ئاڵۆزییەکانی ڕووسیا و ئۆکراینا.. ئەزموونێک بۆ ھەرێمی کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
فرسەت سەید شکور 25/02/2022

ئاڵۆزییەکانی ڕووسیا و ئۆکراینا.. ئەزموونێک بۆ ھەرێمی کوردستان

شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا گەیشتنە لوتکە

ئۆکراینا دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، لەو وڵاتە جیابووەوە و سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند، لەوكاتەوە ھەمیشە بە چاوی ركابەر لە یەکدییان دەڕوانی. بەشێکی زۆر لە ئۆکراینەکان ئارەزوویان لەو سەربەخۆییەیە کە ئێستا ھەیانە، شانازیی بە کولتوور و زمان و فەرھەنگی خۆیانەوە دەکەن و ھەمیشە دەیانەوێ لەو قاڵبە بێنە دەرەوە، کە وەک بەشێک لە "ڕووسیا"ی پێ ھەژمار دەکرێن.
ڕووسیا ھەرگیز ئەو حەز و ئارەزووانەی خۆی نەشاردووەتەوە، کە تایبەتن بە فراوانکردنی دەسەڵات و بەھێزکردنی پێگەی خۆی لەو دە وڵاتەی، کە پێشتر بەشێک بوون لە یەکێتیی سۆڤیەت.

ناتۆ وەک سەرەکیتیرین ھۆکار

ئۆکراینا لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ناتۆ پاڵپشتی و پشتگیریی ھەیە، زەمەنێکیشە ئەم دەوڵەتە ئاوات و ئامانجیەتی، کە بچێتە نێو یەکێتیی ئەوروپا، بۆ ئەمەش لۆبیی باشی بۆ ھەنە، بەڵام ڕێگریییەکانی ڕووسیا لەو ھەنگاوە، ئەو ئاواتەی ئۆکراینایان لاواز کرد.
ساڵی 2008، ناتۆ بڕیاری دا ئۆکراینا ببێتە بەشێک بە ڕێكخراوەکەیان، لە حوزەیرانی 2021 جەختیان لەو بڕیارە کردەوە و رایانگەیاند، "کیێڤ ئازادە لە بڕیارەکانی و مافی ئەندامیەتیی ناتۆی هەیە". ئەم قسانەی ئەندامانی ناتۆ ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕووسیای تووڕە دەکرد.

ئۆکراینا بە یەکێک لە وڵاتەکانی هاوپەیمانی ناتۆ دادەنرێت و ناتۆ دەیەوێت ئەو وڵاتە بکاتە یەکێک لە هاوپەیمانانی باکووری ئەتڵەسی. وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوە داوە، گۆڕینی وڵاتە دراوسێکانیان بۆ پردی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووسیا، واتە جێگیرکردنی هێزەکانی ناتۆ لەو ناوچانەی گرنگیی ستراتیژییان بۆ ئاسایشی ئەوان هەیە و بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت.

کاریگەرییەکانی ململانێکە لەسەر دۆخی ئابووری

بەردەوامیی دۆخی شەڕ، وەک هەڕەشە لە ئابووریی ئۆکراینا و وڵاتانی دیکە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا دێتە ھەژمار. ئاڵۆزییەکان بازاڕی وزەیان ناسەقامگیر کردووە و نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی بەرز کردووەتەوە، بەجۆرێک، خەڵک ناتوانن پێداویستییەکانی خۆیان بکڕن.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ھەریەکە لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بۆریس جۆنس، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بەتوندی دژی بڕیار و پێشڕەوییەکانی سوپای ڕووسیا وەستاونەتەوە، ئەمە جیا لەوەی، ھەریەکە لە ناتۆ و وڵاتانی (G7) یەکگرتوویی خۆیان بۆ دژوەستانەوەی داگیرکردنی ئۆکراینا دووپات کردووەتەوە. ئەمریکا بڕیاری داوە سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت، بەتایبەت لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە، دەوڵەتانی ھاوپەیمانی ئەمریکاش پاڵپشتیی سزاکانی ئەمریکا دەكەن.

لەگەڵ قووڵبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا، وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانن لەوەی، کە لەوانەیە کاریگەریی لەسەر کەرتی وزەی ئەوروپا دروست بکات. لەکاتێکدا وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و پۆڵەندا و فەرەنسا، نزیکەی لە 40%‏ی گازی سروشتی لە ڕووسیاوە هاوردە دەکەن.

تەشەنەکردنی ڤایرۆسی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنیش بەشێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، جگە لە دابه‌زینی قه‌باره‌ی نه‌وتی كۆگاكراوی ئه‌مه‌ریكا، کە تەنیا له‌م هه‌فته‌یه‌دا زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل دابه‌زیوە.

ئۆکراینا نەک بۆ ڕووسیا، بۆ ھەموو جیھان گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی ھەیە. گرنگیی ئۆکراینا دەگەڕێتەوە بۆ (یەکەمین یەدەگی نەوتی، یەدەگی تیتانۆمی خاو، یەدەگی مەنگەنیز، یەدەگی ئاسنی خاو، یەدەگی جیوەی خاو، خاکی کشتوکاڵیی بەھێز، ھەناردەکردنی زەیت، ھەناردەکردنی جۆ-سەرچاوەی گەنمەشامی-بەرھەمھێنەری پەتاتە-بەرھەمھێنەری ھەنگوین-ھەناردەکردنی گەنم-بەرھەمھێنانی ھێلکە، ھەناردەی پەنیر، وزەی ئەتۆمی، درێژیی ھێڵی ئاسنین،خۆڵ بۆ فرۆشتن). ئەم ھۆکارانە وایان کردووە، کە نەک ڕووسیا، تەواوی ڕۆژئاواش چاویان لە گرنگیی ئۆکراینا بێت، بەتایبەت كە ئۆکراینا یەکەم گەورەترین وڵاتی ئەوروپایە، تەنانەت لە فەرەنساش گەورەترە و لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگە بۆ ئابووری و سیاسەت و سەربازی و گۆڕانکارییە جیھانییەکان.

دۆنێتسک و لوھانسک

دوای ئەوەی ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، بڕیاری دا سەربەخۆیی بداتە هەردوو هەرێمی دۆنێتسک و لوهانسک، ئەم دوو شوێنە ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگن بۆ ڕووسیا و ئۆكرایناش، ئەم دوو ناوچەیە زۆربەی دانیشتووانەکەیان ڕووسین و ئارەزوویان بە جیابوونەوەیە لە ئۆکراینا. ڕووسیا، حکوومەتی ئۆکراینا بە ھەوڵدان بۆ سڕینەی کولتوور و فەرھەنگی ئەو دوو ناوچەیە تۆمەتبار دەکات. پێیان وایە ئۆکراینا جینۆسایدی لەو دوو ھەرێمە ئەنجام داوە، ڕەنگە ئەمە بۆ ئەو خەڵکی ئەو ناوچانەش بێزارکەر نەبێت، چونکە بەشێکی زۆر لە ڕووسەکانی نێو ئۆکراینا، ئارەزووی گەڕانەوەی دەسەڵاتی ڕووسیا دەکەن، حکوومەتی ڕووسیا پێی وایە؛ دەکرا ئۆکراینا ئۆتۆنۆمی بەو دوو ھەرێمە بدایە، لەبری ئەوەی دژایەتی و ڕک بەرامبەر ئەم شوێنانە بچێنێت.

کورد چۆن سوود لەم دۆخەی ئۆکراینا وەربگرێت؟

پێش ئەوەی ئۆکراینا بەتەواوی شەڕ بەرۆکی بگرێت، وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتیش ئەمریکا، ھەڕەشەی توند و بەھێزیان لە ڕووسەکان دەکرد. بایدن لەدوایین پەیامی ئەوەی ڕاگەیاند: ”کە شەڕ لەگەڵ ئۆکراینا، واتای شەڕە لەگەڵ ئەمریکا“.
کەچی پەیتا پەیتا ڕووسیا لە کۆنتڕۆڵکردنی ئۆکراینا نزیک دەبێتەوە، نە ئەمریکا و نە وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاواش، جگە لە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و باسکردنی کۆمەڵێک سزا، کە ڕەنگە ڕووسیا خۆی بۆ ئامادە کردبێت، ھیچی دیکە نەبووە.
زینلیسکی، سەرۆکی ئۆکراینایش ئەوەی ڕاگەیاند: ”کە بەجێیان ھێشتووین و گەر وڵات ھاوکارمان نەبن، شەڕ دەچێتە گەڕەكەکانی ئەوانیش“، لێرەدا سەرۆکەکەی ئۆکراینا مەبەستی وڵاتانی ڕۆژئاوایە.

کورد ئەزموونی تاڵ و ناخۆشی لە بێھەڵویستیی زلھێزەکان ھەیە، ھەر لە قۆناغی دوای ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە 1946 و دواتر پیلانی دژب ە شۆڕشی ئەیلوول و پاشان لە ئەنفال و کیمیابارانی کورد لەناوەڕاستی ھەشتاکان، دواتریش لە ڕیفراندۆم و داگیرکردنی کەرکووک لە ساڵی 2017.
ئەمانە دەرخەری ئەوەن، کە زلھێزەکانی دونیا، لەسەرووی ھەمووشیانەوە ئەمریکا، بە سیاسەتی بەرژەوەندی کار دەکات. بەرژەوەندیی لە ھەر شوێنێک بێت، لەوێ دەمێنێتەوە، ھەر کە لاوازیش بوو، لێی دەکشێتەوە، بێ گوێدانە ماف و داواکارییەکانیان.

بەشێوەیەکی لۆژیکی، دۆخی ھەرێمی کوردستان لەنێوان ھەبوون و مەترسیی نەبووندایە، کورد ئێستا لە ھەموو کات زیاتر پێویستی بە تۆکمه‌کردنی ئه‌زموونی ئێستای هه‌رێم له‌ناوه‌وه‌ هەیە، جگە لەمە جێگرەوەیەکی دیکەی نییە. هه‌رێمی كوردستان، پاڵپشت بە جیۆپۆلەتیک و به‌ بوونی ئه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌ی لە ڕووی ئابوورییەوە ھەیەتی، بووەتە‌ پێویستییەکی ئێستای مرۆڤایەتی، بەڵام ڕەنگە بۆ ھەمیشە نەتوانێت‌ خۆی دوور رابگرێت له‌و ناكۆكی و ململانێیانه‌ی له‌سه‌ر غازی سروشتی هه‌ن و لەداهاتوودا زیاتر ده‌بن.

بۆیە بوونی سیاسەتێکی بەھێزی ئابووری و پێداچوونەوەی بەردەوام بە کەموکوڕییەکان، دەکرێت ھۆکارێک بێت بۆ بەھێزیی قەوارەکە، ئەمە جیالەوەی، ھەوڵدان بۆ یەکگرتوویی و ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد لەنێو ئەم ھەموو کێشمەکێشم و ئالنگارییە سیاسی و سەربازییەی ئێستا، زامنێکی باشتری قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەکات، چونکە لە یادمان نەچێت، ئەگەرچی دۆخی ڕووسیا و ئۆکراینا جودایە، بەڵام لەشکرکێشییەکانی ڕووسیا شەرعیەتی ناڕەوا دەداتە بەشێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە، کە دەیان ساڵە چاویان لە کوردستان و ناوچە ستراتیژییەکەیەتی، بەتایبەت عێراق و تورکیا و ئێران، کە ھەر بیانوویەکیان لەدەستدا بێت، ھەلی فراوانکردن و ھەژموون و پێگەی خۆیان لە ناوچەکە لەدەست نادەن.
تورکیا بە ئارمانجی گەڕانەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی و عێراق بە ناوی دادگا و یاساوە، ئەو سیاسەتەیە نە دەشارنەوە و نە لەبیری دەکەن!
بەڵام ھەروەک باسمان کرد؛ بەھێزی و یەکگرتوویی کورد و خوێندنەوەیەکی سیاسیی قووڵ، پاڵپشت بە ھێزی پێشمەرگە و ئیرادەی خەڵک، دەتوانێت لەبەردەم ھەموو ئەو ئالنگارییانە بوەستێتەوە.