كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

هونەرمەندێکی کورد لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد

هونەرمەندێکی ناسراوی کورد لە شاری لۆس ئەنجلس لە ولایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا، بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد، كه‌ لە بواری شێوەکاری و پەیکەرتاشیدا کەسێکی ناسراو و دیار بوو.

زوهدی سەردار، هونەرمەندی کورد، توانیویەتی  بە توانا و لێهاتوویی خۆی بگاتە هۆلیوود و دەیان ساڵ لەگەڵ کەناڵی هەواڵیی (NBC) لە نزیکەوە کاری کرد.

زوهدی سەردار، رازێنەرەوەی سەکۆی بەرنامە بەناوبانگەکانی (Stage Designer) و بەرنامەکانی (Tonight Show)ی جانی کارسن بوو، (Showman) بە ناوبانگی ئەمه‌ریکا کە ساڵانی پاشتر هەمان بەرنامەی بە ناوی Tonight Showی بەرێوە دەبرد، ئێستا خاوەنی زیاتر لە 50 تابلۆی ئەم هونەرمەندە کوردەیە.

زوهدی جیا لە شێوەکاریی پەیکەرسازی، خاوەنی چەند پەرتووك و هۆنراوەیەکیشە بە زمانی ئینگلیزی. کۆی بەرهەمەکانی زوهدی سەرداری هونەرمەند بە گشتیی ناوەرۆکی مرۆڤایەتی هەبوو، لەم بەستێنەدا لە رێگای کارەکانیەوە هەوڵی دەدا خەبات بۆ ئازادی و ئێش و ئازارەکانی کوردستان لە رێگای پەرتووك و کردنەوەی دەیان پیشانگا بکاتەوە و دۆزی کورد بە ئەمه‌ریکی و بیانییەکان بناسێنێت.

زوهدی سەردار لە 15-9-1939، لە شاری سلێمانی لە دایك بووە. دواتر زانکۆی هونەرە جوانەکانی لە بەغدا تەواو کردووە و ماوەیەك وەك مامۆستای هونەر کاری کردووە.

ئەم هونەرمەندە کوردە، ساڵی 1964 چووه‌ته‌ ئەمه‌ریکا، پاش دوو ساڵ مانەوە لەو وڵاته‌، بۆ درێژەدان به‌ خوێندن چووه‌تە فەره‌نسا و لە ئه‌کادیمیای هونەری پاریس، بڕوانامەی بەرزی لە بوارەکەی خۆیدا بەدەست هێناوە.

زوهدی سەرداری هونەرمەند، ساڵی 1968 گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئەمه‌ریکا و لە بواری سینەما و کاری تەلەڤزیۆنی و لە بەشی هونەریدا دەستی بە کار و چالاکی كردووه‌.

سەردار دوو جار ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و بەرهەمی ئەو ژیانەش دوو منداڵە بە ناوەکانی کامەران و گیان، کە ئێستا لە شاری لۆس ئه‌نجلس دەژین.