریشم بوو بەرەو عێراقی عەرەبى. زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانەكەشی كورد بوون، لەگەڵ چەند پێكهاتەیەك لە ئاسووری و كلدانی. باوەڕی ئایینیی خەڵكەكەش تا گەیشتنی ئایینی ئیسلام بە سنوورەكە زەردەشتی و بەشێك لە پەیڕەوانی جوو و مەسیحی تێدابوون. سیستەمی كۆمەڵایەتیی خەڵكەکە خێڵەكی و هۆزایەتی بوو. بەهۆی ئەوەی كەوتبووە نێوان خاكی ئێران و عێراقی عەرەبی، چاوی زلهێزەكانی مێژووی كەوتبووە سەر، بۆیە خاوەنی زۆرترین شار و ئاوەدانی بوو، سەرباری ئەوەی چەقی ململانێی زلهێزەكانی مێژووش بوو.