كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

جێگری پارێزگاری هەولێر: ئەمساڵ لە هەولێر 132 پڕۆژە بە گوژمەی 90 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێن

"راسپاردەی سەرۆكی حكوومەتە، بۆ پڕۆژەكان زیاتر گرنگیی بە گەڕەك و ناوچە هەژارنشینەكان بدەین"

ئەندازیار مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باسنیوز)دا، چەند پرسێكی پەیوەست بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەخاتە ڕوو. رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پڕۆژەكاندا زیاتر گرنگیی بە گەڕەك و ناوچە هەژارنشینەكان دەدرێت. ئاشكراشی كرد، چەندین شەقامی نوێ دروست دەكرێن، لەوانە جووتسایدێك لە بنەسڵاوە و دروستكردنی شەقامێكی 60 مەتری لەنێوان پێنجی حەسارۆك و 120 مەتری.

سەرەتا باسی لەوە كرد، بۆ ئەمساڵ رەزامەندی لەسەر دەیان پڕۆژەی تازە دەراوە، گوتی: "بۆ ئەمساڵ رەزامەندی لەسەر 132 پڕۆژە دراوە، بە گوژمەی 90 ملیار دینار، پڕۆژەكانیش پەرەپێدانی پارێزگاكان و (چوار پڕۆژەی سیادی)ی وەزارەتی ناوخۆ لەخۆ دەگرێت، بە گشتی پڕۆژەكان رێگاوبان، قیڕتاوكردن، كارەبا، ئاو و ئاوەڕۆ، شەقام و هەندێك سێكتەری دیكە دەگرێتەوە".

ئاماژەی بەوەش دا، پارێزگا ئامادەكاریی كردووە و پڕۆسە تەندرەكان ئامادە دەكات و دواتر رادەگەیەندرێن، گوتیشی: "ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە، ئەو پڕۆژانە لەسەرەتای مانگی چوار بكەونە بواری جێبەجێكردنەوە".

ساڵی رابردوو، لە سنووری پارێزگای هەولێر بو 130 پڕۆژەی خزمەتگوزاری، بڕی 28 ملیار دینار تەرخان کرا.

مەسعود كاڕەش، ئەوەشی خستە ڕوو، لەو پڕۆژانە زیاتر گرنگیی دراوە بە ناوچە و گەڕەكە هەژارنشینەكان، دەشڵێت: "لەو پڕۆژە تازانەدا زیاتر گرنگیی دراوە بە ناوچە هەژارنشینەكان و ئەو ناوچانەی پرۆژەی خزمەتگوزارییان كەمە، بۆ نموونە، قۆناغی یەكەم و دووەمی پڕۆژەكانی تۆبزاوە ئەحمەد هەیە، كە گەڕەكێكی هەژارنشینە، لە گەڕەكی تەیراوە و مستەوفی و سەڵاحەدین پڕۆژەمان هەیە، لە بنەسڵاوە و دارەتوو، هەروەها چەندین شوێن و ناوچە و گەڕەكی هەژارنشین، پڕۆژەی جۆراوجۆریان تێدا دەكرێت".

زیاتر گوتیشی: "راسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكوومەتە، كە بۆ پڕۆژەكان زیاتر گرنگیی بە گەڕەك و ناوچە هەژارنشینەكان بدەین و ئێمەش راسپاردەی جەنابیان جێبەجێ دەكەین و لە پڕۆژەكانی ئەمساڵدا جێگەمان بۆ ئەوە كردووەتەوە".

جێگری پارێزگاری هەولێر، پەیوەست رێگریكردن لە دووبارەنەبوونەوەی كێشەی كەمیی ئاو لەناو شاری هەولێر، گوتی: "ئەمساڵ بۆ پلانی پڕۆژەكانی ئاو، بودجەیەكی تایبەتی پێویستە، لەنێو پڕۆژەكانی ئەمساڵ پڕۆژەی باش بۆ ئاو هەیە، خەریكین نووسراوێك بۆ پڕۆژەكانی ئاو لە شاری هەولێر بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەكەینەوە".

جەختی كردەوە، لە پڕۆژەكانی ئەمساڵ چەند شەقامێكی تازە هەن: "شەقامەكان هەندێكی لەنێوان گوند و ناحیەكانە، هەندێكیشی لەنێوان ناحیە و قەزاكان و هەندێكی دیكەیش لە گەڕەكەكاندا، لەنێو پڕۆژەكان دا دووبارە شەقامی 100 مەتری ئەو دیوەی، كە قیڕتاو نەكراوە قیرتاو دەكرێتەوە، هەروەها شەقامی نوێش دروست دەكرێت، لەوانە جووتسایدێك لە بنەسڵاوە و دروستكردنی شەقامێكی 60 مەتری لەنێوان پێنجی حەسارۆك و 120 مەتریدا".

مەسعوود کاڕەش روونی كردەوە، بردنی خزمەتگوزاری بۆ كەرتی هەشتی حەسارۆك لەنێو پڕۆژەكانی ئەمساڵی پارێزگادا نییە، چونكە وەزارەتی شارەوانی پلانی تایبەتی بۆ كەرتی هەشتی حەسارۆك هەیە. گوتیشی: "پڕۆژەكانی ئێمە زیاتر بۆ ئە شوێنانەیە، كە ئاوەدانییان تێدایە و خزمەتگوزارییان كەمە".

ئەو بەرپرسەی پارێزگای هەولێر تیشكی خستە سەر ئەوەی، كە هەوڵیان داوە هاوسەنگی لەنێوان زیادبوونی دانیشتووان و پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییەكان رابگرن، گوتیشی: "زیادبوونی یەكەكانی نیشتەجێبوون فشار دەخاتە سەر ئاو و شەقام و كارەبا، شەقامی 120 مەتری دروست كرا، ئێستا خەریكە قۆناغی سێیەمی شەقامی 150 مەتری دەست پێدەكات، هەولێر پایتەختە، چاوی وەبەرهێنانێكی زۆری لەسەرە، ئێمە هەوڵمان داوە هاوسەنگی رابگرین".

كاڕەش هاتە سەر ئەوەی، ئەگەر پارە بە تێری هەبێت، ساڵانە پارەیەكی یەگجار زۆریان بۆ پڕۆژەكان پێویستە، گوتیشی: "لە ساڵی 2014وە بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و بڕینی بودجە لە لایەن بەغدا، كێشەیەكی زۆر دروست بوو، خۆشبەخاتە لە ساڵی رابردوودا، دووبارە ئاهێكمان وەبەرهاتەوە، بۆ دابینكردنی بودجە بۆ پەڕەپێدانی پارێزگاكان، پار ساڵ 28 ملیار دینارمان بۆ دابین كرا، ئەمساڵ بووەتە 62 ملیار دینار، پێشتر لە ساڵی 2011 و 2013 ساڵانە هەولێر 400 ملیار دیناری بۆ دابین دەكرا، بۆیە ئەگەر پڕۆژەكان بەگوێرەی پێویست و بەتەاوی بكەین، ساڵانە پێویستمان بە 400 ملیار دینارە، ئەمساڵ ئێمە تەنیا پڕۆژەی خزمەتگوزاریمان هەیە، بۆ نموونە، پێویستمان بە كۆمەڵێك قوتابخانە و نەخۆشخانە هەیە، پێویستمان بە چەندین باڵەخانەی فەرمانگەكان هەیە، نەمانتوانیوە پڕۆژەی وێستگەی كارەبا لەنێو پڕۆژەكان جێگەی بۆ بكەینەوە، تەنیا پڕۆژەی خزمەتگوزاریمان كردووە، كە خەڵك پێویستیان پێی هەیە و گوڕوتینێكی باش دەدات بە بازاڕ و خەڵکیش زیاتر بە ئیش دەکەوێتەوە"