یەكێتی بەدوای چیدا وێڵە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەرمن ئەحمەد 09/02/2022

یەكێتی بەدوای چیدا وێڵە؟

هەندێ كه‌س تەنیا ده‌یانه‌وێت خۆیان بكەن به‌ پاڵه‌وانی میدیاكان و وەك شێرە بەفرینە! بناسرێن له‌نێو كۆمه‌ڵگادا، بۆیە هه‌رچی به‌ ده‌میاندا بێت، بێ بیركردنه‌وه‌ ده‌یڵێن و ده‌ینووسن، ئیدی هیچ به‌لایانەوە گرنگ نییه‌ ڕاستی له‌ زانیارییه‌كانیاندا هه‌بێت یان نا، بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌ گرنگه‌ قەڵه‌مه‌كه‌یان پاره‌ بكات و لەنێو حزبەكەیاندا خۆیان بەرنە پێش ئەمە بە لێكدانەوە و حساباتی خۆیان بێگومان.

بۆ نموونه، لەنێو نه‌یارانی پارتی دیموكراتی كوردستان شرۆڤه‌كاری نادروست و كورتبین و ئاوەز داخراو پەیدا بوون،‌ ئەگه‌ر پارتی ئه‌ستێره‌یان له‌ ئاسمانه‌وه‌ بۆ بهێنێته‌ خواره‌وه‌، لای ئه‌وان هیچ گرنگ نییه، هه‌ر بڕیاری پێشوەختەی خۆیان و ئه‌و قسە سواوانە دەكەنەوە كە ساڵانێكە له‌ مێشك و زینی خۆیاندا وەك كۆنە ئاوازێك دەیڵێن و دەیڵێنەوە، ئیدی نە واقیع و گۆڕانكارییەكان دەبینن، نە ئامادەن شتێكی تازە و جیاواز لەو كۆنە ئاوازە ببیستن.

ئاخر حزبێكی خاوەن حەفتا و شەش ساڵ تەمەن و ئەزموون و خەباتی وەكوو پارتی، به‌بێ هیچ هاوپه‌یمانێتییه‌ك و پشتیوان بە دەنگدەرانی خۆی و خەڵكی كوردستان، له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا 33 كورسیی به‌ده‌ست هێناوه‌ گەرچی دواتر بە غەدر و فێڵ دوو كورسیی لێ زەوت كرا، ئەم حزبە زۆر لەو قسە سواوانەی ئەو بەناو شرۆڤەكارانە! گەورەترە، كەچی هێشتا دەیانەوێ خەڵك باوەڕ بەو قسانەیان بكات.

تەنیا ئەگه‌ر گوێ لە سیاسییە باڵاكانی عێراقیش بگرین، كە زۆربەیان نەیاری پارتی و كورد و كوردستانن و لە چەندین قۆناغی سیاسییدا ململانێی سەختیان لەگەڵ پارتی و سەرۆك بارزانیدا هەبووە، بەڵام سەرنج بدەن و گوێ بگرن كە چەند بە رێز و شكۆوە باس لە پێگە و هێز و بڕیار و جووڵە و بزاڤی سەرۆك بارزانی و پارتی دەكەن، كەچی ئەم بەناو شرۆڤەكار و چاودێرانەی! كوردستان، تا ئێستاش لەسەر ئەو باوەڕ و عەقڵەن كە بتوانن پێگه‌ی پارتی و سەرۆك بارزانی له‌ عێراق و كوردستان كه‌م بكه‌نه‌وه،‌ سەیر لەوەدایە رۆژ دێ و دەڕوات، خۆیان و حزبەكانیان، بەردەوام پێگەیان لاواز دەبێ و پارتییش هەر بەهێزتر دەبێ. هەندێك لەو حزبانەی بەردەوام دژایەتیی پارتییان كرد هەر نەمان و توانەوە، هەندێكیان ئەگەر ئاغاكانیان نەبێ، بە چوار رۆژ وەك بەفری بەر هەتاو دەتوێنەوە.

ئه‌وه‌ی جێی پێكه‌نینه،‌ شرۆڤەكار و چاودێر و سیاسییه‌كانی یەكێتی! له‌ سه‌روبه‌ندی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵیی عێراق، به‌ ڕاگرتنی رێوشوێنی به‌ربژێریی هۆشیار زێباری بە شێوەیەكی كاتی، كە بەربژێری پارتییە بۆ پۆستی سەركۆمار، بڕیاری پارتی به‌ هه‌ڵه!‌ له‌ قه‌ڵه‌‌م ده‌ده‌ن، به‌ڵام به‌ربژێره‌كه‌ی خۆیان، كه‌ ئه‌و هه‌موو سەرنج و تێبینییەی‌ له‌سه‌ره و هیچی بۆ كورد و كوردستان و عێراقیش نەكردووە،‌ هه‌ڵه‌ نییه.

له‌ هه‌مان كاتیشدا هەر سیاسییەكانی یەكێتی ده‌ڵێن: ”ئەگه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق بكشێته‌وه، ئه‌وا مه‌ترسی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌بێت و چاره‌نووسی 200 ملیار دیناره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه!‌“ سەیرە له‌ لایه‌ك خۆیان له‌ به‌رپرسیارێتی ده‌رداوێن، له‌ لایه‌كی دیكەشەوە خۆیان ده‌كه‌ن به‌ خاوه‌نی ده‌ستكه‌وته‌ باڵاكان.

هەموو هەڵبژاردنێك ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌بێته‌ مۆته‌كه‌ بۆ كورد، پێداگریی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌ر پۆستی سه‌ركۆمار، بەبێ بەدەستهێنانی ژمارەیەكی ماقووڵ لە كورسیی پەرلەمانی و بەبێ ئەوەی شایستەبەشی خۆی بێت، پێمان ده‌ڵێت، كه‌ یەكێتی حزبێكە، فڕی بە دیموكراسیتەوە نیە، رێزیشی لێ ناگرێت و هەرچی ئەو حزبە و سیاسییەكانی و شرۆڤەكارەكانی دەیڵێن لەبارەی دیموكراسییەتەوە، درۆیەكی رووتە.

پێداگریی یەكێتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەركۆمار، هەروەها پێمان دەڵێت، یەكێتی حزبێكە، هیچ بەرژەوەندییەكی نەتەوەیی و نیشتمانی لەبەرچاو ناگرێت، بەخەیاڵیدا نایەت كورد و كوردستان بەرەو چ ئاقارێك دەڕۆن، ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان لای یەكێتی هیچ بایەخ و بەهایەكی نیە، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئەوەیە كە پۆستی سه‌ركۆماریان لا بمێنێته‌وه،‌ ئاڵۆزی و قه‌یرانه‌كان به‌ چ ئاقارێكدا بڕۆن نابێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ واز له‌ به‌ربژێره‌كه‌یان بێنن، بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌ گرنگه،‌ كه‌ یوسفی ونبوو چاوی به‌ كه‌نعان نه‌كه‌وێتەوە.

یەكێتی تەنانەت لە خەمی مێژوو و ئایندەی خۆشیدا نیە، بۆ یەك جاریش بیر لە بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەم نەتەوەیە ناكاتەوە، ئاگای لەوە نیە كە سبەی مێژووی ئەم رۆژانەی چۆن دەنووسێتەوە! یەكێتی و بەربژێرەكە تەنیا بیر لە ئیمتیازە داراییەكانی پۆستی سەركۆمار دەكەنەوە، لە چەندنی ساڵی رابردوودا، تەنانەت ستراتیژ و پلانێكی بۆ ئەوە نەبووە كە ئاخۆ ئەم پۆستە چۆن لە بەرژەوەندیی كورد و هەرێمی كوردستاندا وەسوود بێنێ، تەنانەت پارێزگاریی لە دەستووری عێراقی نەكردووە كە بە دەیان جار پێشێل كراوە و زۆبەی جاریش لە دژی كورد پیشێل كراوە.

دیارە نە پرۆسەی دیموكراسی و نە هاوپەیمانیەكان و نە عورفی سیاسیی باوی عێراق و نە ژمارە و ماتماتیكیش، حەق بە یەكێتی نادات پۆستی سەركۆماری عێراق وەربگرێت، نەخاسمە ئەگەر ئەوە بزانین كە پارتی خاوەنی ٣١ كورسیی پەرلەمانە و پۆستەكەش بۆ پێكهاتەی كوردە نەك بۆ حزبێكی دیاریكراو. ئێستا دۆخەكە ئاوهایە، یەكێتی ئەو پۆستە وەربگرێت، كێشە و كارەساتەكان و قەیرانەكان، لە عێراقدا كۆتایی نایە، بە هیچ شێوەیەكیش لە بەرژەوەندیی كورد و كوردستاندا نابێ، بەڵام بۆچی یەكێتی هەر پێداگرە لەسەر ئەو پۆستە و ئەو بەربژێرە؟ ئەمەیان ئایندە زۆر جوان بۆمان روون دەكاتەوە و ئەوكات دەستەوارە نهێنییەكانیش ئاشكرا دەبن.