لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باسنیوز)دا، ئاماژە بە چەندین پرسی تایبەت بە چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا دەكات و ئاشكرای دەكات، ساڵی رابردوو سێ لیوا لە هێزەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە و هەر دوو فەرماندەیی پشتیوانیی یەك و دوو خرانە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و هەموو ئامادەكارییەكیش كراوە، كە لەو ماوەیەدا دوو لیوای دیكە لە هێزەكانی 70 و 80 دروست بكرێن.
سەرەتا باسی لە چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە كرد و گوتی: "چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا بەردەوامە و نەوەستاوە، كۆمەڵێك خاڵی بەرنامەی چاكسازی تەواو بوونە و نێردراون بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی رەزامەندییان لەسەر بدرێت، هەندێ خاڵی دیكە پڕۆژەیە و كاریان لەسەر دەكرێت و هەندێكیشیان جارێ كاریان لەسەر نەكراوە".
روونی كردەوە، هێزەكانی هاوپەیمانان هاوكاری حكوومەتن و رۆڵیان لە چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە، گوتیشی: "هاوپەیمانان لە هەموو پڕۆژە و بەرنامەكانی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەشدارن، وڵاتانی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا بەشدارن و راوێژكاریان هەیە و لەگەڵ بەرنامەی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگەدا كار دەكەن و بەردەوامن".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە رێكخستنەوەی پێشمەرگە گوتی: "رێكخستنەوەی پێشمەرگە كارێكی درێژخایەنە، چونكە دوو هێزی گەورەی وەكو 70 و 80 لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن، ئەو هێزانە زۆرن، بەڵام ساڵی رابردوو، بەتایبەت شەش مانگی كۆتایی ساڵ، رێكخستنەوەی پێشمەرگە باش چووەتە پێشەوە و سێ لیوا لە هێزەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە و هەر دوو فەرماندەیی پشتیوانیی یەك و دووی پێشمەرگە، بە زیاتر لە 16 هەزار پێشمەرگە هاتنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".
زیاتر گوتیشی: "بۆ ئەمساڵیش، دوو لیوای دیكە لە هێزەكانی 70 و 80 ناوەكانیان گەیشتووەتە وەزارەتی پێشمەرگە و رێكخستن بۆ ناوەكانیان دەكەین و ئەوان دەبنە لیوای 21 و لیوای 22ی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوكاتە كۆی لیواكانی پێشمەرگە دەبنە 20 لیوا، چونكە ئێستا 18 لیوامان هەیە".
لیوا قارەمان ئەو زانیاری و دەنگۆیانەی رەت كردەوە، كە باس لەوە دەكەن، هەندێك پێكهاتەی لیواكان هەڵبوەشێنەوە، گوتی: "نووسراو كراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، كە دوو فەرماندەیی فیرقەی پێشمەرگە دروست بكرێت، وەكو قۆناغی یەكەم و دوای ئەوە فیرقەی دیكەیش دروست دەكرێت".
پەیوەست بە پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ساڵانی 2018 و 2019، لیوا قارەمان، گوتی: "بەرلەماوەیەك لیستی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەنجوومەنی وەزیران گەڕایەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، چونكە هەندێك تێبینی لەسەر خشتەی پلەبەرزكردنەوەكە هەبوو، خشتەكان هی وەزارەت و یەكەكانی 70 و 80 لەخۆ دەگرێت و دووبارە نێردراوەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و دواتر ئەوانیش دەینێرن بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم، بۆ دەكردنی مەڕسووم بۆیان، پلەبەرزكردنەوەی كارمەندان و پێشمەرگەی ئاسایی كێشەیان نییە و خەریكە بۆ خشتەی نەورۆزی 2022 كار دەكرێت، چونكە فەرمانی سەرمووچە و پلەبەرزكرنەوەیان لەنێو وەزارەتدا دەكرێت".
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە زانیاری لەسەر ئەو لیوا هاوبەشەی پێشمەرگە دا، كە لەگەڵ سوپای عێراق تێكەڵ دەكرێت و ناوەكانیان نێردراوە بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق، گوتی: "وەزارەتی پێشمەرگە هەموو ناوەكانی ئەو لیوایەی ناردووە بۆ بەغدا، ئەو ناوانە وردبینیی ئەمنییان تێدا دەكرێت و باجیان بۆ دروست دەكرێت و بابەتە ئیدارییەكانیان تەواو دەكرێت، ئەوان لیستیان بۆ ئێمە نارد، ئێمەش لیستەكانمان بۆ ناردوون، چاوەڕوانی ئەوەین كە مووچەیان بۆ ببەسترێت و دواتر بەپێی داواكاریی ئەوان پێشمەرگەكان بڕۆنە مەشق و ئەرك".
زیاتر گوتیشی: "ئەوان لێرە مەشقی خۆیان كردووە و لەو ماوەیەدا، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری كۆبوونەوەمان كردووە، داوامان كردووە مووچەیان بۆ ببەسترێت، ئەوان لەكۆتایی ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان مەشق و راهێنانیان كردووە و دوای بەستنی مووچەیان لەگەڵ سوپای عێراق، بە هاوبەشی مەشق و راهێنانی دیكە دەكەن و دەچنە ئەرك، كە نیوەیان كورد دەبن و نیوەشیان عەرەب دەبن".
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، گوتیشی: "ئەو دوو لیوا هاوبەشە ئاسایشی ئەو ناوچانەی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەپارێزن و دهچێته سهر وهزارهتی بهرگریی عیراق و له ڕووی مووچه و كهرهستهی سهربازییهوه پەیوەندییان بە وەزارەتی پێشمەرگەوە نامێنێت''