كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

شێخ مه‌شعه‌ل خدر: دوای جینۆسایدی شنگال 600 كچی دیكەی ئێزدی ڕفێنراون

به‌رپرسی بەشی كۆمەڵایەتیی لقی 17ی پارتی لە شنگال، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (باسنیوز) ئاشكرای دەكات، كە بەپێی زانیارییەكانیان، لەدوای جینۆسایدی شنگال تا ئێستا  600 كچی دیكەی كوردی ئێزدی ڕفێنراون و بێ سەروشوێن كراون، یان چەكدار كراون.

 (باسنیوز): دوای جینۆسایدی شنگال لەسەر دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە 2014، ئایا ڕفاندندنی كچ و منداڵی كوردی ئێزدی لە شنگالدا هەر هەیە؟

شێخ مه‌شعه‌ل خدر: دوای جینۆسایدی شنگال لە 2014، بەپێی زانیارییەكان، 600 كچی ئێزدی ڕفێنراون و بێ سەروشوێن كراون و چەكدار كراون، ئەمەش خەڵكی شنگالی زیاتر بریندار كردووە و خەڵك ناتوانێ و ناوێرێ بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، چونكە ژمارەیەكی زۆر كچی ئێزدی لەلایەن گرووپ و میلیشیا ناشەرعییەكان ڕفێنراون، دایك و باوكەكانیان هەوڵی ئازادكردنیان دەدەن، بەڵام ناتوانن، چونكە هەركەسێك چووە ناو پەكەكە و گرووپەكانی، ناتوانێ بگەڕێتەوە ناو كەسوكاری خۆی و دەیانبەن بۆ شوێنی نادیار. ئێستا زۆر گرووپ و میلیشیا كەوتووەنەتە ناو شنگال و هەریەكە و بۆ مەرامێك كار دەكات و خەڵكی شنگال هەڵدەخەڵەتێنن، بەتایبەتی پەكەكە و حەشدی شەعبی، بەداخەوە ڕەوشی شنگال بەم شێوەیە مەترسیدارە و خەڵك ناوێرن بگەڕێنەوە شنگال.

(باسنیوز): ئەو ژمارە زۆرەی كچان، كە لەدوای جینۆسایدی شنگال ڕفێنراون، ئایا دەتوانن پەیوەندی بە كەسوكاریانەوە بكەن و بە ڕای ئێوە چارنووسییان چییە؟

شێخ مه‌شعه‌ل خدر: هەر كەسێك لەناو ئەو گرووپە ناشەرعییانەی لەناو شنگالدان چەكدار بكرێ، ناتوانێ بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە خێزان و كەسوكارییەوە بكات، تەنانەت كەسوكارەكانیان ناتوانن لەناو شنگالدا دژی ئەو ڕەفتاری ڕفاندنی كچەكانیان خۆپیشاندان بكەن، چونكە تووشی كێشە و گرفتیان دەكەن، كەسیش نازانێ ئەو كچانەی ڕفاندوویانن، بردوویانن بۆ سووریا یان بۆ قەندیل، دایك و باوكەكانیان بەردەوام پرسیار لە چارەنووسیان دەكەن، بەڵام هیچیان بۆ ئاشكرا ناكەن، بەپێی زانیارییەكانیش.

(باسنیوز): داب و نەریتی كوردانی ئێزدی ڕێگا بەوە دەدات كچەكانیان لەگەڵ خەڵكی دیكە تێكەڵ ببن و چەك هەڵبگرن؟

شێخ مه‌شعه‌ل خدر: داب و نەریتی ئێزدییان بە هیچ شێوەیەك ڕێگا نادات كچەكانیان لە چۆل و چیا لەگەڵ خەڵكی دیكە بمێننەوە و چەكدار ببن، لە نەریتی ئێزدییاندا قبووڵ ناكرێ كچێكی ئێزدی لەگەڵ كەسێكی غەیرەئێزدی هاوسەرگیری بكات و تێكەڵی بێت، ئەوەی ئێستا لە شنگال بەرامبەر بە كچانی كوردی ئێزدی پەیڕەو دەكرێ، دوورە لە داب و نەریتی ئێزدییان، چونكە ئەو تێكەوڵاوبوونەی كچان لەگەڵ خەڵكی دیكە هەڵەی لێ دەكەوێتەوە.

(باسنیوز): ئەوە چەند ساڵ دەبێ كچی ئێزدی دەڕفێنرێن؟ ئایا داتایەكی تەواوتان هەیە كە چەند كچی ئێزدی ڕفێنراون؟

شێخ مه‌شعه‌ل خدر: شەش ساڵە دەست بە ڕفاندنی كوڕ و كچانی ئێزدی لە شنگالدا كراوە، ئەمساڵ ڕێژەكە زیاد بووە، لەدوای جینۆسایدی 2014 تا ئێستا لە شنگال 600 كچ ڕفێنراون، بەگوێرەی قسەی دایك و باوكەكانیان، تەمەنی ئەو كچانە لەنێوان 12 بۆ 16 ساڵی دایە، كچەكان هەڵدەخەڵەتێنرین و دواتر بۆ شوێنی نادیار دەڕفێنرێن و لە كەسوكاریان دادەبڕێنرێن.