نادیه یاسین، ئه‌و كچه كورده‌یە كه له دووریی نیشتمانه‌وه یه‌كه‌م به‌رهه‌می خۆی به ناوی "ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له‌بیره" بڵاو كرده‌وه و تاکوو ئێستاش ئه‌م گۆرانییه لە گوێی هه‌موو كوردێكدا وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه. نادیه له ته‌مه‌نی پێنج ساڵییه‌وه كوردستان جێ ده‌هێڵێت و ئێستا له وڵاتی كه‌نه‌دا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات و تاکوو ئێستا خاوه‌نی چه‌ند گۆرانییه به زمانی كوردی و ئینگلیزی. ئه‌و، له چاوپێکەوتنێکی "باس‌نیوز"دا ده‌ڵێت: ''من هه‌میشه دڵێكم له‌لای نیشتمانه''.
(باس‌نیوز): بۆچی ماوه‌یه‌كه له هونه‌ر دوور كه‌وتوویه‌ته‌وه و هیچ به‌رهه‌مێكی نوێت نییە؟
نادیه یاسین: ڕاسته، ئێستا به‌رهه‌می هونه‌ریم كه‌متره، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به‌رده‌وام به‌رهه‌می هونه‌ریم هه‌بووه و چه‌ند تراكێك گۆرانیم بڵاو كردووەتەوە، له ساڵی 2017دا گۆرانییه‌كی بادینیم بۆ نووسرا و منیش به شێوه‌ی ڤیدیۆكلیپ بڵاوم كرده‌وه، دوای ئه‌وه به زمانی ئینگلیزی گۆرانییه‌كی ترم هه‌ر به شێوه‌ی ڤیدیۆكلیپ بڵاو كرده‌وه و خۆم خاوه‌نی تێكسته‌كه‌ی بووم. پاشان چه‌ند گۆرانییه‌كی ترم بڵاو كرده‌وه و پێشم خۆشه له بواری هونه‌ریدا زیاتر له‌وه چالاك بم، به‌ڵام نابێت ژیانیشم بكه‌مه قوربانی، بۆیه زیاتر گرنگیم داوه به ژیانی خۆم.
(باس‌نیوز): ماوه‌ی چه‌ند ساڵه نه‌گه‌ڕاویته‌وه كوردستان؟
نادیه یاسین: دواجار كه گه‌ڕامه‌وه كوردستان ساڵی 2012 بوو، ئه‌وكات ڤیدیۆكلیپێكم بۆ گۆرانیی "نێرگز" له پارێزگای دهۆك به‌رهه‌م هێنا.
(باس‌نیوز): بۆ ئاهه‌نگه‌كانی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی كوردی هیچ ئاهه‌نگ و كۆنسێرتێكت دەبێت؟
نادیه یاسین: به دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر پێشنیارێكی جوان و ڕێكوپێكم پێشكه‌ش بكرێت، به شانازییه‌وه ئاماده‌م كه به‌شداریی ئاهه‌نگه‌كان بكه‌م، جا به هه‌ر بۆنه و یادێكه‌وه بێت؛ چ له كوردستان بێت، یاخود بۆ كوردانی ده‌ره‌وه.
(باس‌نیوز): تاکوو ئێستا خاوه‌نی چه‌ند به‌رهه‌می گۆرانیت و به چه‌ند زمانیش گۆرانیت گوتووه؟
نادیە یاسین: له ساڵی 2003ـوە یه‌كه‌م ئه‌لبوومم به ناوی "ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له‌بیره" بڵاو كرده‌وه، ئه‌لبوومه‌كه له حەوت تراك پێك هاتبوو، دوای ئه‌وه‌ش چه‌ند به‌رهه‌مێكی ترم به شێوه‌ی تاك بڵاو كردووەتەوە. گۆرانییه‌كانیشم به زمانی كوردی و ئینگلیزی بڵاو كردووەتەوە، به‌رهه‌مه كوردییه‌كانیشم به هه‌ردوو شێوەزاری سۆرانی و كرمانجی بڵاو كردووەتەوە.
(باس‌نیوز): بۆچی یه‌كه‌م به‌رهه‌می هونه‌ریت به ناوی "ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له‌بیره" بڵاو كرده‌وه؟
نادیە یاسین: ڕاسته من هه‌رزوو له نیشتمان دوور كه‌وتمه‌وه و له وڵاتێكی تر گه‌وره بووم و پێگه‌یشتم، به‌ڵام له دووریی نیشتمانی ڕاسته‌قینه‌مه‌وه خۆشه‌ویستیم بۆ خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌م زیاتر بوو، بۆیه دڵێكم هه‌میشه له‌لای ئه‌و نیشتمانه بوو كه پێی ده‌ڵێن كوردستان.
(باس‌نیوز): بۆچی به زمانی ئینگلیزی گۆرانیت گوتووه؟
نادیە یاسین: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من له ته‌مه‌نی پێنج ساڵییه‌وه له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌م نیشتمانم جێ هێشتووه و هه‌ر زوو كه‌وتمه ژێر كاریگه‌ریی گۆرانییه ئینگلیزییه‌كان، بۆیه به شانازییه‌وه من یه‌كه‌م ئافره‌تی كوردم توانیم گۆرانی به زمانی ئینگلیزی تۆمار بكه‌م و بڵاوی بكه‌مه‌وه.
(باس‌نیوز): تاکوو ئێستا بیرت له‌وه نه‌كردووەته‌وه كه به شێوه‌ی دوێت گۆرانی بچڕی؟
نادیە یاسین: تاکوو ئێستا بیرم له دوێت نه‌كردووەته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوێت بكه‌م به دڵنیاییەوە هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و به‌توانامان زۆرن كه من حه‌ز به دوێت بكه‌م له‌گه‌ڵیان، بۆ نموونه هه‌ردی سه‌لامی و ڕێباز شه‌مامی و چه‌ندانی تر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوێت له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێك بكه‌م، مه‌رجه ده‌نگمان له‌گه‌ڵ یه‌ك گونجاو بێت.
(باس‌نیوز): به ده‌نگی كام له هونه‌رمه‌ندان سه‌رسامیت؟
به ده‌نگی زه‌كه‌ریا عه‌بدوڵا زۆر سه‌رسامم، چونكه به بۆچوونی من زه‌كه‌ریا توانیی شۆڕشێكی گه‌وه له هونه‌ری كوردیدا به‌رپا بكات و كارێكی جوان پێشکەش بکات، چ له بواری میوزیك چ له تێكسته‌كانی. هه‌روه‌ها ده‌نگی محه‌مه‌د ماملێ و ناسر ڕه‌زازیم زۆر پێ خۆشه، چونكه ده‌نگێكی ڕه‌سه‌نیان هه‌یه.
(باس‌نیوز): تۆ وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك هه‌ڵسه‌نگاندنت بۆ دۆخی ئێستای هونه‌ری كوردی چییه؟
نادیە یاسین: من هه‌رگیز ڕێگه به خۆم ناده‌م قسه له‌سه‌ر هونه‌ر و هیچ هونه‌رمه‌ندێك بكه‌م، به‌ڵكوو ئه‌وه كۆمه‌ڵگه‌یه كه بڕیار ده‌دات كێ هونه‌رمه‌نده و كێ خزمه‌ت به هونه‌ر ده‌كات، به‌ڵام به‌داخه‌وه كه‌سانێك به‌هۆی سه‌پۆرتی زۆره‌وه هاتوونه‌ته مه‌یدان به‌بێ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند بن و خۆیان كردووه به هونه‌رمه‌ند.
(باس‌نیوز): خه‌ون و ئاره‌زووت بۆ داهاتوو چییه؟
نادیە یاسین: من وه‌ك كچێكی هونه‌رمه‌ند یه‌كه‌م خه‌ونم ئه‌وه‌یه كه سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی گه‌وره ببینم و حكوومه‌تێكی به‌هێزیشمان هه‌بێت و خزمه‌ت به كوردایه‌تی بكات. خه‌ونیشم بۆ هونه‌ر ئه‌وه‌یه كه خۆم به‌رده‌وام بم له كاری هونه‌ری، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می كه‌میشم هه‌بێت، به‌ڵام كاری جوان و پوخت بكه‌م، خۆشحاڵیشم کە هێشتا گۆرانی و میوزیك له ماڵه‌كه‌مدا زیندووه. هه‌روه‌ها هه‌ستێكی زۆر خۆشم هه‌یه كه ده‌بینم دوای چه‌ند ساڵێك و دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند به‌رهه‌مێكم پێشكه‌ش كرد، هێشتا له یادی هه‌وادارانمدا ماوم، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات به‌رده‌وام بم و له داهاتوودا كاری باشتر و جوانتر پێشكه‌ش بكه‌م.