كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
فرسەت سەید شکور 03/03/2022

راستییەكان لە زاری سەرۆکی حکوومەتەوە

لەگەڵ سەختبوونی دۆخی ئابووری و بڕینی پارە لە بەغداوە و بڕیارە سیاسییەکانی "دادگەی فیدڕاڵی"، ھەموان لە چاوەڕوانیی ڕوونکردنەوە و خستنەڕووی راستیەكان بووین، بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ڕوونی و زمانێکی سادە و ڕەوان، لەسەر تەواوی ئەو پرسیارانە وەستا کە ماوەیەکی زۆرە ڕووبەڕووی حکوومەت دەکرێنەوە، ھەر لەو بڕیارانەی کە "دادگەی فیدڕاڵی" دەریان دەکات، تا نەناردنی شایستە و مافە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، ئەمە جیا لە پێشێلی دەستوور و کارپێنەکردن بە ماددەکانی دەستووری عێراق، تەنیا لەو خاڵانە نەبێت کە بۆ دژایەتیی ھەرێمی کوردستان قۆستراوەتەوە.

سەرۆکی حکوومەت، بە ڕوونی ئەوەی نەشاردەوە کە داھاتی هەندێ دەڤەر و پارێزگا ناگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە كە ئەو داهاتە لەپێناو پۆست و گیرفان و ویستی سیاسی قۆرخ کراوە، نەک لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئەو دەڤەرانە، سەیر ئەوەی داھاتەکەش دیار نییە بۆ كێ دەبێ و بۆ كوێ دەچێت! بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان ئەو پرسیارە لەو ھێزە خاوەن دەسەڵاتانە بکەن، کە ئایا ڕەوایەتی ھەیە لەپێناو مەرامی شەخسی و سیاسی، مافی سەرەتایی خەڵک کە مووچەیە درەنگ بکەوێ؟

ھەموان بە قسە پەرۆشی چاکسازیین، ھەموان بە قسە دژی گەندەڵین، ھەموان بە قسە دژی نادادی و خراپكردنی بژێویی خەڵكین، بەڵام ئەگەر لەم قۆناغە سەختەدا هەڵوێستمان نەبێ و خۆمان لە ڕاستییەکان بدزینەوە، ئایا دۆخەکە لەوە خراپتر نابێت؟
ئایا تا کەی خەڵکی کوردستان باجی ئەوە بدەن كە خەڵكێك دەست بەسەر داهاتی ناوچەكانی ژیر دەسەڵاتی خۆیدا بگرێت؟ تا كەی بەرگەی زوڵم و ستەمی بڕیارە نایاسایی و سیاسییەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق و دادگەكەی بگرین؟

ھەموان باش دەزانین و بیرمانە کە داڕێژەری چاکسازی و یاسا و بڕیارەكانی سەرۆکایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، ئەوێ پێش ھەر کەسێک بە ئەرکی خۆی ھەستا و لە چەندان سێکتەر پاکسازیی کرد، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا خەڵکانی ھەلپەرست و گەندەڵکار و چاوچنۆک رێگرن لە هەندێ هەنگاو، تەنانەت بەشێکی زۆر لەوانەی ئێستا ڕەخنە دەگرن و جنێو بە ھەموو شتێکی ئەم حکوومەتە دەدەن، جورئەتیان نیە لەسەر نەناردنی داھاتی پارێزگایەک و زوڵمی ئاشکرای دادگەی فیدڕاڵی، فززە بكەن، کەچی باسی مافی خەڵکیش دەکەن، ھەموان دەزانین كێ لە بەرەی خەڵکە و کێش لە دژی خەڵکی کوردستانە.

بەداخەوە ھەندێک دەزگای میدیایی نابەپرسیار، دوور لە ھەموو ئیتیێکی کاری ڕۆژنامەوانی، ناڕەزایی خەڵکیان بۆ مەرامە سیاسی و خراپەکانی خۆیان قۆستووەتەوە، بە شێوەیەک یاری بە ھەست و سۆز و داواکارییەکانیان دەکەن، دەنا گەر خۆ لە ڕاستییە لانەدەین باش دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە داھاتی نەوت چۆنە و چۆن دەفرۆشرێت، لەوەش بێخەبەر نین کە کێن ئەوانەی مافی خەڵک دەخۆن و شەرم ناکەن و ڕەخنەش دەگرن، ئەو خەڵکە پۆپۆلیستییانەش دەناسینەوە کە نەک ئاھەنگ بۆ دژایەتیی حەق و داواکارییەکانی خەڵک دەگێڕن، بەڵکوو گەر بۆیان بکرێت ھاوکاری نەیارانی کوردستانیش دەبن لەپێناو نەھێشتن و لاوازکردنی قەوارەی ھەرێم.

خەڵكی ھەرێمی کوردستان، بە زۆر لە دۆخی سەختتری وەھادا تێپەڕیوە، بەڵام ئاگایی و خۆڕاگرییان بە شێوەیەک بووە ھەموو پیلان و بەرنامەیەکی نەیارانیان پووچەڵ کردووەتەوە، بۆ ئەم قۆناغەش یەکگرتوویی و یەکڕیزی لە ھەموو ڕووێکەوە پێویستییە.