شێف سۆزان: سه‌ره‌تاى كاركردنم سه‌خت بوو و خه‌ڵك زۆر قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كردم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

شێف سۆزان: سه‌ره‌تاى كاركردنم سه‌خت بوو و خه‌ڵك زۆر قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كردم

''ئێستا لە چێشتخانەیەکی پێنج ئەستێرە شێفم''

سۆزان عوسمان مەحموود کە تەمەنی 33 ساڵە، لە ساڵی 2011دا بۆ یەکەم جار دەستی بە دروستکردنی خواردن کردووە و وەک شێف کاری کردووە، هەموو خواردنێکی کولتوورییشى ئامادە کردووە.

ئەم خاتوونە شێفە باسی لەوە کرد کە سەرەتای دەستپێکردنی زۆر قورس بووە و بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''سەرەتای کارکردنم زۆر قورس و سەخت بوو، خەڵک زۆر قسەیان لەسەر دەکردم، چونکە ئافرەت زۆر بە کەمی لە دەرەوە و لە شوێنی کاری خۆی وەکوو شێف خواردنی ئامادە دەکرد، ڕەخنەم زۆر لێ دەگیرا لەلایەن خانمانەوە، بەڵام من گوێم بە قسەی خەڵک و کۆمەڵگا نەدا، بەردەوام بووم لە کاری خۆم و کارەکەم زیاتر بەرەوپێشەوە برد، زیاتر ناسرام و زیاتر چاوی ئافرەتانم کردەوە کە ئەمە پیشەی ئافرەتانە و دەبێت ئەم پیشەیە ئافرەت بەڕێوەی بەرێت''.

سۆزان زیاتر گوتی: "لە سەرەتاوە لە چێشتخانەی کولتووری دەستم پێکرد کە هەموو خواردنەکانمان کولتووری بوون، ئافرەت و پیاو سەردانی ئەم خواردنگەیان دەکرد، کەسانی بیانییش زۆر سەردانیان دەکردین، لەبەر ئەوەی شوێنێکی کولتووری بوو، خواردنمان بە ئاگری دار دروست دەکرد، دوای چوار ساڵ کارکرنم لەم چێشتخانە کولتوورییە، لەبەر باری دارایی چێشتخانەکەم داخست''.

ئەم خاتوونە شێفە زیاتر ڕوونی کردەوە: ''ئێستا لە چێشتخانەیەکی پێنج ئەستێرە شێفم، خەڵکانی دەرەوەش داوای خواردنم لێ دەکەن، بۆیان دروست دەکەم و بۆیان دەنێرم، جگە لە خواردن، خواردنەوە گەرم و ساردەکانیش دروست دەکەم و دیزایینیش بۆ خواردن دەکەم''.

شێف سۆزان گوتیشی: "ئەوەی جێگه‌ی داخە، ئەوەیە کە ئێستا به‌شێك له‌ خواردنگە و ڕێستۆرانته‌كان، هەموو خواردنەکانیان دووبارەن و وه‌ك یه‌كن، تەنیا بۆ پارەپەیداکردن کراونەتەوە و لە هەمووی گرنگتر، پاک و خاوین نین و ئاگایان لە تەندروستیی هاووڵاتییان نییە، بەڵام ئەوەی جێگه‌ی خۆشحاڵیی منە، ئەوەیە کە ویژدانم ئاسوودە کردووە و پاکوخاوێنی دەپارێزم و بە ویژدانەوە خواردن پێشکەش دەکەم، هەتا ئێستا کە خواردنم دروست کردبێت، تەندروستیی هیج کەسێکی پێ تێک نەچووە''.

لە کۆتاییدا گوتی: ''هیوادارم خانمان زۆر گرنگی بەم بوارە بدەن، ‌چونکە پیشەی خانمانە و ئەوان زیاتر دەتوانن تام و بۆن بە خواردن بدەن، چونکە كارى خۆمانە، خواردن وەکوو منداڵ وایە، دەبێت نازی بکێشیت و ئاگات لێی بێت، بە تاقەت و بە حەزەوە دروستی بکەیت، ناکرێت هەر کەسێک دوو جۆر شت تێکەڵ بکات و بڵێ من شێفم و خواردن دروست دەکەم، چونكه‌ دروستکردنی خواردن شێوە و جۆری لێنانی خۆی هەیە''.