كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

زانكۆکانی سەڵاحەدین و دهۆک سیمپۆزیۆمێكی نێودەوڵەتییان سەبارەت بە پاراستنی ئاو بەڕێوە برد

زانكۆی سەڵاحەدین و زانكۆی دهۆك بە هاوبەشی سیمپۆزیۆمێكیان سەبارەت بە پارێزگاری لە سەرچاوەكانی ئاو و مەترسییەكانی لافاو بەڕێوە برد.

ئەمڕۆ، دووشەممە 7/3/2022، كۆلێژەكانی ئەندازیاریی هەردوو زانكۆی سەڵاحەدین و دهۆك لە سەنتەری ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی زانكۆی سەڵاحەدین - هەولێر بە بەشداریی پارێزگاری هەولێر و چەندان كەسی ئەكادیمی لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان، سیمپۆزیۆمێكی نێودەوڵەتییان بە ناونیشانی ''پارێزگاریكردن لە سەرچاوەكانی ئاو و مەترسییەكانی لافاو، بەرەنگاری و چارەسەر'' بەڕێوە برد، لەو سیمپۆزیۆمەدا ئاماژە بە گرفتی كەمئاوی و هۆكاری ڕوودانی لافاو لە كاتی باراندا درا.

د. دانا خدر مەولوود، مامۆستای كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی سەڵاحەدین و بەڕێوەبەری ئەم سیمپۆزیۆمە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، كە بوونی ئەو سیمپۆزیۆمانە زۆر گرنگە و وا دەكات كەسانی پسپۆڕ لەو بوارەدا پەیوەندیان هەبێت و وا بكەن گرنگی بە سەرچاوەكانی ئاو لە كوردستان بدەن.

ئەو پسپۆڕە ئەوەشی خستە ڕوو: ''ئامانجمان لەو سیپۆزیۆمە ئەوە بوو كە توێژینەوە لەسەر ئاوی ژێر زەوی دەكرێت، داتای ڕاست و دروست بەكار بێت، نەك هەڕەمەكی بێت''.

گوتیشی: ''گومانم نییە ئەو سیمپۆزیۆمە، ئەنجامێكی باشی دەبێت، بەتایبەت ئەگەر كەسە پسپۆڕەكانی ئەو بوارە، لە گشت زانكۆكانی كوردستان، لەگەڵ یەكتر هاوكار بن و هاوئاهەنگییەكیان هەبێت، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو و گرفتەكان و مەترسییەكانی لافاو ببینەوە''.