ئەگەر لە سۆنگەی ئەم جەنگ و رووداوانەی ئێستاوە، سەیری جیهان بكەین له هه‌موو جه‌مسه‌ره‌كانیه‌وه، وەختە ببێتە وێرانه‌یه‌ك، هه‌موو كات باس له ژیانی ئارام و دیموكراسییەت و ئازادییه‌كان و مافی مرۆڤ بە مەفهوومی رۆژئاواییه‌كان دەبیستین، سەراسیمەمان دەكەن بەوەی كە ئەوان چه‌ند دیموكراتخواز و مافی مرۆڤ خوازن، كه‌چی رۆژ به ڕۆژ ئه‌و راستییه‌مان بۆ ئاشكرا دە‌بێت كه ڕۆژئاوا هه‌موانی له‌ناو وه‌همێكی به‌تاڵدا فریو داوه و لای خۆیانەوە بۆ مەسەلەكانی ئێمە، شتێك نییه بە ناوەكانی (مافی مرۆڤ، ئازادی، دیموكراسی، یاسا) بەو شێوە رەهاییەی خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن، بەڵكوو بەرژەوەندی، هەموو شتێكە.
دووڕوویی بووەته زمان و ئه‌ده‌بیاتی سیاسییەكانی دونیای ئەوان، هه‌ر جاره به شێوازێك و زمانێك، تەگەرە و ته‌لیسم و تەڵە، له به‌ر پێی گه‌لاندا داده‌نێن، تاكوو مه‌رامی په‌نهانی ژێربه‌ژێری خۆیان بگەیەننه ئامانج، ئیدی كێ ده‌بێت به قوربانی، گرنگ نییه، هەمووتان ئەو كارەساتەتان بینی كە پێش چەند مانگێك بەسەر ئەفغانستاندا هات و رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری كوردستانیشتان لەبیرە و حاڵی سووریا و لیبیاش بەڵەدن.
ئێستا شەڕ بە توندترین شێوە و خوێناوی‌ترین وێنەیەوە، لەنێو ماڵی ئۆكراینیەكاندایە، ده‌بینین ئه‌ورووپا چۆن شڵه‌ژاوه بەڵام ئه‌م شۆكه ته‌نیا بۆ هاووڵاتییانه، هه‌ڵبه‌ته سه‌ركرده‌كانی ناتۆ و ئه‌مریكا پێشوه‌خته ئه‌م نه‌خشه‌یه‌یان لەبەرچاو بووه و باش ده‌زانن سیاسه‌تی رووسیا هه‌مبه‌ر به ئه‌مریكا و ئه‌وورووپا و ناتۆ چۆنه، كه‌چی ده‌بینین دیسان فرمێسكی تیمساحی دەڕێژن و نزای خێر بۆ گەلی ئۆكراینا دەكەن! وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێی خه‌مبارن به‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به گه‌لی ئۆكراینا ده‌كرێت.
بەڵام ئاخۆ فرمێسك و ئەو نزایەی باسی دەكەن و دڵنیام نایكەن! لەم كاتانەدا چی بۆ گه‌لی ئۆكراینی دەهێنێت، وڵاتێكی قه‌شه‌نگ و جوانیان كردووەته مه‌یدانی تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌كه‌كانی خۆیان، تاكوو ته‌سفییه‌ی حساباتی سیاسی و ئابووری و سەربازیی خۆیان له‌و مه‌یدانه‌دا له‌گه‌ڵ رووسه‌كاندا بكه‌ن، نه‌بادا پرووشكی ئاگرێك پەل بۆ سنووری جوگرافیای خۆیان بكێشێت. له سه‌روبه‌ندی دروستبوونی داعشیشدا هه‌مان میتۆدی سیاسی‌یان وه‌گه‌ڕ خست. زلهێزه‌كان ناوچه‌كه‌یان وه‌ك كێك به‌سه‌ر خۆیاندا دابەش كرد، جا ئێستا نۆره‌ی ئه‌ورووپای ڕۆژهه‌ڵاته، تا له‌وێش بنكه‌ی سه‌ربازییان بچه‌قێنن.
لە شەڕی داعشدا، سنووره‌كانی خۆیان كرده‌وه، تاكوو هه‌رچی خڵته و پڵته‌ی ئه‌ورووپایه، كه چه‌ندین كه‌یسی شه‌ڕانگێزی و تاوان و به‌ندیخانه‌یان له هه‌گبه‌دا بوو، لە توركیاوە به‌ره‌و سنووره‌كانی به‌ناو خیلافه‌تی ئیسلامی بڕۆن.
لە شه‌ڕی دژ به داعشدا، جیهانی رۆژئاوا چه‌ندین ئامانجیان بۆ خۆیان دانا:
1. كۆمه‌ڵگای ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا و وڵاتانی دیكەی رۆژئاوا، رزگاریان بوو له كه‌سه شه‌ڕەنگێزەكان و ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كان، ئه‌و تاوانبارانه بووبوون به بارگرانی به‌سه‌ریانه‌وه، له شه‌ڕی داعشدا بینیمان كه چه‌ندین چه‌كدار له وڵاته جیاجیاكانەوە خۆیان گه‌یانده پایتەختی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت له سووریا.
2- له لایه‌كی دیكەوە، وڵاتانی زلهێز شه‌رعییه‌تیان به خۆیان دا، بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی بچنە ئه‌و ناوچانەوە، به‌ڵام ئامانجی سه‌ره‌كییان پاراستنی گه‌لانی ژێر دەستی دەوڵەتی خەلافەتی تیرۆریست نەبوو، به‌ڵكوو ئامانجه سیاسی و ئابوورییه‌كان پێش هەموو شت بوو، مه‌یدانی شەڕ تا گه‌رمتر بێت، قازانجه‌كان زیاتره بۆیان.
3- نماییشكردن و فرۆشتن و تاقیكردنەوەی چه‌كه تازەكان و ساغكردنەوەی چەكوچۆڵی كۆنی ماوەبەسەرچوو كه له جه‌نگه‌كاندا به‌كار هێنران، ئامانجێكی دیكەیە، بۆ پیشاندانی توانا و هێز و توانای جه‌نگییان، ئه‌مان هه‌مووی به‌سه‌ر ئەو گه‌لانه‌دا تاقی ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌بن به قوربانی.
ئێستاش ده‌بینین به هه‌مان شێوه، له‌بری ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی نێوه‌ندگیریی ئاشتییانه له‌نێوان رووسیا و ئۆكراینادا بكات، كه‌چی تا دێ شه‌ڕه‌كه خۆش ده‌كه‌ن و هێنده‌ی دیكە هانی ئۆكراینا ده‌ده‌ن، تا زیاتر به‌رامبه‌ر به ڕووسیا ده‌مارگیر بێت.
سه‌رۆكی ئۆكراینا ده‌یه‌وێت مێژوو بۆ خۆی نه‌ك بۆ گه‌له‌كه‌ی، تۆمار بكات، چونكه وێرانكارییه‌كه یه‌ك لایه‌نەیە و ده‌بینین ژێرخانی ئه‌و وڵاته چۆن وێران ده‌بێت و خەڵك ئاوارە دەبن، خەڵكه‌كه‌ی كردووەته قەڵغانێك، هه‌ژاری پێش هەڵگیرسانی شه‌ڕ 50% بوو، دوای جه‌نگ هەڵبه‌ته ڕێژه‌كه به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌ڕوات، بۆ گه‌لی ئۆكراینا باشترین بژاره ئاشتییه، نه‌ك جه‌نگ.
دیموكراسیه‌تی رۆژئاوا و پاراستنی مافی مرۆڤ و ئاشتەوایی جیهانی، كە دەوڵەتە رۆژئاواییەكان بانگەشەی بۆ دەكەن، دوای ئەم رووداوانە كه‌وتووەته ژێر سەدان پرسیار و گومانەوە، داخۆ گوفتار و كرداری سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌ورووپا یه‌ك ده‌گرنه‌وه، یاخود به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان دیموكراسیه‌ت ده‌خاته پشتی ئه‌و هەورە ڕه‌شانه‌ی ئاسمانی ئەو وڵاتانەی جەنگەكانی تەنیوە.
ئه‌م شەڕەی ئێستا هەیە، به ناو شه‌ڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكراینایه، هه‌ڵبه‌ته گه‌لی ئۆكراینا به‌شێكی جودان له گه‌لی رووسیا، به‌ڵام ئۆكراینیەكان ئه‌وه‌نده‌ی لە كولتوور و زمان و شێوازی لایف ستایلیان له‌گه‌ڵ رووسه‌كان نزیكە، زۆر دورترن له ئه‌ورووپای ڕۆژئاوا. ئه‌وه‌ی ئێستا هاتووەته ئاراوه، بۆ دروستكردنی كینه‌یه له‌نێوان ئه‌و گه‌لانه، له‌لایه‌ك دوو هه‌رێم سه‌ربه‌خۆ ده‌كرێن و لایه‌كی تریش شه‌ڕی ناوخۆیان پێ ده‌كه‌ن.
ئێستا سیستمی نوێی جیهانی و به‌ڕێوەبردنی ئابووری و سه‌ربازی گۆرڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت، شتێك بوونی نامێنێت به ناوی یه‌ك جه‌مسه‌ری، یان دوو جه‌مسه‌ری، به‌ڵكوو چینیه‌كان جه‌مسه‌رێكن، رووسه‌كان جه‌مسه‌رێكی دیكە و ئه‌ورووپاییه‌كانیش جه‌مسه‌رێكی دیكە، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مریكاش هه‌میشه كاری ئه‌وه بووه، خودی خۆی جه‌مسه‌رێك بێت. به‌ریتانیا هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له یه‌كێتیی ئه‌ورووپا چووە دەر، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌مسه‌ری تایبه‌ت به خۆی ڕێك بخات، كه‌واته وڵاته زلهێزه‌كان له‌لایه‌كەوە دژ به یه‌ك ده‌جه‌نگن و له لایه‌كی دیكە هاوپه‌یمانی و به‌رژه‌وه‌ندی كۆیان ئه‌كاته‌وه.
گه‌ر وردتر سه‌یری ڕووداوه‌كان بكه‌ین، سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی وڵاتان، به‌تایبه‌تی ئەوەی ئه‌مریكا له لامان ڕوونتر ده‌بێت كه چۆن سه‌ركرده زیندانیكراوه‌كانی تاڵیبانیان گه‌ڕانده‌وه بۆ ئه‌فغانستان و به چه‌ند رۆژێك ئه‌فغانستان لە لایه‌ن تاڵیبانه‌وه له‌بەرچاوی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كۆنترۆڵ كرا و هیچ نقە‌یان لێوه نه‌هات، وڵاتانی وه‌ك چین و ئه‌مریكا و ئه‌وورووپا له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێك كه‌وتن بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی بلۆكێكی سوننه له سنووره‌كانی ئێران، تا باڵانسی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان رابگرێ.
ئێستا هه‌مان سیناریۆ له ئۆكراینا دووباره ده‌كرێتەوە، تا به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسی و ئابوورییه‌كانی وڵاتانی به‌رژه‌وه‌ندخواز به‌م جه‌نگە له ناوچه‌كه رابگیرێت، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا رووسیا ئه‌و وڵاته بێهێزه‌یه كه بتوانێت به‌رامبه‌ر به‌م پلانه شكست بهێنێت؟ منیش وەك هەموان چاوه‌ڕوانی وه‌ڵام ده‌بم.