كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ژنێك: هاوسەرەكەم دوو جار ژنیی بەسەردا هێنام و ئێستاش دەیەوێ تەڵاقم بدات

 

ژنێکی خەڵکی پارێزگای سلێمانی، ماوەی ١٣ ساڵە ژیانی هاوسەرگیریی پێکهێناوە. دوای ئەوەی دوو جار ژنی بەسەر هێناوە، ئێستا هاوسەرەکەی دەیەوێ لێی جیا ببێتەوە.

لاڤین، تەمەنی ٣٢ساڵە، بە خۆشەویستی ژیانی هاوسەرگیریی دروست کردووە. ئەگەرچی بە هەموو جۆرە ژیانێک رازی بووە و هەڵیکردووە، بەڵام بەردەوام هەست دەکات زوڵمی لێ دەکرێت.

ئەو ژنە وێڕای سەردانی زۆری بۆ لای دکتۆرەکان، نەیتوانیوە ببێتە دایک، دەڵێت "دواجار، کە پشکنینمان کرد، دکتۆر گوتی دەبێ پیاوەکەشت پشکنین بکات، چونکە تۆ هیچ کێشەیەکت نییە".

دوای پێنج ساڵ لە هاوسەرگیری، دایکی هاوسەرەکەی داوا لە کوڕەکەی دەکات، کە ژنی دووەم بهێنێت: "دوای پێنج ساڵ، خەسووم بەردەوام داوای لە هاوسەرەکەم دەکرد ژنی دووەم بهێنێت، چونکە من منداڵم نابێت، لەکاتێکدا چەند جارێک لەگەڵم هاتووە بۆ لای دکتۆر پێیان گوتووم کە هیچ کێشەیەکت نییە، بەڵام ئەو قەناعەتی نەهاتووە".

هاوسەری لاڤین، لەژێر گوشاری دایکی، ژنی دووەم دەخوازێت و ماوەی دوو ساڵ لەگەڵیدا دەبێت، بەڵام لەویش منداڵی نابێت، بۆیە لێی جیا دەبێتەوە.

دوای سێ ساڵی تر دیسان دایکی ژنێکی تری بۆ دەدۆزێتەوە، کاتێک لەویش منداڵی نابێت، داوا دەکات ئەوجارە ئەو ژنە و لاڤینیش تەڵاق بدات.

لاڤین دەگێڕێتەوە: "کاتێک دووەم ژن تەڵاق درا کە بەسەر مندا هات، خەسووم دەڵێ دەبێت لە منیش جیا ببێتەوە، لەبەرئەوەی شومم و تا من لە ماڵەکەیاندا بم کوڕەکەی منداڵی نابێت، لەکاتێکدا دکتۆر بە منی گوتووە کە بۆ منداڵبوون هیچ کێشەیەکت نییە".

کاتێک لاڤین سەردانی دکتۆر دەکات، داوای لێ دەکەن هاوسەرەکەشی بچێت، چونکە لەم حاڵەتانەدا پێویستە ژن و مێرد هەردووکیان پشکنینیان بۆ بکرێت: "چەند جارێک دکتۆرەکان داوایان لێ کردووم، کە دەبێ هاوسەرەکەشم لەگەڵ بێت، دکتۆریش هەیە هەر پشکنینی بۆ نەکردووم، چونکە پێی گوتووم بۆ بابەتی منداڵبوون دەبێ ژن و پیاوەکەی هەردووکیان ئامادە بن، بەڵام هاوسەرەکەم دەڵێت شوورەییە پیاو ئەو پشکنینە ئەنجام بدات، دایکیشی بە هەمان شێوە، رێگری دەکات لەوەی لەگەڵم بێت".

لە ماوەی سێزدە ساڵ ژیانی هاوسەرگیری، لاڤین باس لەوە دەکات: "زۆربەی کاتی ژیانم شەڕ و ناخۆشی بووە. جۆرەها دەرمانم بۆ منداڵبوون بەکار هێناوە، کاتێک دەچم بۆ سەردانی دکتۆر، زۆربەی ژنەکان هاوسەرەکانیان لەگەڵدایە و هەردوولا پشکنین دەکەن، تەنیا ماڵی خەسووم پشکنین بۆ پیاوان بە شوورەیی دەزانن".

لاڤین وەک باس دەکات، چەندجارێک داوای لە هاوسەرەکەی کردووە کە دەتوانن بەنهێنیی ئەم پشکنینە بكەن و کەس نەزانێت، بەڵام رازی نییە: "چەند جارێک بە هاوسەرەکەمم گوتووە، دەزانم ماڵی باوکت و خزمەکانت هەبوونی نەخۆشی یان کێشە لای تۆ بە شوورەیی دەزانن، بۆ ئەوە ئێمە دەتوانین بڕۆینە شوێنێکی تر پشکنین بکە و کەس نەزانێت، بەڵام ئەو ناوێرێ و رەتی دەکاتەوە، دەڵێت ئەگەر ئەوە بکەم، کەس حسابی پیاوم بۆ ناکات".

دکتۆرە ئاشتی خالید، پزیشکی پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانی ئافرەتان، سەبارەت بە کێشەی لاڤین دەڵێت: "کاتێک خێزانێک لە منداڵبوون دوا دەکەون، پێویستە ئافرەت و پیاوەکە هەردووکیان پشکنینی پێویستیان بۆ بکرێت، دەبێ ئەوە بزانرێت، هەرشتێک کە زانستی بوو عەیب نییە و دکتۆر بۆ ئەوەیە چارەسەری کێشە تەندروستییەکانی خەڵک بکات، هەتا بەپێی ئایینیش هیچ پشکنینێک، کە بۆ چارەسەر بێت، حەرام نییە".

هەتاو ئەحمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە کێشەی لاڤین جەخت لەوە دەکاتەوە: "زۆر پێویستە بەر لە هاوسەرگیری و لە کاتی دەزگیرانیدا، کوڕ و کچان خول ببینن، بۆ ئەوەی بزانن چۆن لە ژیانی هاوسەریدا مامەڵە بکەن، چۆنیش کێشەکانیان چارەسەر بکەن، پێویستە هەر پیاوێک بزانێت کە بەرژەوەندیی ئەو لە تەبایی خێزان و ناوماڵیدایە".

هەتاو ئەحمەد پێی وایە: "کێشەی ئەم دوو هاوسەرە زۆر ئاسانە، بەڵام توندوەرگرتنی دابونەریت وای کردووە کێشەیان بۆ دروست بێت، ئەو پیاوە پێویستە ئاگای لەوە بێت، کە کاتی زیاتریان لە دەست نەچێت و زوو چارەسەر وەربگرن، تا ببنە خاوەن منداڵ، بەپێچەوانەوە، ئەگەر خۆی کێشەیەکی هەبێت، رەنگە لەم تەمەنە بتوانێ چارەسەر وەربگرێت، بەڵام دوای سێزدە ساڵی تر، ئەم چانسەشی نامێنێت".

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە رای وایە، کە دەبێ هاوسەرەکان لەوە پێشکەوتووتر بن، پشکنینی تەندروستی بە عەیبە بزانن.